بابەتی گرینگ
24, ئازار 2017
زانیاری نوێ لەسەر گالاکسی نۆوت ٨ بڵاودەبێتەوە!

نزیک دەبینەوە لەکۆنگرەی (Unpacked 2017) ی کۆمپانیای سامسۆنگ، کە تیایدا نەوەی نوێی زنجیرەی گالاکسی ئێس نمایش دەکرێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێشبینی و زانیاری دزەپێکراوی زیاتر بڵاودەکرێنەوە. لەئێستاشدا، بەهۆی شکستهێنانی مۆبایلی گالاکسی نۆوت ٧ بەهۆی پاتری و کێشەی گەورەوە، پێگە تەکنەلۆژییەکان چاویان لەڕاگەیاندنی نەوەیەکی نوێی زنجیرەی گالاکسی نۆوتە بەناوی گالاکسی نۆوت ٨ شان بەشانی ئێس ٨.
دوێنێ پێگەی (Phone Arena) نوێترین زانیاری پێشبینیکراوی لەسەر نەوەی نوێی نۆوت بڵاوکردەوە کە گالاکسی نۆوت ٨ ـە، لەسەر بنەمای وتەی بەرپرسی بەشی مۆبایلی کۆمپانیای سامسۆنگ (Dj Koh) کە دەڵێت: “من مۆبایلێکی باشتر، پارێزراوتر و نوێکارانەتر بەرهەم دەهێنم کە نۆوت ٨ ـە”، ئەم وتەیەی دی جەی، هیوایەکی زۆری بەهەوادارانی سامسۆنگ بەخشی، لەڕۆشنایی وتەکەشەوە پێگە تەکنەلۆژییەکان چاوەڕێی تایبەتمەندی نایاب لە نۆوت ٨ دەکەن.
پێگەکە سوودی لەچەند سەرچاوەیەکی چینی وەرگرتووە بۆ زانیارییە دزەپێکراوەکان و ئاماژەی بەتایبەتمەندییەکانی نۆوت ٨ داوە، لەخوارەوەدا باس لە سەرجەم زانیارییە دزەپێکراوەکان دەکەین کە لەسەر نۆوت ٨ بڵاوکراونەتەوە.
بەگوێرەی پێشبینی و دزەپێکراوەکان، مۆبایلی گالاکسی نۆوت ٨ خاوەنی پێشکەوتووترین پڕۆسێسەر دەبێت کە بریتیین لە سناپدڕاگۆن ٨٣٥ یاخود زنجیرەی نۆیەمی Exynos. هەروەکو ساڵانی پێشوو، لەوڵاتی ئەمریکادا نۆوت ٨ لەجۆری پڕۆسێسەری سناپدراگۆن دەفرۆشرێت، بەڵام لەوڵاتانی تر بەگشتی نۆوت ٨ ی جۆری Exynos دەفرۆشرێت، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا نەوەی نۆیەمی پڕۆسێسەرەکانی Exynos ڕانەگەیەنراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت نۆوت ٨ ببێتە سەرەتایەک بۆ ڕاگەیاندنی و خاوەنی زنجیرەی نۆیەمی ئەو پڕۆسێسەرە بێت، کە لەهەموو زنجیرەکانی تر پێشکەوتووتر دەبێت.

ئەوەی کە بەکارهێنەرانی سامسۆنگ چاوەڕێیان دەکرد، پێشبینی دەکرێت لێرەدا بێتە دی. بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان، گالاکسی نۆوت ٨ قەبارەی شاشەکەی ٦.٤ ئینچ دەبێت، لەجۆری Super AMOLED، بەڵام ئەوەی کە سەرنجڕاکێش و نایاب دەبێت، ڕوونیەکەیەتی کە پێشبینی دەکرێت ڕوونی ڕوونماکەی 4K بێت، واتا ٣٨٤٠ بە ٢١٦٠ پیکسڵ.

پێشبینی دەکرێت ڕامی مۆبایلەکە (٦ گێگابایت) بێت، ئەمەش باوەڕپێکراوە، چونکە کۆتاییەکانی ساڵی پار سامسۆنگ مۆبایلی (C9 Pro) ی بەڕامی ٦ گێگابایتەوە ڕاگەیاند و لەفرۆشگاکانی وڵاتی چین بەردەستی کرد، هەروەکو پێشبینیش دەکرێت کە ڕامی گالاکسی ئێس هەشتیش بەهەمان شێوە ٦ گێگابایت بێت. سەبارەت بە بیرگەی ناوەکی مۆبایلەکە، زانیاری ورد لەسەری نین، بەڵام دەگوترێت کە بیرگەکەی تا ٢٥٦ گێگابایت دەبێت.
هەروەکو ئاماژەمان پێدا، ئەمانە تەنها پێشبینیکراون و زانیاری فەرمی نین، دەبێت چاوەڕوانی سامسۆنگ بین تا ئەو کاتەی کە مۆبایلەکە ڕادەگەیەنێت، بزانین ئەم جارە چی بۆ ئامادەکردووین بۆ ئەوەی ئازاری نۆوت حەوتمان بیربباتەوە!
ئەنەس هاوار
هەوڵدەدەم بۆ باشترکردنی ڕەوشی تەکنەلۆژیا لەکوردستان و هۆشیارکردنەوەی خەڵکیی لەڕێگەی هەواڵ و زانیاری تەکنەلۆژیی.