ئای ئۆ ئێس

زانیاری تەواو لەسەر کۆنگرەکەی ئەپڵ لە حەوتی مانگ

Apple-September

کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، بڕیارە ئەمساڵیش لە حەوتی ئەم مانگەدا و دوای تەنها چوار ڕۆژی تر، کۆنگرەیەکی تایبەت لە شاری سانفرانسیسکۆ ئەنجام بدات، کۆنگرەکەش کاتژمێر ٨ ی شەو بە کاتی هەولێر دەستپێدەکات. بێگومان لە ئێستادا زۆرترین باس و خواس لەسەر ئەوەیە کە ئایا چی لە کۆنگرەکەدا ڕادەگەیەندرێت، ڕۆژانەش چەندەها پڕوپاگەندە و پێشبینی لەسەر ئەم بابەتە بڵاو دەکرێتەوە. ئەپڵ لە ساڵی ڕابردوودا و لە ٩ی مانگ، کۆنگرەیەکی ئەنجامدا و تیایدا سێ بەرهەمی ڕاگەیاند، بەرهەمێکیان بریتیبوو لە تەلەفزیۆنی نوێی ئەپڵ، دوو بەرهەمەکەی تریشیان ئایفۆن ٦ ئێس و ٦ ئێس پڵەس بوون.

بۆ ئەمساڵیش لە کۆنگرەی ئەمجارەدا، ئەپڵ ئایفۆنی نوێ ڕادەگەیەنێت، لەگەڵ ڕاگەیاندنی کاتژمێرێکی هۆشمەندی نوێ. لەم بابەتەدا گشت ئەو پڕوپاگەندە و پێشبینی و زانیارییانەتان بۆ دەخەینە ڕوو کە لە سەرجەم پێگە تەکنەلۆژییەکان باس کراون و زۆربەی چاودێران و ڕۆژنامەنووسان لەگەڵیدان، ئایا لە کۆنگرەکەدا چی ڕادەگەیەندرێت؟ پێشبینی دەکرێ ئایفۆنی نوێ چۆن بێت؟ بێجگە لە ئایفۆن بەرهەمی تر ڕادەگەیەندرێت؟ ئای ئۆ ئێس ١٠ کەی دەگات بە بەکارهێنەران؟ وەڵامی هەموو ئەمانە و چەندانێکی تر لە خوارەوەدا دەبینن.

  • ئایفۆنی نوێ

NewiPhone

گرنگترین بەرهەمی نوێی کۆنگرە، بریتییە لە ڕاگەیاندنی ئایفۆنی نوێ. ئەپڵ دوای ئەوەی ساڵی پار دوو نەوەی نوێی ئایفۆنی ڕاگەیاند بە ناوەکانی شەش ئێس و شەش ئێس پڵەس، بۆ ئەمساڵ پێدەنێتە ژمارەی داهاتووی زنجیرەکەی کە بریتییە لە ژمارە حەوت. چاوەڕوان دەکرێت بۆ ئەمساڵ، ئەپڵ دوو ئایفۆنی نوێ ڕابگەیەنێت بە ناوەکانی ئایفۆن ٧ و ئایفۆن ٧ پڵەس. چاوەڕوان دەکرێت چەند جیاوازییەک هەبێت لە تایبەتمەندییەکانی ئەم دوو ئایفۆنە، پێشبینی دەکرێت قەبارەی شاشەی ئایفۆن ٧ (٤.٧ ئینچ) بێت و ئایفۆن ٧ پڵەسیش (٥.٥ ئینچ) بێت، هەروەها هێڵەکانی دواوەی مۆبایلەکان کە ناودەنرێت بە “ئەنتینا” لە هەردوو مۆبایلەکەدا دەسڕێنەوە.

کامێرای دوو مۆبایلەکە جیاواز دەبن، ئایفۆن ٧ کامێرایەکی باشتر و گەورەتری دەبێت لە چاو نەوەکانی پێشوو بە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای (OIS) بۆ جێگیرکردنی کامێرا و دانانی چەند هەستەوەرێکی باشتر بۆ شوێنی تاریک و چەند بارودۆخێکی تر. بەڵام کامێرای ئایفۆن ٧ پڵەس پێشکەوتووتر دەبێت لەچاو ئایفۆن ٧، کامێرای ئەم مۆبایلە دوو هاوێنەی دەبێت کە یارمەتی پێشکەوتن و باشترکردنی کامێراکە دەدات بە ڕەنگی باشتر، ژاوەژاوی کەمتر، ڕووناکی گونجاوتر، هەروەها چەند ڕێکخستنێکی دیکەی تایبەت کە لە کامێرای ئایفۆن ٧ـی جیادەکاتەوە.

iphone-7

یەکێکی تر لە گۆڕانکارییەکانی ئایفۆنی نوێ کە پێشتر نەکراوە، سڕینەوەی دەرچەی بیستۆکی گوێیە. ئەمە بە گرنگترین گۆڕانکاری دادەنرێت لە ئایفۆنی نوێدا، بەهۆی ئەم گۆڕانکارییەشەوە لەمەودوا بەکارهێنەران بیستۆکەکانیان لەڕێگای دەرچەی بارگاوی کردنەوە یاخود لەڕێگای بلوتوزەوە پەیوەست دەکەن بە ئایفۆنەکانیان. سڕینەوەی دەرچەی بیستۆکی گوێ، سوودی زۆری هەیە بۆ ئایفۆنەکە، وا لە ئایفۆنەکە دەکات تەنکتر بێت، جگە لەمەش ئەپڵ لە شوێنی دەرچەکە بڵندگۆی دووەمین دادەنێت کە دەبێتە هۆی چاککاری بواری دەنگی لە ئایفۆنی نوێ. بەپێی ڕای چاودێران، ئەپڵ وا بیردەکاتەوە کە دەنگەکان لە ڕێگای دەرچەی بارگاوی کردنەوەوە باشتر دەردەچن کاتێک بیستۆکی گوێ پەیوەست کرابێت، دەرچەکە یارمەتی دەرچوونی دەنگ دەدات بە شێوەیەکی ڕوونتر و دوورتر لە ژاوەژاو، هۆکارێکی تریش بەپێی پڕوپاگەندەکان، بۆ ئەوەیە کە ئەپڵ دەیەوێت لە ئایفۆنی نوێدا توانای دژە ئاو زیاتر بکات. تا ئێستا دیار نییە ئایا ئەپڵ بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کە لە مۆبایلەکەدا پشتی بە تەکنەلۆژیای دژە ئاو بەستووە، یاخود بە بێ دەنگی ئەو کارە ئەنجام دەدات، بەڵام بەکارهێنەران بەلایەنی کەمەوە چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە توانای دژە ئاو لە ئایفۆنی نوێدا باشتر بکرێت و پێشبخرێت.

هێشتا چاوەڕوانی گۆڕانکاری تر دەکرێت لە ئایفۆنی نوێدا، هەموو ئەمانە پاڵنەرن بۆ ئەوەی ئەپڵ چاککاری لە دوگمەی سەرەکی (Home) ی ئایفۆنی نوێدا بکات. هەفتەی ڕابردوو چەند پڕوپاگەندەیەکی نوێ بڵاوبوونەوە و باس لەوە دەکەن کە ئەپڵ، دوگمەی سەرەکی لە دوگمەیەکی فیزیایی لاشەییەوە دەگۆڕێت بۆ دوگمەیەکی فلاتی سادە، هەروەها چەند هەستەوەرێکی نوێ لە دوگمەکەدا بەکاردێت بۆ ئەوەی بەکارهێنەر هەست بە زیرەکی دوگمەکە بکات، پێشبینیش دەکرێت تایبەتمەندی 3D Touch بۆ دوگمەکە زیاد بکرێت.

iPhone-7-touch-sensitive-home-button-space-black-1

لە بواری تەکنەلۆژی و ڕەقەکاڵا، چاوەڕوان دەکرێت ئەپڵ لە ئایفۆنی نوێدا پڕۆسێسەری A10 بەکاربێنێت کە توانا و خێراییەکی زیاتری هەیە لە چاو پڕۆسێسەرەکانی پێشوو، هەروەها، بەکارهێنانی پارچەی باشتر بۆ تۆڕەکانی LTE و Wi-Fi، باشترکردنی توانای باتری و فراوانترکردنی ئامانجەکانی ئەپڵن بۆ ئایفۆنی نوێ، جگە لەمانەش، چاوەڕوان دەکرێت جۆرایەتی شاشە لە ئایفۆنی نوێ باشتر بێت و گۆڕانکاری بەسەردا بێت.

  • تایبەتمەندییە پێشبینیکراوەکان

SuggestedSpecs

  • شاشە: ئایفۆن ٧: ٤.٧ ئینچ، ئایفۆن ٧ پڵەس: ٥.٥ ئینچ، بە جۆرایەتیەکی باشتری شاشە
  • پڕۆسێسەر: A10
  • ڕام: ئایفۆن ٧: ٢ گێگابایت، ئایفۆن ٧ پڵەس: ٣ گێگابایت
  • بیرگەی ناوەکی: ئایفۆن ٧: ٣٢\٦٤\٢٥٦ گێگابایت، ئایفۆن ٧ پڵەس: ٣٢\١٢٨\٢٥٦ گێگابایت
  • کامێرا: ڕوونییەکەی نەزانراوە – ئایفۆن ٧ یەک هاوێنەی دەبێت، ئایفۆن ٧ پڵەس دوو هاوێنەی دەبێت
  • باتری: ١٩٦٠ میلی ئەمپێر
  • بوونی تایبەتمەندی دژە ئاو
  • ڕەنگی ئایفۆنەکان: گوڵی زێڕی، زێڕی، زیوی، خۆڵەمێشی، ڕەش
  • ئایفۆنە نوێیەکان بە نوێترین وەشان کە iOS 10 ـیە کاردەکەن
  • نرخ: ئایفۆن ٧: ٣٢ گێگابایت- ٧٥٠ دۆلار، ٦٤ گێگابایت: ٩٠٠ دۆلار، ٢٥٦ گێگابایت: ١٠٠٠ دۆلار – ئایفۆن ٧ پڵەس: ٣٢ گێگابایت: ٩٠٠ دۆلار، ١٢٨ گێگابایت: ١٠٠٠ دۆلار، ٢٥٦ گێگابایت: ١١٠٠ دۆلار (نرخەکان فەرمی نین و پێشبینی کراون)
  • کاتی بەردەست بوون بۆ کڕین: ١٦ی ئەم مانگە لە بەشێکی فرۆشگاکان و داواکاری ڕاستەوخۆ، ٢٣ ی ئەم مانگە بۆ سەرجەم فرۆشگاکان.

دەتوانیت زانیاری زیاتر لەسەر ئەم دوو ئایفۆنە نوێیە بزانیت لەڕێگای ئەم بابەتەوە (کرتە بکە)

  • کاتژمێرێکی هۆشمەندی نوێ

NewSmartWatch

دوای ڕاگەیاندنی ئایفۆنی نوێ، ئەمەش باسێکی تر دەبێت لە کۆنگرەکەی حەوتی ئەم مانگەی کۆمپانیای ئەپڵ. بەپێی زۆربەی پێشبینی و پڕوپاگەندەکان، ئەپڵ لە کۆنگرەکەدا کاتژمێرێکی نوێ ڕادەگەیەنێت بە ناوی Apple Watch 2. چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی کاتژمێری پێشوو ئەم کاتژمێرەش بە دوو جۆری جیاواز لە قەبارە بڵاوبکرێتەوە کە یەکەمیان قەبارەکەی ٣٨ میلی مەتر و دووەمیشیان ٤٢ میلی مەتر دەبێت، هەروەها ئەپڵ کاتژمێرە نوێیەکە بە چەند شێواز و دیزاین و ماددەی جیاوازەوە دروست دەکات و بە نرخی جیاواز دەیانفرۆشێت.

ئەپڵ چاککاری زۆر لەم نەوە نوێیەی کاتژمێرەکەیدا دەکات و بە گرنگییەوە کاری لەسەر دەکات بۆ ئەوەی زۆر باشتر بێت لەچاو کاتژمێری پێشوو، لەوانە بەکارهێنانی پڕۆسێسەرێکی خێراتر، توانای دژە ئاوی زیاتر، باترییەکی فراوانتر و بوونی تایبەتمەندی GPS بە شێوەیەکی باشتر. هەروەها ئەپڵ جۆرێکی باشتری بارۆمەتر و GPS بەکاردەهێنێت، ئەمەش بۆ پێدانی توانای زیاتر بە کاتژمێرەکە و هەژمارکردنی چالاکییە وەرزشییەکان بە شێوەیەکی وردتر. بەپێی چەند زانیارییەکی دزەپێکراو، کاتژمێرە نوێیەکە لە جۆری قەبارەی ٤٢ میلی مەتریدا باترییەکەی بە ڕێژەی %٣٥ فراوانتر دەبێت لە چاو کاتژمێری جۆری قەبارەی ٣٨ میلی مەتری.

بەپێی وێنەیەکی دزەپێکراو، شاشەی کاتژمێرە نوێیەکە تەنکتر دەبێت لە چاو کاتژمێری پێشوو، لەگەڵ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایەکی باشتر بۆ شاشەکەی بە پشت بەستن بە باتری فراوانتر.

Apple-Watch-2-parts

چاوەڕوان دەکرێت ئەپڵ وۆچ ٢ بە چەند شێواز و ڕەنگێکی جیاوازەوە دروست بکرێن، لەم کاتەشدا بەکارهێنەر بە ئارەزووی خۆی دەتوانێت کاتژمێرەکەی هەڵبژێرێت. تا ئێستا تەنها ئەمانە لەسەر کاتژمێرە نوێیەکە زانراون، چاوەڕێی کۆنگرەکەین بۆ زانینی تەواوی زانیاری و تایبەتمەندییەکان لەسەر ئەم کاتژمێرە نوێیە.

  • وەشانی نوێی سیستمەکان

OSs

دوای ئەوەی لە کۆنگرەی WWDC 2016 ـی تایبەت بە ئەپڵ کۆمپانیاکە چوار وەشانی نوێی لە سیستمە وەگەرخەڕەکانی ڕاگەیاند و دواتر ئاماژەی بەوەدا کە لە چەند مانگی داهاتوودا بەردەست دەبێت بۆ بەکارهێنەران. چاوەڕوان دەکرێت هەردوو وەشانی iOS 10 و watchOS 3 دوای چەند ڕۆژێک لە تەواو بوونی کۆنگرەکە بگات بە سەرجەم بەکارهێنەران، بە پێی پێشبینییەکانیش لە چواردەی ئەم مانگەوە دەست دەکرێت بە گەیاندنی ئەو دوو وەشانە بە بەکارهێنەران.

سەبارەت بە macOS، لەبەر ئەوەی لە ماوەکانی پێشوودا وەشانی نوێی ئەو سیستمە ماوەیەکی پێدەچوو بۆ ئەوەی بگات بە بەکارهێنەران، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە کۆتاییەکانی ئەم مانگە وەشانی macOS Sierra بگات بە بەکارهێنەران. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت وەشانی tvOS 10 لەگەڵ وەشانەکانی iOS 10 و watchOS 3 بگات بە بەکارهێنەران.

  • ڕاگەیاندنی بیستۆکی نوێ

NewHeadphone

بەپێی پێشبینییەکان، چاوەڕوان دەکرێت ئەپڵ لە کۆنگرەکەدا هێدسێتێکی نوێ لە بەرهەمەکانی Beats ڕابگەیەنێت کە بۆ ئایفۆنی نوێ بەکاردێت. لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا زانیاری تەواو نییە، بەڵام هەرچۆنێک بێت وا گومان دەکرێت کە ئەپڵ بیستۆکێکی نوێ لە کۆنگرەکەدا ڕابگەیەنێت بۆ بەکارهێنەرانی ئایفۆنی نوێ.

  • بیستۆکی گوێی بێ تەل

WirelessHeadphone

جگە لەو بیستۆکەی کە ئەپڵ لەگەڵ ئایفۆنە نوێیەکە دەیفرۆشێت، پێشبینی دەکرێت کۆمپانیاکە کار لەسەر دروستکردنی جۆرێکی نوێی بیستۆکی گوێ بکات کە بێ تەلە و چەند تایبەتمەندییەکی هەیە ، بەڵام ئەم بیستۆکە لەگەڵ ئایفۆنی نوێ نافرۆشرێت و بەشێوەی جیا دەبێت، هەروەها باتریەکی فراوانی دەبێت کە توانای کارپێکردن و مانەوەی دەبێت بۆ ماوەی چەند کاژێرێک پاشان دەتوانرێت بارگاوی بکرێتەوە.

  • ماکبووک

MacBook

لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا چەند هەواڵێک بڵاوکرانەوە گوایە کە ئەپڵ لەم کۆنگرەیەدا ماکبووکێکی نوێ ڕادەگەیەنێت، بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینییەکانەوە، لەم هەفتەیەدا چەند هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە ئەوە ڕەتدەکاتەوە هیچ جۆرە ماکبووکێکی نوێ ڕابگەیەندرێت لەم کۆنگرەیەدا.

چەند سەرچاوەیەک ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە پێدەچێت ئەپڵ بە جیا لە کۆنگرەیەکی تایبەتدا و لە مانگی داهاتوودا، ماکبووکێکی نوێ ڕادەگەیەنێت.

Rumal

تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی وەکو پیشەی خۆی هەڵدەستێت بە ڕووماڵ کردنی کۆنگرەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بە زمانی کوردی لەڕێگای پەڕەی فەیسبووک و بلۆگەوە. پێش دەستپێکردنی کۆنگرە بە چەند کاتژمێرێک ئاگادارتان دەکەینەوە لە چۆنیەتی سەیرکردنی و وەرگرتنی زانیاری لەسەر کۆنگرەکە.

سەرچاوە: MacRumors – Cnet

3 ئه‌یلول، 2016
ئاڤاتار
هەوڵدەدەم بۆ باشترکردنی ڕەوشی تەکنەلۆژیا لەکوردستان و هۆشیارکردنەوەی خەڵکیی لەڕێگەی هەواڵ و زانیاری تەکنەلۆژیی.
142