ئامێرە هەمەجۆرەکان 24, نیسان 2026

مایکی بێتەلی DJI Mic Mini 2 بە فرەڕەنگی و دوو ئاستی لابردنی ژاوەژاوەوە بە فەرمی ڕاگەیەندرا

بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی پڕۆفیشناڵ و ڕێکلام بۆ پلاتفۆرمەکانی وەک ئینستەگرام، تیکتۆک و یوتیوب، پێویستی بە دەنگێکی پاک و بێخەوش هەیە. بۆ گرتنی دیمەنی سەرنجڕاکێش بە کوالێتی بەرز، بەتایبەت کاتێک پشت بە کامێرایەکی پێشکەوتووی وەک Sony ZV-E1 دەبەسترێت، کێشەی زۆری کەرەستە و قورسیی ئامێرەکانی دەنگ هەمیشە ئاستەنگ بووە. بەڵام کۆمپانیای DJI بە بێدەنگی و پێش وادەی چاوەڕوانکراو، مایکڕۆفۆنی DJI Mic Mini 2ی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی پێشکەشکردنی کوالێتییەکی بەرزە لە قەبارەیەکی زۆر بچووک و نرخێکی باوەڕپێنەکراودا.

ئەم مایکڕۆفۆنە نوێیە تەنها نوێکردنەوەیەکی سادە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئاست بەرزی لە مایکڕۆفۆنە گرانبەهاکەی پێشتری DJI Mic 3 وەرگرتووە و خستوویەتییە ناو پاکێجێکەوە کە گونجاوە بۆ ڤڵۆگەران و دروستکەرانی ناوەڕۆک.

دیزاینێکی دڵڕفێن و ڕەنگاوڕەنگ

یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی Mic Mini 2، وازهێنانە لە دیزاینە باوەکان. ئامێرەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی ڕەنگێکی بێلایەنی هەیە، بەڵام بەرگێکی موگناتیسی (Magnetic Faceplate) لە پێشەوەی هەیە کە دەتوانرێت بگۆڕدرێت. DJI دە جۆر ڕەنگی جیاوازی بۆ ئەم بەرگە دابین کردووە کە لە پەمەیی و زەردەوە بگرە تا دەگاتە مۆر و شین لەخۆی دەگرن، کە وا دەکات مایکەکە لەسەر جلوبەرگ تێکەڵ بێت یان بەپێی ئارەزووی بەکارهێنەر دەربکەوێت.

کوالێتی دەنگ و تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان

Screenshot

لە ڕووی تواناوە، ئامێرەکە پشتگیری لە تۆمارکردنی دەنگ دەکات بە کوالێتی 48 kHz و 24-bit، لەگەڵ بوونی تەکنەلۆژیای دژەتێکچوونی دەنگ (Anti-clipping) و سیستەمی لابردنی ژاوەژاو (Noise Cancellation) بە دوو ئاستی جیاواز. واتا ئاستێکی زیاترە لە نەوەی پێشتر.

هەروەها، DJI سێ پڕۆفایلی دەنگی پێشکەوتووی (Normal, Bright, Rich Tone) لە مۆدێلی Mic 3ـەوە گواستووەتەوە بۆ ئەم مۆدێلە، کە ڕێگە دەدات بەبێ دەستکاریکردن لە کاتی مۆنتاژدا، تۆنی دەنگەکە ڕێکبخرێت. هەرچەندە تایبەتمەندییە زۆر پڕۆفیشناڵەکانی وەک بیرگەی ناوەکی (Internal Memory) و 32-bit float بۆ مۆدێلە گرانترەکان هێڵراونەتەوە، بەڵام بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانە و سۆشیاڵ میدیا، ئەم مایکە ئەنجامێکی نایابی هەیە. ئەمە هەرچەندە لە ئێستادا DJI ڕیکلام بۆ مۆدێلی Mic Mini 2S دەکات و دەڵێت بیرگەی ناوخۆیی هەیە هاوشێوەی Mic 3.

تەمەنی پاتری و خێرایی بارگاویکردنەوە

قەبارەی بچووک کاریگەری نەرێنی نەکردووەتە سەر پاترییەکەی. Transmitterـەکەی دەتوانێت بۆ ماوەی ١١.٥ کاتژمێر کار بکات، و وە Receiverـەکەی نزیکەی ١٠.٥ کاتژمێر بەرگە دەگرێت. ئەگەر کەیسی بارگاویکردنەوەکەشی لەگەڵدا بێت، تێکڕای کاتی کارکردن دەگاتە ٤٨ کاتژمێر. هەروەها کاتی بارگاویکردنەوەی ئامێرەکە بەراورد بە نەوەی پێشوو ٢٠ خولەک کەمکراوەتەوە.

نرخی چۆنە؟

هەژەندە گەورەکەی DJI لەم بەرهەمەدا نرخەکەیەتی. کۆمپانیاکە بەشێوەیەکی بەرچاو نرخەکانی کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕکابەری مایکەکانی وەک Hollyland Lark M2 و Rode Wireless Micro بکات:

  • کڕینی تەنها یەک Transmitter لە نزیکەی ٣٣ یۆرۆوە دەست پێدەکات.

  • پاکێجی بنەڕەتی (١ ترانزمیتەر + ١ رسیڤەر) بە ٥٩ یۆرۆیە.

  • پاکێجی مامناوەند کە تایبەتە بە مۆبایل (٢ ترانزمیتەر + ١ ڕسیڤەری مۆبایل + کەیسی بارگاویکردنەوە) بە ٧٩ یۆرۆیە.

  • بەرزترین پاکێج (٢ ترانزمیتەر + ١ رسیڤەری ئاسایی + کەیس + هەر ١٠ ڕەنگە جیاوازەکەی بەرگەکەی) تەنها ٩٩ یۆرۆیە، لە کاتێکدا نەوەی پێشوو بە ١٦٩ یۆرۆ بوو!.

کەی بەردەست دەبێت؟

بڕیارە لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦ بەدواوە بە فەرمی لە بازاڕەکانی جیهاندا، بەتایبەت ئەوروپا و ئاسیا، بەردەست بێت. بەڵام بەهۆی هەندێک کێشەی یاسایی و ڕێکخستنەوە، پێدەچێت بڵاوکردنەوەی ئەم ئامێرە لە بازاڕەکانی ئەمریکادا دوابکەوێت یان بە فەرمی بەردەست نەبێت، هاوشێوەی ئەوەی بەسەر کامێرای Osmo Pocket 4ـدا هات.

بە گشتی، DJI Mic Mini 2 هەڵبژاردەیەکی ژیرانەیە بۆ هەر کەسێک کە دەیەوێت بە تێچوویەکی کەم، دەنگێکی پڕۆفیشناڵ بۆ ڤیدیۆکانی مسۆگەر بکات.

تاگەکان DJI MicMini2
بۆچونی تۆ