10
ئەندرۆید 2, ئاب 2016

کۆنگرەکەی سامسۆنگ بەڕێوەچوو، زانیاری تەواو بخوێنەوە!

Samsung7-Kitn

ئەمڕۆ کاتژمێر ٦ ی ئێوارە کۆمپانیای سامسۆنگ لە کۆنگرەیەکی تایبەتدا لە ویلایەتی نیویۆرک چەند بەرهەمێکی نوێی ڕاگەیاند. یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکان ڕاگەیاندنی نەوەی نوێی گالاکسی نۆت بوو بە ناوی گالاکسی نۆت حەوت بە چەند تایبەتمەندییەکی نوێ و شێوەیەکی جیاواز لەوانەی پێشوو ئەویش بە هەبوونی شاشەیەکی دوو لای چەماوەیی. جگە لە ڕاگەیاندنی نۆت حەوت، لە کۆنگرەکەدا جۆرێکی نوێی ئامێری Gear VR ڕاگەیاندرا بە تایبەتمەندی زیاتر، هەروەها جگە لەمەش باس لە خزمەتگوزاری و تایبەتمەندییەکانی ئەپی S Health کرا.

  • Galaxy Note 7

Note7Image

لەکۆتاییدا و دوای چاوەڕوانییەکی زۆر و بڵاوبوونەوەی چەندەها زانیاری دزەپێکراو، نۆت حەوت بە فەرمی ڕاگەیاندرا! کۆمپانیای سامسۆنگ دوای ئەوەی ساڵی پار و هەر لە مانگی هەشتدا مۆبایلی نۆت پێنجی ڕاگەیاند، بۆ ئەمساڵ ژمارەیەکی تێپەڕدا و لە پێنجەوە هاتە سەر ڕاگەیاندنی گالاکسی نۆت حەوت. لە ساڵی ٢٠١٤ سامسۆنگ مۆبایلی گالاکسی نۆت ئێجـی ڕاگەیاند کە شاشەیەکی دوو لای چەماوەیی هەبوو، لەو کاتەوە هیچ نەوەیەکی نۆت شاشەی دوو لای چەماوەیی نەبوو، بەڵام بۆ ئەمجارە، کۆمپانیاکە دووبارە گەڕایەوە سەر ڕاگەیاندنی نەوەیەکی نۆت کە شاشەیەکی دوو لای چەماوەیی هەبێت.

  • شێوە و دیزاین

Design

لەگەڵ بوونی دوو لای چەماوەیی لە هەردوو ڕووی پێشەوە و دواوە، مۆبایلەکە شێوەیەکی زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشی وەرگرتووە. لەشی مۆبایلەکە شێوەیەکی سێ دووری وەرگرتووە چونکە هەردوو ڕووی پێشەوە و دواوەی مۆبایلەکە بەشێوەیەکی چەماوەیی دروستکراوە.

EdgeScreen

ئەم چەماوانە بەشێوەیەک دروستکراون کە زیاتر ئاسانکاری بدەن بە بەکارهێنەر، کاتێک پێنووس بەکاردێنیت وا هەست دەکەیت کە پێنووسەکە بەتەواوەتی دەگونجێت لەگەڵ ئەم چەماوانە. یەکێکی تر لە لایەنە جوانەکانی نۆت حەوت، شێوە و دیزاینی سیستمەکەیەتی کە ئایکۆنەکانی لە شێوەیەکی چوارگۆشەیی چوونەتە دەرەوە ئەمەش بۆ گونجاندنی زیاتر لەگەڵ چەماوەکانی مۆبایلەکە، هەروەها بە گشتی بەشەکانی سیستمەکە ڕووکارێکی جوانی وەرگرتووە و تایبەتە بە نۆت حەوت.

Displays

بەهۆی بوونی شاشەیەکی چەماوەیی، تۆ دەتوانیت خێراتر و ئاسانتر بگەیت بە ئامانجەکانت، ئێستا پێویست بەوە ناکات بچیتە چەندەها بەشی جیاواز، پێویست بەوە ناکات بچیت بۆ بەشی بەرنامەکان، بەڵکو تەنها بە دەستبردن بۆ چەماوەی شاشەکە لەلای ڕاستەوە بۆ لای چەپ ئەوا پانێڵێکی خێرات پێ دەدات کە ئایکۆنی چەند بەرنامەیەک لەخۆدەگرێت و بە ئارەزووی خۆت دەتوانیت ئایکۆنەکان زیاد بکەیت.

galaxy-note7_note_the_edge1

یەکێکی تر لە تایبەتمەندییە نایابەکانی ئەم مۆبایلە، شاشەیەکی بەردەوامی چالاک کە بەردەوام کاردەکات و کەمترین ڕێژە لە تەمەنی باتری مۆبایلەکە بەکاردێنێت، ئەم شاشەیە ڕوویەکی زۆر جوانی هەیە و بەکارهێنەر دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی پێداویستییەکانی لەسەر شاشەکە زیاد بکات، وەک زیادکردنی بەروار، وێنە، تێبینی و کاتژمێر بۆ سەر شاشەکە.

AlwaysOnDisplay

Package

  • پێنووسی نۆت حەوت

SPen

پێنووسی نۆت حەوت گەشەیەکی زۆری پێدراوە و باشتر کراوە بە بەراورد لەگەڵ پێنووسەکانی پێشوو، ئەمجارەیان لایەنی تەکنیکی و هونەری پێنووسەکە بەرەوپێش چووە و ئاسانکاری زیاتر دەدات بە بەکارهێنەر. کاتێک کە سەرەتا پێنووسەکە بەکاردەهێنیت شاشەی مۆبایلەکە لیستێکت پێدەدات کە تایبەتە بە کارەکانی پێنووسەکە، لیستێک کە پێکدێت لە چەندەها فرمانی جۆراوجۆر، لەوانە دروستکردنی وێنەی جوڵاو و هەروەها وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی زمانەکان لە وێنەوە بە پێنووسەکە. دەتوانیت بەبێ ئەوەی قفڵی شاشەکە بکەیتەوە تێبینی و سەرنجەکانت بنووسیت، لە هەمووشی گرنگتر، ئێستا پێنووسەکە دەتوانێت خۆی بپارێزێت لە ئاو و خۆڵ و تۆز! یەکێکی تر لە هەنگاوە گرنگەکانی سامسۆنگ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای IP68 ـە بۆ پێنووسەکە، بەمەش زیاتر پارێزراو دەبێت لە دژی ئاو و خۆڵ و تۆز.

Screenshot_6

گۆڕانکارییەکی تر لە پێنووسەکە، بریتییە لە زیادکردنی دوگمەیەک بۆ سەر پێنووسەکە و لەگەڵ داگرتنی ئەم دوگمەیە ڕاستەوخۆ پێنووسەکە وەکو ڕەشکەرەوەیەک کاردەکات.

یەکێکی تر لە نوێکارییەکان، نوکی پێنووسەکەیە، تەنکی نووکی پێنووسەکە لە نۆت پێنجدا ١.٦ میلی مەتر بوو بەڵام لە نۆت حەوتدا تەنکتر کراوەتەوە بۆ ٠.٧ میلی مەتر.

Screenshot_2

هەروەها جگە لەمەش بڕی هەستەوەرەکانی پێنووسەکە بۆ پاڵەپەستۆ لە ٢٠٤٨ هەستەوەر زیادکراوە بۆ ٤٠٩٦ هەستەوەر. ئەمانە سەبارەت بە لایەنی تەکنیکی پێنووسەکە، لە لایەنی هونەریشەوە بە هەمان شێوە پێنووسەکە گەشەی زۆری پێدراوە. لەمەودوا سەرجەم ئەو وێنە و تێبینی و دەنگ و نووسینانەی کە بە پێنووسەکە ئەنجامدراون گشتیان لە یەک شوێن و یەک ئەپدا کۆدەبنەوە بە ناوی Samsung Notes.

Screenshot_2

یەکێکی تر لە تایبەتمەندییە زیادکراوەکانی ئەم پێنووسە، بریتییە لە نووسینی تێبینییەکان لەسەر شاشە بەبێ ئەوەی پێویست بە کردنەوەی قفڵی شاشەکە بکات، ئەمەش لەڕێگای شاشەی هەمیشە چالاکەوە.

Screenshot_3

هەر بەهۆی ئەم پێنووسەوە تەنانەت دەتوانیت وێنەی جووڵاویش دروست بکەیت! دەتوانیت بەبەکارهێنانی پێنووسەکە ڤیدیۆ،نووسین،تێبینی، پەڕەی ئینتەرنێت بکەیت بە وێنەی جوڵاو لە جۆری GIF، ئەمەش قەبارەیەکی کەم و شێوەیەکی ئاسان و خێرای هەیە.

Screenshot_4

دەتەوێت وێنەی پەڕەیەک بگریت بەڵام هەمووی بە تەواوەتی دەرناچێت چونکە پەڕەکە زۆرە؟ ئەمەشیان ئاسانە! لەگەڵ ئەم پێنووسەدا دەتوانیت ئەمەش بکەیت. زۆر جار دەتەوێت وێنەی پەڕەیەک لە ئینتەرنێت بگریت بەڵام هەموو نووسراوەکانی ناو پەڕەکە دەرناکەوێت ئەمەش بەهۆی دورودرێژی پەڕەکە، بەڵام لەگەڵ پێنووسەکە دەتوانیت وێنەی پەڕەکە بەتەواوی بگریت و هەمووی لەنێو یەک وێنەدا کۆدەبنەوە!

Screenshot_5

ئەوەندە بەس نییە! تایبەتمەندییەکی تری پێنووسەکە بریتییە لە وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ. کێشەت هەیە لە وێنەیەکدا و ناتوانیت لە زمانە نووسراوەکەی ناو ئەو وێنەیە تێبگەیت؟ پێنووسەکە ئەوەشت بۆ چارە دەکات! لەگەڵ ئەم پێنووسەدا تەنها بە کرتە کردن لەسەر ئەو وشەیەی کە لەسەر وێنەکەدایە ئەوا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وشەکەت بۆ وەردەگێڕێت بۆ ئەو زمانەی کە خۆت دەتەوێت.

galaxy-note7_in-the-air2_2

  • بواری هونەری

Hunary

لایەنە هونەرییەکانی ئەم مۆبایلە زیاتر گەشەیان پێدراوە و جوانییەکی زیاتریان پێدراوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکان، زیادکردنی جۆری HDR ـە بۆ شاشەی مۆبایلەکە کە ڕوونییەکی زۆر دەدات بە وێنە و ڤیدیۆیەکان. HDR وردی زیاتر دەدات بە شاشەی مۆبایلەکە، بەشێوەیەک کە ڕەنگ و ڕووناکییەکان بە شێوەیەکی ڕوونتر و جوانتر بخوێنێتەوە.

Screenshot_7

Screenshot_8

هەروەها لە بواری یارییەوە، مۆبایلەکە پشت بە تەکنەلۆژیای بەناوبانگی Vulkan دەبەستێت کە ڕوونیەکی بەرز دەدات بە یارییەکان و گەشەپێدەران لەمەودوا دەتوانن یارییەکانیان بە ڕوونییەکی بەرزتر دروستبکەن!

Screenshot_9

  • پاراستن

Parastn

یەکێک لەو خاڵانەی کە سامسۆنگ ئەمڕۆ لە کۆنگرەکەیدا جەختی لەسەر کردەوە، پاراستنی بەکارهێنەرانی نۆت حەوت بوو. لە کۆنگرەکە ئەوە باسکرا کە سامسۆنگ هەموو توانایەکی خستۆتە گەڕ بۆ گەشەدان بە ئاسایشی بەکارهێنەران. یەکێک لە گرنگترین ئەو تایبەتمەندییانەی کە بۆ ئاسایشی مۆبایلەکە زیادکراوە، بریتییە لە تایبەتمەندی پشکنەری چاو (Iris Scanner).

IrisScanner

ئەم تایبەتمەندییە سوودێکی یەکجار زۆری بۆ بەکارهێنەر هەیە و لە چەندەها بوار بەکاردێت، وەک کردنەوەی قفڵی شاشە لەڕێگای پشکنینی چاو و ئەنجامدانی ئاسایشی کاری بانکی و هەروەها چوونەژوورەوە بۆ هەژمارەکەت لە پێگەکانی ئینتەرنێت لەڕێگای ئەم تایبەتمەندییەوە.

جگە لەم تایبەتمەندییەش، بەکارهێنەر لەڕێگای خزمەتگوزاری Samsung Knox دەتوانێت ڕێگای دیکە بگرێتە بار بۆ پاراستنی مۆبایلەکە.

UnLock

لەگەڵ ئەوەی ئەم چوار ڕێگایەی سەرەوە دەکرێت بەکاربێن بۆ بواری ئاسایشی مۆبایلەکە، بەڵام پارێزراوترین و بەهێزترین ڕێگایان Iris Scanner ـە. ئەم تایبەتمەندییە چەندەها هەستەوەر لەخۆدەگرێت بۆ پشکنینی چاو، دڵنیاییت پێدەدات لەکاتی بوونی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر مۆبایلەکە. هەروەها تایبەتمەندییەکی تر بۆ پارێزراوی مۆبایلەکە، بریتییە لە زیادکردنی بوخچەیەک بە ناوی “Secure Folder” کە تیایدا بەکارهێنەر دەتوانێت ئەو زانیاری و بەرنامانەی کە تایبەت و نهێنین بخاتە ناو ئەم بوخچەیەوە، ئاسایشی ئەم بوخچەیە زۆر بەرزە و تاڕادەیەکی بەرز پارێزراوە، دەتوانیت لەڕێگای پشکنینی چاوەوە قفڵی ئەم بوخچەیە بکەیتەوە، یان دەتوانیت لەڕێگەی وشەی نهێنی تایبەت بە خۆتەوە بیکەیتەوە.


galaxy-note7_folder_view02_l

خزمەتگوزارییەکی تری ئاسایشی ئەم مۆبایلە کە زیادکراوە بریتییە لە Find My Phone، ئەم خزمەتگوزارییە یارمەتیت دەدات لە دۆزینەوەی مۆبایلەکەت کاتێک شوێنەکەی نەزانراو یاخود دزرابێت.

galaxy-note7_find-my-mobile_visual_l

  • کامێرا

Camera

دەتوانین بڵێین ئەو بەشەی کە لە کۆنگرەکەدا هێندە گرنگی پێنەدرا و لە مۆبایلەکەدا ئەوەندە گەشەی پێ نەدرابێت، کامێراکەیەتی! لە کۆنگرەکەدا تەنها بە چەند خولەکێکی زۆر کەم باسی کامێراکەی کرا و کۆتایی پێ هێنرا. ڕوونی کامێرای پشتەوەی نۆت حەوت ١٢ مێگاپیکسڵە و هی پێشەوەیشی ٥ مێگاپیکسڵە بە هەستەوەری پیکسڵی دووانی و هەروەها بە هاوێنەی F1.7. کامێرای ئەم مۆبایلە دۆخێک لەخۆ دەگرێت لە ژێر ناوی Pro کە ٦ ڕێکخستنی تێدایە و بریتیین لە (ISO – Shutter Speed – Exposure – Color Tone – White Balance – Focal Length).

CompareCamer

کامێرای مۆبایلەکە توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی بە ڕوونییەکی بەرز هەیە کە 4K ـیە.

  • توانا و کارامەیی

Twanaگەشەی زۆر بە بواری توانای مۆبایلەکە دراوە، بیرگەی بنەڕەتی مۆبایلەکە لەسەر ٦٤ گێگابایت دامەزراوە، هەروەها پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی دەکات تا فراوانی ٢٥٦ گێگابایت. فراوانی باتری نۆت حەوت زیاترکراوە لەچاو نۆت پێنج و لە ٣٠٠٠ میلی ئەمپێر بەرزکراوەتەوە بۆ ٣٥٠٠ میلی ئەمپێر.

Screenshot_14

هەروەها تایبەتمەندییەکی تر کە بۆ نۆت حەوت زیادکراوە بریتییە لە بارگاوی کردنەوەی بێ تەل ئەمەش لەڕێگای ئامێرێکی بچووکەوە دەبێت.

Screenshot_15

ئەمجارەیان نۆت حەوت پشت بە تەکنەلۆژیای IP68 دەبەستێت کە مۆبایل و پێنووسەکە دەپارێزێت و بەرگری لێدەکات دژی ئاو و خۆڵ و تۆز.

Screenshot_16

لە بواری تواناشەوە، تواناکانی مۆبایلەکە بەرزکراونەتەوە لەچاو نۆت پێنج. هەرچەندە ڕامەکەی هەر وەکو نۆت پێنج ٤ گێگابایتە بەڵام پڕۆسێسەرەکەی بە ڕێژەی %٣١ بەهێزترە لەچاو پڕۆسێسەری نۆت پێنج، هەروەها پڕۆسێسەری گرافیکەکەی بە ڕێژەی %٥٨ بە تواناترە لەچاو ئەوەی نۆت پێنج. نۆت حەوت دەبێتە یەکەمین نەوەی نۆت کە دەرچەی USB Type-C بەکاردەهێنێت، ئەمەش لێهاتوویی و توانای زیاتر دەدات بە مۆبایلەکە.

Screenshot_18

  • پوختەی تایبەتمەندییەکان:

Specs1

Specs2

  • شایەنی باسە لەکاتی کڕیی نۆت حەوتدا کڕیار بەخۆڕایی یان کاتژمێرێکی دەستی وەرزشی بە ناوی Gear Fit 2 وەردەگرێت یاخود بیرگەیەکی دەرەکی وەردەگرێت کە فراوانییەکەی ٢٥٦ گێگابایتە، بەڵام ئەمە تەنها بۆ ماوەیەکی دیاری کراوە. هەر لەگەڵ کڕینی مۆبایلەکە بەرگێک بە کڕیار دەدرێت بەخۆڕایی کە بەرگێکی توند و پتەوە دژی ئاو و مۆبایلەکە بە باشی دەپارێزێت، هەروەها چەند پارچەیەکی تر لەگەڵ کڕینی مۆبایلەکە بەدەست دەهێنیت، بەڵام ئەمانە زۆربەیان بۆ ماوەیەکی کاتیین.
  • سەبارەت بە نرخەکەی، پێشبینی دەکرێت نرخی نۆت حەوت لە سەرەتای ڕاگەیاندنیدا ٨٥٠ دۆلار بێت، هەروەها داواکاری پێشوەختە لەم شەوەوە دەستپێدەکات.
  • Gear VR

GearVR

هەر لە میانەی کۆنگرەکەدا کۆمپانیای سامسۆنگ جۆرێکی نوێی لە ئامێری سەیرکەری ڤیدیۆیی Gear VR ڕاگەیاند کە چەند نوێکارییەکی تێداکراوە. ئەم ئامێرە نوێیە پشتگیری لە دەرچەی USB Type-C دەکات، هەروەها پلەکانی بینینی ئامێرەکە زیادکراون لە ٩٦ پلەوە بۆ ١٠١ پلە. نرخی ئەم ئامێرە نوێیە بەهەمان شێوەی پێشوو ١٠٠ دۆلار دەبێت و بەشێوەیەکی فەرمیش لە ١٩ی ئەم مانگەوە دەست دەکرێت بە فرۆشتنی.

بۆچونی تۆ