پێداچوونەوە 9, ئازار 2017

بەراوردێکی تەواو لەنێوان مۆبایلەکانی (LG G6 و Huawei P10 Plus و Sony Xperia XZ Premium)

ڕۆژی ٢٧ ی مانگی ڕابردوو گەورەترین پێشانگای جیهانیی مۆبایل (MWC) بۆ ساڵی ٢٠١٧ لە شاری بارسێلۆنای وڵاتی ئیسپانیا دەستیپێکرد، پێشانگاکەش تا ڕۆژی ٢ ی ئەم مانگە بەردەوام بوو. لەو پێشانگایەدا، کۆمپانیا زلهێز و بەناوبانگەکانی جیهان لەبواری بەرهەمهێنانی مۆبایل و تابلێت و کۆمپیوتەر و تەلەفزیۆن و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تر بەشدارییان کرد و پێشکەوتووترین بەرهەمەکانی خۆیان ڕاگەیاند.

لەمیانی پێشانگاکەدا، هەریەک لە کۆمپانیاکانی (سامسۆنگ، ئێڵجی، هواوەی، سۆنی، شاومی و نۆکیا و چەندەها کۆمپانیای تر) نوێترین بەرهەمی خۆیان ڕاگەیاند، سامسۆنگ تەنها بە ڕاگەیاندنی تابلێتێک و چەند بەرهەمێکی لاوەکی بەشداری کرد، پیشاندانە سەرەکییەکەی خۆی بۆ کۆتاییەکانی ئەم مانگە هەڵگرتووە بۆ ڕاگەیاندنی مۆبایلی گالاکسی ئێس هەشت، هەروەها کۆمپانیاکانی (ئێڵجی، هواوەی، سۆنی، نۆکیا، زی تی ئی و لینۆڤۆ) پێشکەوتووترین مۆبایلەکانی خۆیان ڕاگەیاند.

لەم بابەتەدا، بەرواردێکی تەواو دەکەین لەنێوان هەرسێ مۆبایلی (LG G6) و (Huawei P10) و (Sony Xperia XZ Premium). بۆچی ئەم سێ مۆبایلە؟ ئەم مۆبایلانە بە سێ پێشکەوتووترین مۆبایلە ڕاگەیەنراوەکانی پێشانگاکە دادەنرێن، ئەمەش بەهۆی گەورەیی و پڕئەزموونی کۆمپانیاکان لەلایەک و بوونی تایبەتمەندی بەرز لە هەر سێ مۆبایلەکەدا لەلایەکی تر، بێگومان چەندەها مۆبایلی دیکەی ئاستبەرز جگە لەم سێ مۆبایلە لە پێشانگاکەدا ڕاگەیانران کە لەوانەیە شتێکی وایان لەمانە کەمتر نەبێت، بەڵام دەمانەوێت لەم بابەتەدا جەخت لەسەر ئەم سێ مۆبایلە بکەینەوە، ئەمەش بۆ دەرکەوتنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەم سێ مۆبایلە.

  • LG G6

کۆمپانیای ئێڵجی کۆری بەڕاگەیاندنی نوێترین مۆبایلی خۆی بەناوی “LG G6” توانی بەبەهێزی بگەڕێتەوە بۆ کێبڕکێ لەسەر پێشکەوتوویی مۆبایلە هۆشمەندەکان لەجیهاندا. مۆبایلی LG G6 یەکێکە لە پێشکەوتووترین مۆبایلەکان کە لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایلدا ڕاگەیەنرا، خاوەنی تایبەتمەندی زۆر بەرز و ناوازەیە، بەپێی ڕای زۆربەی پێگە تەکنەلۆژییەکان، ئێڵجی بەڕاگەیاندنی ئەم مۆبایلە دەتوانێت بازاڕی خۆی گەرمتر بکات، ئەمەش بەپشتبەستن بەوەی کە تەنها لەماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە ٤٠ هەزار داواکاری پێش وەختە بۆ کڕینی ئەم مۆبایلە تۆمارکراوە!

شاشە: ٥.٧ ئینچ بە ڕوونی (٢٨٨٠ بە ١٤٤٠ پیکسڵ) لە جۆری IPS LCD 

پڕۆسێسەر: سناپدراگۆن ٨٢١ ی چوار ناوکی و پڕۆسێسەری گرافیکی ئەدرینۆ ٥٣٠

ڕام: ٤ گێگابایت

بیرگە: دوو جۆر بیرگەی ناوەکی بەقەبارەکانی ٣٢\٦٤ گێگابایت، لەگەڵ توانای زیادکردنی بیرگەی دەرەکی تا قەبارەی ٢٥٦ گێگابایت

کامێرا: بوونی دوو کامێرا لەپشتەوەی مۆبایلەکە بەڕوونی ١٣ مێگاپیکسڵ بۆ هەریەکێکیان، کامێرای پێشەوەش بەڕوونی ٥ مێگاپیکسڵ

باتری: بە فراوانی ٣٣٠٠ میلی ئەمپێر و پشتگیریکردن لە بارگاویکردنەوەی خێرا (Quick Charge 3) بەڕێژەی %٥٠ تەنها لە نیو کاتژمێردا

تایبەتمەندی تر: بوونی پارێزەرێکی بەهێز لەمۆبایلەکە لەدژی ئاو و خۆڵ و تۆز و شکان ئەمەش بەهۆی وەرگرتنی بڕوانامەی (IP 68) و پارێزەری (Corning Gorilla Glass 5)، دەرچەی جۆری (USB Type-C)

سیستەمی کارپێکەر: ئەندرۆید نوگەت ٧.٠

  • بوونی شاشەیەکی زۆر پێشکەوتوو بەڕوونیەکی بەرز و لە جۆری IPS LCD، هەروەها شاشەکە پشت بە نوێترین تەکنەلۆژیای ڕوونی بەرز دەبەستێت لەجۆری (Dolby Vision/HDR10)، ئەمەش ڕوونیەکی یەکجار بەرز و ناوازە دەدات بەمۆبایلەکە.
  • بوونی پارێزەرێکی بەهێز لەدەرەوە و ناوەوەی مۆبایلەکە بەگشتی، ئەمەش بەهۆی لەخۆگرتنی پارێزەری (Corning Gorilla Glass 5) کە مۆبایلەکە دەپارێزێت لە کەوتنەخوارەوە و شکان، هەروەها بەدەستهێنانی بڕوانامەی (IP 68) بۆ پاراستنی مۆبایلەکە لە دژی ئاو و خۆڵ و تۆز.
  • بوونی دوو کامێرا بەڕوونی بەرز و کارکردن بەچەندەها تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لەکامێرای مۆبایلەکەدا.

  • بەبەراورد لەگەڵ پێشکەوتووترین مۆبایلەکانی ئێستا، LG G6 بەلاوازتر دادەنرێت لەڕووی پڕۆسێسەرەکەیەوە، ئەمەش بەهۆی بوونی خێراییەکی کەمتر لە پڕۆسێسەرەکەدا، بۆیە دەکرا ئێڵجی پڕۆسێسەرێکی باشتری بۆ مۆبایلەکە دانابووایە.
  • لە مۆبایلی LG G5 دا، بەکارهێنەر دەیتوانی بەئارەزووی خۆی باتری مۆبایلەکە دەربهێنێت و بیگۆڕێت لەگەڵ چەند پارچەیەکی تر، بەڵام لە G6 دا ئەمە نەماوە، ئەمەش بەخاڵێکی لاوازی مۆبایلەکە دادەنرێت.

Huawei P10 Plus

 

کۆمپانیای هواوەی چینی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەبەرهەمە نایابەکانی جیهان سەرسام دەکات، لە پێشانگای جیهانی مۆبایلدا کۆمپانیاکە گورزی خۆی وەشاند و سێ مۆبایلی نوێی ڕاگەیاند بەناوەکانی (P10 ،P10 Plus و P10 Lite). هواوەی پی ١٠ پڵەس پێشکەوتووترین مۆبایلە لەنێوان ئەم سێیەدا و خاوەن تایبەتمەندی بەرز و نایابە، کۆمپانیاکە هەنگاوێک زیاتر بەرەوپێشچووە و چەندەها تایبەتمەندی نوێی لە مۆبایلەکەدا زیادکردووە.

شاشە: ٥.٥ ئینچ بە ڕوونی (٢٥٦٠ بە ١٤٤٠ پیکسڵ) لە جۆری IPS-NEO LCD 

پڕۆسێسەر: کیرین ٩٦٠ ی هەشت ناوکی و پڕۆسێسەری گرافیکی Mali-G71 MP8

ڕام: ٤\٦ گێگابایت

بیرگە: دوو جۆر بیرگەی ناوەکی بەقەبارەکانی ٣٢ گێگابایت بۆ ڕامی ٤ گێگایی و ٦٤ گێگا بۆ ڕامی ٦ گێگایی، لەگەڵ توانای زیادکردنی بیرگەی دەرەکی تا قەبارەی ٢٥٦ گێگابایت

کامێرا: بوونی دوو کامێرا لەپشتەوەی مۆبایلەکە یەکێکیان بەڕوونی ٢٠ مێگاپیکسڵ و ئەوەی تریان بەڕوونی ١٢ مێگاپیکسڵ، کامێرای پێشەوەش بەڕوونی ٨ مێگاپیکسڵ

باتری: بە فراوانی ٣٧٥٠ میلی ئەمپێر و پشتگیریکردن لە بارگاویکردنەوەی خێرا

تایبەتمەندی تر: بوونی پارێزەری (Corning Gorilla Glass 5)، دەرچەی جۆری (USB Type-C)

سیستەمی کارپێکەر: ئەندرۆید نوگەت ٧.٠

  • مۆبایلەکە شێوە و دیزاینێکی جوان و ناوازەی هەیە، سەرنجڕاکێشە بۆ بەکارهێنان و خاوەن شاشەیەکی چەماوەییە.
  • بوونی دوو کامێرای پێشکەوتوو لە مۆبایلەکەدا کەلەلایەن کۆمپانیای (Leica) دروستکراون، کامێراکان پشت بە چەند تەکنەلۆژیایەکی ناوازە دەبەستن و توانایەکی سەرسوڕهێنەریان هەیە.
  • بوونی خێراییەکی ناوازە لەپەنجەمۆری مۆبایلەکەدا.
  • بوونی پڕۆسێسەرێکی بەهێز و بەتوانا.

  • ڕێژەی شاشەکەی لەڕووی پێشەوەدا کەمە و دەکرا شاشەکە زیاتر ڕووەکە بگرێت، تەنها %٧١.٦ ی ڕووی پێشەوەی مۆبایلەکە شاشەیە، ئەمەش بە ڕێژەیەکی تاڕادەیەک کەمتر دادەنرێت.
  • Sony Xperia XZ Premium

کۆمپانیای سۆنی یابانی بەردەوامە لەوەشاندنی گورزەکانی، ئەمجارەشیان لە پێشانگای جیهانی مۆبایلدا پێشکەوتووترین مۆبایلی خۆی ڕاگەیاند بەناوی (Xperia XZ Premium)، مۆبایلێکی ناوازە و ئاستێکی یەکجار بەرز، هەروەکو جارانیش کامێرایەکی پێشکەوتوو و نایاب لەخۆدەگرێت، هەر لەبەر ئەمانەش، ئەم مۆبایلە بەشێوەیەکی بەفەرمی بەباشترین مۆبایلی پێشانگای جیهانیی مۆبایلی ئەمساڵ دەستنیشان کرا!

شاشە: ٥.٤٦ ئینچ بە ڕوونی (٣٨٤٠ بە ٢١٦٠ پیکسڵ) لە جۆری IPS LCD 

پڕۆسێسەر: سناپدراگۆن ٨٣٥ ی هەشت ناوکی و پڕۆسێسەری گرافیکی ئەدرینۆ ٥٤٠

ڕام: ٤ گێگابایت

بیرگە: ٦٤ گێگابایت، لەگەڵ توانای زیادکردنی بیرگەی دەرەکی تا قەبارەی ٢٥٦ گێگابایت

کامێرا: کامێرای پشتەوە بەڕوونی ١٩ مێگاپیکسڵ، کامێرای پێشەوەش بەڕوونی ١٣ مێگاپیکسڵ

باتری: بە فراوانی ٣٢٣٠ میلی ئەمپێر و پشتگیریکردن لە بارگاویکردنەوەی خێرا

تایبەتمەندی تر: بەدەستهێنانی بڕوانامەی (IP68) دژی ئاو و خۆڵ و تۆز، بوونی پارێزەری  (Corning Gorilla Glass 5)، دەرچەی جۆری (USB Type-C)، شاشەکەی بەنوێترین تەکنەلۆژیا لەجۆری (HDR 10) کاردەکات

سیستەمی کارپێکەر: ئەندرۆید نوگەت ٧.١

  • بوونی شاشەیەکی ئێجگار ئاستبەرز و ناوازە، کارکردن بە تەکنەلۆژیای HDR 10 کە ڕوونییەکی ناوازە دەدات بەشاشەی مۆبایلەکە
  • مۆبایلەکە بەپێشکەوتووترین پڕۆسێسەر کاردەکات کە سناپدراگۆن ٨٣٥ ـە، ئەمەش توانایەکی ئێجگار بەرز دەدات بە مۆبایلەکە.

  • چاوەڕوان دەکرا فراوانی باترییەکەی زیاتر بێت.
  • پێشبینی دەکرێت نرخەکەی گرانتر بێت لەچاو مۆبایلەکانی تری هاوئاستی ئەو.

 

 

بۆچونی تۆ