بابەتی گرینگ
9, ئازار 2016
سبەی یەکەمین کۆبوونەوەی گرووپی گەشەپێدەرانی گوگڵ لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

دوای دووساڵ لە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی، لە کۆتاییدا گروپی گەشەپێدەرانی گوگڵ لە هەولێر دامەزرا.
گروپی گەشەپێدەرانی گوگڵ (GDG) گروپێکی جیهانییە و لە بەشێکی شارەکان و لە ٩٥ وڵاتدا لقی تایبەت بە خۆی هەیە و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە لایەن خودی کۆمپانیای گوگڵەوە ڕێنمایی دەکرێت.
گرووپی گەشەپێدەرانی گوگڵ لە هەولێر (GDG Erbil) بە گشتی پێک دێت لەو پڕۆگرامسازانەی کە ئارەزووی فێربوونی تەکنەلۆژیا نوێیەکانی جیهان دەکەن و ئامادەن کەسانی تر فێر بکەن، گرووپەکەش مانگی جارێک یان دوو جار کۆدەبێتەوە.
شایەنی باسە گروپەکە سەربەخۆیە و لەلایەن کۆمەڵێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە خولیای تەکنەلۆژیای سەردەمن، چالاکی و ڕا و بۆچوونەکانی ئەم گروپە بە هیچ جۆرێک پەیوەند نییە بە کۆمپانیای گووگڵەوە.
وا بڕیاریشە سبەی پێنجشەممە (١٠/٣) گروپەکە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات لە شاری هەولێر و لە زانکۆی کوردستان، کۆبوونەوەکە کاتژمێر ٥:٣٠ ی ئێوارە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر بەردەوام دەبێت.
کۆبوونەوەکەش لە دوو بەش پێکدێت:
بەشی یەکەم: دەربارەیەک لەسەر گروپەکە و باسکردنی ئامانج و هۆکاری دروستبوونی ئەم گروپە.
بەشی دووەم: وانەیەک پێشکەش دەکرێت لەژێر ناونیشانی “دەربارەیەک لەسەر دروستکردنی ئێکستێنشنی گووگڵ کرۆم” کە لە لایەن ” ئارام سەلیم “ دەوترێتەوە کە شارەزاییەکی باشی هەیە لەم بوارەدا.
لە ئێستادا جێگا بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی یەکەم نەماوە و وەرگرتنی فۆڕم داخراوە.
ئەنەس هاوار
هەوڵدەدەم بۆ باشترکردنی ڕەوشی تەکنەلۆژیا لەکوردستان و هۆشیارکردنەوەی خەڵکیی لەڕێگەی هەواڵ و زانیاری تەکنەلۆژیی.