10
بابەتی گرینگ 10, تشرینی یه‌كه‌م 2015

چوارەمیین ساڵیادی دامەزراندنی ماڵپەڕ پیرۆزبێت

5

لەڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و لە ١٠\١٠\٢٠١١ ماڵپەڕی تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی دامەزرا و بەجۆش و خرۆشێکی زۆرەوە دەستمان بەکارەکانمان کرد. هەر بەم بۆنەیەوە ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێرێن بەبۆنەی تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر تەمەنی ماڵپەڕە خۆشەویستەکەمان ماڵپەڕی تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی. سوپاس بۆ خوا لەماوەی ڕابردوو بەو پەڕی توانا هەوڵی تەواوی بڵاوکردنەوەی زانیارییە تەکنەلۆژییەکانمان داوە و بە دروشمی وردترین و نوێترین و خێراترین ڕووماڵی هەواڵ و بابەتە تەکنەلۆژییەکانمان کردووە.

ماڵپەری کەی ئای تی ئێن کە کورتکراوەی تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردییە ئەو ماڵپەڕە کوردییە بوو کە چوارساڵ لەمەوبەر لەژێر دەستی چەند گەنجێکی بەهرەمەند دامەزرا و هەر لەوڕۆژەوە بێ وچان و بەهاوکاری هاوڕێ جێ پەنجە دیارەکان لە خەباتداین و ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر جەختمان لە باشترکردن و بەرەوپێشبردنی ماڵپەڕەکەمان کردووەتەوە و وەکو لای هەمووان ئاشکرایە بە بەرزترین ئەتەکێتی ڕۆژنامەوانی کارەکانمان ئەنجامدەدەین و گرنگترینیشیان برەودانە بە زمانە خۆشەویستەکەمان لە بوارەکەدا و فەرامۆش نەکردنیەتی. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بەبێ پشت بەستن بەسەرچاوە دروستەکان و دڵنیاکردنەوە لە ڕاستی و دروستی هەواڵ و بابەتەکان هەرگیزا و هەرگیز شتێکمان بڵاونەکردووەتەوە.

کەی ئای تی ئێن، تا ئێستاش لەلایەن چەند گەنجێکی خۆبەخش بەڕێوە دەچێت و ئەمڕۆ دەیانەوێت بە دروشمی خۆڕاگری پەیمانی بەردەوامی خۆبەخشییەکەیان بۆ ئێوە نوێبکەنەوە!

لێرەوە دەمانەوێت سوپاس و پێ زانینی خۆمان ئاراستەی یەکە بەیەکەی ئەو هاوڕێ نوسەر و خۆبەخشانە بکەین کە لەماوەی ڕابردوو بەردەوام یارمەتیان داوین و هەروەها سوپاسی میوان و هاندەرە خۆشەویستەکانمان دەکەین کە بەردەوام سەرەنج و تێبینی خۆیان بۆ ئێمە و بەهۆیەوە ئێمە زیاتر و زیاتر بەرەوپێشڤەچووین.

لەکۆتایدا، دەمانەوێت دووبارە پیرۆزباییەکەی گەرم لەخۆمان و نوسەرەکانمان و ئێوەش بکەین.

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن
١٠\١٠\٢٠١٥

تاگەکان Anniversary ساڵیاد
بۆچونی تۆ