10
ئەندرۆید 26, ئایار 2017

هواوەی مۆبایلەکانی Nova 2 و Nova 2 Plusی ڕاگەیاند

ئەمڕۆ هواوەی نەوەی دووەمی مۆبایلەکانی زنجیرەی Novaی ڕاگەیاند کە خاوەن تایبەتمەندی مامناوەند بۆ بەرز و دیزاینێکی جوانن.

هەردوو مۆبایلی نۆڤا ٢ و نۆڤا ٢ پڵەس بە پرۆسێسەری نوێی Kirin 659 کار دەکەن کە پێکهاتووە لە ٨ ناوک لە جۆری Cortex-A53 و یەکەی چارەسەری گرافیکی مۆبایلەکانیش بریتییە لە Mali-T830 MP2، هەروەها خاوەن ٤ گێگابایت ڕامن.

مۆبایلەکان خاوەن جوتێک کامێران لە ڕووی پشتەوە کە یەکێکیان ڕوونییەکەی ١٢ مێگاپیکسڵە و قەبارەی هەر پیکسڵێکی ١.٢٥ مایکرۆمەترە، هەروەها تیرەی چاوی کامێراکە بریتییە لە (f/1.8) و کامێرای دووەمیش ڕوونییەکەی ٨ مێگاپیکسڵە، لە ڕووی پێشەوەش کامێرایەک هەیە بە ڕوونی ٢٠ مێگاپیکسڵ بۆ هەوادارانی سێڵفی!

لاشەی مۆبایلەکان لە کانزا پێکهاتووە و ئەستورییان تەنها ٦.٩ میللی مەترە و خاوەن دەرچەی USB Type-C و هەستەوەری پەنجەمۆرن، ڕونماکانیان لە جۆری LPTS LCDیە و ڕوونییان 1080pیە.

مۆبایلەکان لەسەر EMUI 5.1 کاردەکەن کە لەسەر وەشانی ئەندرۆید ٧.٠ نوگەت بنیاد نراوە.

جیاوازی نێوان دوو مۆبایلەکە چەند شتێکی کەمە، قەبارەی ڕونمای نۆڤا ٢ ٥ ئینچە و هی نۆڤا ٢ پڵەس ٥.٥ ئینچە، فراوانی پاتری نۆڤا ٢ ٢٩٥٠ میللی ئەمپێر/کاتژمێر و هی نۆڤا ٢ پڵەس ٣٣٤٠ میللی ئەمپێر/کاتژمێرە، بیرگەی ناوەکی نۆڤا ٢ ٦٤ گێگابایت و هی نۆڤا ٢ پڵەس ١٢٨ گێگابایتە، هەروەها کێشی نۆڤا ٢ ١٤٣ گرام و هی نۆڤا ٢ پڵەس ١٦٩ گرامە.

نرخی نۆڤا ٢ ٢٥٠٠ یوان (٣٦٥ دۆلار) و هی نۆڤا ٢ پڵەس ٢٩٠٠ یوان (٤٢٠ دۆلار) لە وڵاتی چین و لە ڕۆژی ١٦ی مانگی داهاتووەوە بە ڕەنگەکانی شین و سەوز و ڕەش زێڕی گوڵی(Rose gold) بەردەست دەبن.

 

 

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ