ئەپ و نەرمەکاڵا 22, ئاب 2017

٥ باشترین ئەپەکانی نوسینی تێبینی بۆ ئەندرۆید

بێگومان ئەمڕۆ مۆبایلێکی زیرەک توانای تۆمارکردنی دەنگ و وێنەگرتن و نوسینی بە دەست لەسەر ڕوونما و دروستکردنی لیستی کار و زانیاری کەسی و چەندان شتی تریشی بە ڕێگەی ناوازە و هەمەجۆر هەیە. ئەمە لەکاتێکدا چەندان ڕێگەی جیا جیا هەن، بەڵام ئەمە سەرەنج ڕاکێشتر دەبێت کە بتوانرێت زۆربەی ئەوانە لە ئەپێکی ناوازە کۆبکرێنەوە و هەمووی بەیەک جار ببینرێن و کاریان لەسەر بکرێت.

بێگومان ئەپەکانی تێبینی نوسین ژیانت باشتر دەکەن و لەم ژیانە ئاڵۆزەی ئێستادا وا دەکەن شتەکانت تۆماربکەیت و دواتر بیرت بخەنەوە و هەروەها وەکو دەفتەر تێبینیەک کە بتوانیت تەنانەت بە پەنجەکانیشت شت بنوسیت تێیدا دەور دەبینن. بێگومان بۆ سیستەمی ئەندرۆید ئەپی زۆر باشی ئەم بوارە هەن بەڵام هەموویان وەکو یەک دروست نەکراون و بۆ ئەوەی ئێوە ژیانتان باشتر بکەن ٥ لە باشترینەکانمان بۆ هەڵبژرادوون و لەخوراوە لیستمان کردوون.

ئێڤەرنۆوت Evernote

چۆن گووگڵ لەبواری بزوێنەری گەڕان تایبەتە ئاواش ئێڤەرنۆوت بۆ تێبینی نوسین تایبەت و پێشەنگە. لەڕاستیدا ئەوە ئێڤەرنۆوت بوو کە ستاندەردی ئەپی نۆوتی جێگیرکرد و زۆربەیان لەسەر ئەو بیرۆکەیە دەڕۆن کە ئێڤەرنۆوت کردی. لەڕێگەی ئێڤەر نۆوتەوە دەتوانیت نوسینی ئاسایی و لیستی بە ژمارە و Check List و بیروەری دەنگی و بیرەوەری وێنەیی و نوسین لەسەر وێنە و پی دی ئێف بیکەیت و هەروەها وەبیرهێنەرەوەشی تێدایە. دەتوانیت لیستەکانت ڕەنگ بکەیت و یان تاگی تایبەتیان پێ بدەیت. ئەمە جگە لەوەی دەتوانیت لەکاتی نوسینی تێبینی و لیستەکان لەگەڵ کەسی تر هاوبەشی بکەیت و هاوکاری بکەیت بۆ نمونە لەکاتی کاردا.

ئێڤەرنۆوت ویجێتیش لەخۆی دەگرێت کە دەستپێگەیشتنی ڕاستەوخۆ بە لیستی بازاڕکردنەکان و چەندان شتی تر لەسەر ڕوونمای سەرەکی بۆ تۆ بەردەست دەکات و ئەمە و ئاسانی وەبیرهێنانەوەی ئەرکە گرنگەکان لەکاتی خۆیدا. بەکورتی خۆی لە خۆیدا سیستەمێکی سەربەخۆیەوە بۆ بواری خۆی. کرتە بکە بۆ داگرتن.

گووگڵ کیپس Google Keeps

گووگڵ کیپس ڕاستەوخۆ لەگەڵ زۆربەی مۆبایلە ئەندرۆیدەکان لە بنچینەدا هەیە. بەڵام بوونی ئەو بەشێوەیەکی بنچینەیی لەسەر مۆبایلە ئەندرۆیدەکان واتای ئەوە نییە کە تایبەتمەندی کەمتری هەبێت بەڵکو بەپێچەوانەوە یەکێکە لە باوترین و بەناوبانگترین ئەپەکانی نوسینی تێبینی لەسەر ئەندرۆید. گووگڵ کیپست بە مەتێریاڵ دیزایین بەهێزکراوە و ڕەنگ بۆ ڕێکخستنی تێبینی و لیستەکانت بەکاردەهێنیت. لەڕاستیدا زۆر کرداری و پێشکەوتووە و هەر تێبینییەک کە زیادی دەکەیت دەبێتە کاردێک و بە ئاسانی دەتوانیت بەناویاندا گوزەر بکەیت. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە لەگەڵ گووگڵ درایڤ تێکهەڵکێشکراوە و لەسەر گشت ئامێرەکانت هاوکات دەبێت و دەتوانیت دەستت بە دوایین تێبینی و لیستەکانت بکات. لە ڕێگەی گووگڵ کیپس دەتوانیت تێبینی ئاسایی و لیستی ئەرک و یادەوەری دەنگی و وەبیرهێنەرەوە دابنێیت. گرنگترین بەشی گووگڵ کیپس ئەوەیە پشتگیری سیستەمی ئەندرۆید وێیەر دەکات و کەواتە لەسەر کاتژمێرە زیرەکەکانیش دەتوانیت دەستت بە تێبینییەکانت بگات.

گووگڵ کیپس خۆی بەشێوەیەکی بنچینەیی لەسەر زۆربەی مۆبایلە ئەندرۆیدەکان هەیە بەڵام لە هەمان کاتیشدا لەسەر گووگڵ پلەی بەردەستە بۆ داگرتن بۆ ئەوانەی لەسەر مۆبایلەکانیان نییە. کرتە بکە بۆ داگرتن.

مایکرۆسۆفت وەن نۆوت Microsoft OneNote

مایکرۆسۆفت وەن نۆوت بەخشینێکی گەورەبوو بە شێوەی نوسینی تێبینی لەسەر مۆبایلە زیرەکەکان. وەن نۆوت لەگەڵ وەن درایڤ تێکهەڵکێش کراوە هەروەکو چۆن گووگڵ کیپسیش لەگەڵ گووگڵ درایڤ تێکهەڵکێشکراوە. وەن نۆوتیش وەکو هەر یەک لە کیپس و ئێڤەرنۆوت توانای تێبینی نوسی و لیست و زیادکردنی فرەمیدیای وەکو وێنە و دەنگی هەیە و هەروەها بە دەستیش دەتوانیت تێبینی بنوسیت بەڵام ئەگەر پێنوسی زیرەک هەبێت تێبینی نوسینەکە باشتر دەبێت. هەرچەندە وەن نۆوت سەکۆیەکی بێ بەرامبەرە بەڵام توانای بەشداریکردن لە ئۆفیس ٣٦٠ی بۆ زیادکراوە بەهۆیەوە بە بەرامبەر بڕێک پارە دەتوانیت تایبەتمەندی زیاتر بۆ ئەم ئەپە زیادبکەیت. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەم ئەپە بەتەواوی لەگەڵ ئۆفیس تێکهەڵکێش کراوە و مامەڵە لەگەڵ ئەپەکانی ئۆفیس دەکات. کرتە بکە بۆ داگرتن.

ئێس نۆوت S Note

سامسۆنگ لەسەر گووگڵ پلەی دوو ئەپی هەیە کە تایبەتن بە نوسینی تێبینی ئەوانیش Samsung Notes و S Noteـن. ئێمە لێرە باسی ئێس نۆوت دەکەین کە تایبەت بۆ زنجیرەی مۆبایلەکانی گالەکسی نۆوت کراوە بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە جگە لە گالەکسی نۆوت نەبێت کەس نەتوانێت بەکاریبهێنێت بەڵکو ئاسایی هەموو مۆبایلێک دەتوانێت سودی لێ وەربگرێت. لەڕێگەی ئێس نۆوتەوە  دەتوانیت وێنە و نوسین و لیست و تێبینی بنوسیت و تۆماربکەیت. ئەوەی تایبەتە لە ئێس نۆوت ئەوەیە کە بۆ هەر شتێک دەتوانیت لەناویدا دەفتەر دروست بکەیت بۆ نمونە لیستی بازاڕکردن دەفتەرێکی تایبەت و وێنەکان بە بوونی تیبینی لەسەریانەوە لە دەفتەرێکی تر. ئەمە سەرباری ئەوەی دەتوانیت تێبنییەکانت لەگەڵ بەکارهێنەرانی تری ئێس نۆوت هاوبەشی پێ بکەیت و تەنانەت وەکو وێنەش پاشەکەوتیان بکەیت و بە گوێرەی خواستی خۆت بەکاری بهێنیت. لەڕاستیدا، ئێس نۆوت وەکو هەندێک لەوانەی باسمان کردن خۆ گونجێنەر نییە بەڵام لە زۆربەیان ئاسانترە بۆ بەکارهێنان. کرتە بکە بۆ داگرتن.

ئۆمنی نۆوتس Omni Notes

ئۆمنی نۆوتس وەکو ئەوانەی سەرەوە لە بەناوبانگی بەناوبانگ نییە بەڵام لەتوانستدا بێ وێنەیە. بەهۆی سەرچاوە کراوەییەوە دەتوانیت تێبنییەکانت تێکەڵ بکەیت و هاوبەشیان پێ بکەیت و هەروەها بەگوێرەی هاوپۆل و تاگ ڕێکیان بخەیت. ئەمە جگە لەوەی لیستی پێ دروست دەکرێـت و دەتوانیت بە دەستیش تێبینی و نەخشە بکەیت لەسەر ئەپەکە. ئەمە جگە لەوەی توانای پاشەکەوتکردنی هەیە و توانای دانانی دەنگ و هاوپێچکردنی پەڕگەی جیاجیای هەیە. ئۆمنی نۆوتس پشتگیری زۆر جۆر ویجێت دەکات و هەروەها پشتگیری ڕوونمای قوفڵ لە ئەندرۆید ٤.٢ بەرەو سەرەوە دەکات. کرتە بکە بۆ داگرتن.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ