سامسۆنگ
7, تهمموز 2017
سامسۆنگ ئاماری خەمڵێنراوی خۆی بۆ چارەکی دووەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و قازانجێکی زۆری کردووە

گەورە کۆمپانیای کۆری سامسۆنگ ئاماری خەمڵێنراوی خۆی بۆ مانگەکانی ٤ و ٥ و ٦ی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە کە کۆمپانیاکە ٥٢ ملیار دۆلار داهاتی هەبووە و لەو بڕەش ١٢.١١ ملیاری قازانج بووە! کە ئەم بڕە ٧٢٪ زیاترە لە قازانجی هەمان چارەکی پار و پێشبینییەکانی شارەزایانی تێپەڕاندووە.
ئەمە شتێکی ئاساییە لە کاتێکدا سامسۆنگ لە زۆر بواردا یەکێکە لە پێشەنگەکانی جیهانی تەکنەلۆژیا، هەروەها ڕێکەوتنی هەیە بۆ فرۆشتنی ڕوونمای Oled بە ئەپڵ بۆ ماوەی ساڵێک و هەر لەم هەفتەیەدا بڵاوکرایەوە کە سامسۆنگ بەنیازە ١٨ ملیار دۆلار خەرج بکات بۆ بەرەوپێشبردن و گەورەترکردنی خۆی لە بواری بەرهەمهێنانی چیپەکانی بیرگە و ڕوونماکاندا.
سەرەڕای کارەساتەکەی مۆبایلی گالەکسی نۆت ٧ بەڵام بەهۆی مامەڵەی باشی سامسۆنگ لەگەڵ کارەساتەکە و بەهۆی سەرکەوتوویی ئێس ٨ و ئێس ٨ پڵەس و داهاتی زۆر بواری تر کە سامسۆنگ تیایاندا لە پێشەنگەکانە(وەک بەرهەمهێنانی ڕوونما و چیپەکان)، کۆمپانیاکە توانیویەتی چارەکی پێشوو ژمارەیەکی پێوانەیی لە قازانجدا تۆمار بکات، هەروەها لە هەفتەکانی داهاتوودا سامسۆنگ ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر چارەکی پێشوو بڵاودەکاتەوە و وردەکارییەکانی قازانج و داهاتی دەخاتەڕوو.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.