ئەندرۆید 16, تشرینی دووه‌م 2017

یەکەمین مۆبایلی سۆنی بە کامێرای دوانە هاوێنەیی دەرکەوت

کۆمپانیای سۆنی یەکێکە لەو کۆمپانیانەی کە تاوەکو ئێستا هیچ بەرهەمێکی نیە بە کامێرای دوانە هاوێنەوە. مۆبایلێکی نەزانراوی کۆمپانیایەکە بە ناوی Sony Xperia H3213 Avengerـەوە لە هەڵسەنگێنەری GFXBenchـدا دەرکەوت. بەپێی هەڵسەنگێنەرەکە بێت ئەم مۆبایلە نەزانراوە دەبێتە یەکەمین مۆبایلی کۆمپانیای سۆنی کە خاوەنی کامێرایەکی دوو هاوێنەیی بێت.

کامێرای پێشەوەی مۆبایلە نەزانراوەکە بەپێی هەڵسەنگێنەرەکە بێت، ١٦ مێگاپێکسڵ بە ٨ مێگاپێکسڵ دەبێت و توانای تۆمارکردنی گرتەی 4K هەیە. لە کامێرای دواوەیدا کامێرایەکی تاک هاوێنەیی ٢١ مێگاپێکسڵی بەدیار دەکەوێت کە توانای تۆمارکردنی گرتەی 4K هەیە هاوشێوەی کامێرای پێشەوە.

ئەم مۆبایلە نابێتە یەکێک لە مۆبایلە ئاست بەرزەکانی کۆمپانیای سۆنی. بە هۆکاری ئەوەی چیپەکەی سناپدراگۆن ٦٣٠ـە ، بە بەرهەمێکی ئاست مامناوەندی کۆمپانیای سۆنی هەژماردەکرێت. هەرچەندە هێشتا دیار نیە کەوا کەی ئەم بەرهەمە لەلایەن کۆمپانیای سۆنیەوە نمایش دەکرێت. ڕامی مۆبایلەکە لە دەرکەوتنەکەدا بە ٤ گێگابایت ڕام ئاشکرا کراوە، بیرگەی ناوەکی مۆبایلەکەش ٣٢ گێگابایت نیشان دراوە. لەلایەکی دیکەوە ئاماژە بە هەبوونی وەشانی ئەندرۆید ئۆریۆ ٨.٠ دەکرێت لەسەر مۆبایلەکە.

هەڵسەنگێنەرەکە باس لە هەبوونی ڕوونمای مۆبایلەکە دەکات بە قەبارەکەی ٦ ئینج و ڕوونی ١٠٨٠ پێکسڵ، بە ڕێژەی ڕوونمای 18:9. بەپێی ڕەچاوکردنی قەبارەی ڕوونماکەی بێت، دەشێت ئەم مۆبایلە جۆرێکی دیکە بێت لە Ultraـی زنجیرەی سۆنی ئێکسپێریا XA.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ