ئەپڵ 19, ئه‌یلول 2016

بەشێک لە بەکاربەران: ئایفۆن ٧ تووشی کێشە بووە و دەنگێکی نامۆ لێیەوە دەردەچێت!

iphone7

دوای ئەوەی کۆمپانیای ئەپڵ لە کۆنگرەیەکدا هەردوو مۆبایلی ئایفۆن ٧ و ٧ پڵەسی ڕاگەیاند، ئیدی خەڵکیش ڕوویان تێکرد و ڕێژەیەکی بەرچاو لەو دوو مۆبایلە نوێیە فرۆشرا. لە دوایین هەواڵدا بەشێک لە بەکاربەرانی ئەو دوو مۆبایلە نوێیە ناڕەزایی بەرامبەر مۆبایلەکان دەردەبڕن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە کێشە لە مۆبایلەکەدا هەیە و خۆکارانە دەنگێکی نامۆ لێیەوە دەردەچێت.

بەشێک لە بەکاربەران پەیامێکیان بڵاوکردۆتەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەدەن کە لە کاتی بەجێهێنانی چەند کردارێکی قورسی وەک بەکارهێنانی چەند بەرنامەیەکی قەبارە زۆر لەلایەن پڕۆسێسەری مۆبایلەکەوە کە (A10) ـیە، ئەوا ڕاستەوخۆ دەنگێکی بێزارکەر و نامۆ دەردەچێت، تا ئێستاش هۆی دەرچوونی ئەو دەنگە نازانرێت. دەتوانیت لێرەوە گوێ لە دەنگەکە بگریت (کرتە بکە).

بەشێک لە شارەزایانی بواری ڕەقەکاڵای مۆبایل ئاماژە بەوە دەدەن کە پێدەچێت ئەو دەنگە بەهۆی یەکێک لە ڕەقەکاڵا بەکارهێنراوەکانی ناو مۆبایلەکەوە دەربچێت، جا دەشێت بەهۆی پارچەی پڕۆسێسەر، پارچەی بازنەیی یاخود بەهۆی بڵندگۆیەکانەوە بێت. لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا تەنها چەند بەکاربەرێکی کەم تووشی ئەو کێشەیە بوون و گلەییان لە ئەپڵ کردووە، بەڵام گومانی ئەوە دەکرێت کە کێشەکە زیاتر بڵاوببێتەوە و بەرۆکی چەند بەکاربەرێکی دیکەش بگرێت.

کەواتە دەتوانین بڵێین کە لە ئێستادا مەترسییەکی ڕاستەقینە تووشی کۆمپانیای ئەپڵ بووە، ئەمەش بەوەی کە ئەم کێشەیە بوونی هەیە و بەکاربەرانیش کۆمپانیاکەیان ئاگادارکردۆتەوە، لە کاتی بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم کێشەیەشدا دەبێ کۆمپانیاکە هەناردەکردنی ئەم مۆبایلە بوەستێنێت و دەستبکات بە چاککردنەوەی بە هەمان شێوەی کۆمپانیای سامسۆنگ، بەڵام بیرمان نەچێت ئەم کێشەیە تەنها تووشی چەند بەکاربەرێک بوونەتەوە و تەنها لە ئەگەری زیاتر تووشبوونی بەکاربەرانی تر ئەوا ئەپڵ ئەم ڕێگایە دەگرێتە بەر.

سەرچاوە: عالەم تەقەنییە

بۆچونی تۆ