ئامێرە هەمەجۆرەکان 5, كانونی دووه‌م 2017

لاپتۆپى LG Gram 14 بەفەرمى لەلایەن ئێڵ جیەوە ڕاگەیەنرا – CES2017

کاتێک باسى بابەتێک دەکرێت کە پەیوەندیدارە بە کۆمپیوتەرە کەسیەکان ناوى (ئێڵ جى) کۆرى نابیسترێت، بەڵام دوێنێ لەمیانەى پێشانگەکانى CES 2017 کۆمپانیا کۆریەکە چەندان بەرهەمى نمایش کرد و لە نێویاندا کۆمپیوتەرێکى کەسى (لاپتۆپێک) شوێنى خۆى کردبوویەوە.

(Gram 14) ناوى ئەم لاپتۆپەیە کە بەرهەمى زلهێزەکەى کۆریایە و خاوەن چەندان تایبەتمەندى بەرزە، کۆمپوتەرەکەى ئێڵ جى ڕوونمایەکى هەیە بە پانتایی ١٤ ئینچ و بەڕوونى فووڵ ئێچ دى لەجۆرى IPS بەڕووناکیەکى بەرز و ناوازە. لاپتۆپەکە بەوە ناسراوە کەوا لە گشت لاکانى چەماوەتەوە، هەروەها لاشەیەکى کانزایی هەیە دروستکراوە لە تێکەڵەکى مەگنسیۆم و کاربۆن تاوەکو لاپتۆپەکە کێشێکى کەمى هەبێت هەر لەبەر ئەمەشە کێشەکەى تەنها ٩٧٩ گرامە!

لاپتۆپە کێش سووکەکە بە پرۆسێسەرى 5200U کاردەکات لەجۆرى Intel Core i5 بەخێرایی ٢،٢ گێگاهێرتز، قەبارەى ڕامەکەی ٨ گێگابایتە و بیرگەکەشى ١٢٨ گێگابایتە لەجۆرى SSD. هەرچى گرافیک کاردەکەشیەتى لەجۆرى HD Graphics 5500ە لەلایەن (ئینتێڵ)ەوە، لاپتۆپە ناوازەکە خاوەن بڵندگۆیەکە کە دەنگێکى بەرز و بێ خەوش دەبەخشێت بەهۆى تەکنەلۆژیاى Wolfsonەوە.

ئەوەى ماوەتەوە بڵێین ئەوەیە کە لێرەدا ناکۆکیەک هەیە لەنێوان پێگەکان لەسەر توانستى پاترى کۆمپیوتەرە کەسیەکە، هەندێک پێگە دەڵێن پاتریەکەى تا ٢١ کاتژمێر خۆى دەگرێت، هەندێکى تر دەڵێن کەمتر لە ١٧ کاتژمێر خۆى دەگرێت، بەڵام ئەوەى سەیرە ئەوەیە کە پێگەى فەرمى کۆمپانیا کۆریەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پاترى لاپتۆپەکە تواناى هەیە تاوەکو ٧،٥ کاتژمێر کار بکات!

جێگەى ئاماژەیە LG Gram 14 بەردەستە بۆ کڕین بەنرخى ٨٥٠ دۆلارى ئەمریکى.

بۆچونی تۆ