10
گووگڵ 28, شوبات 2018 بۆچوون

دیارترین 5 تایبەتمەندی گوگڵ کڕۆم کە لە وەشانەکانی کۆتاییدا بەردەست بوون

لە ماوەی پێشوودا کۆمپانیای گوگڵ گرنگییەکی زۆری بە وێبگەڕی گوگڵ کڕۆم دابوو و کاری لەسەر زیادکردنی چەندین تایبەتمەندی دەکرد کە دەبێتە یارمەتیدەرێکی باش بۆ هەر بەکارهێنەرێکی وێبگەڕەکە وە دەستپێکی دەرکەوتنی ئەو تایبەتمەندییانە لە وەشانەکانی ٦٢ بوو تا وەشانی ٦٤ و گرنگترینی ئەو تایبەتمەندییانەش دابینکردنی ئاسایشە بۆ بەکارهێنەران و لە ڕێگای ڕاگەیاندراوێکی فەرمی لە گوگڵەوە ٥٣ کێشە و کەلێن کە لە وێبگەڕەکە هەبوو چارەسەر کراوە لە نێوانیشیاندا هەردوو کەلێنی Meltadown و Spectre.

ئێستاش لەگەڵتان بەردەوام دەبم بە دیارترین 5 تایبەتمەندی گوگڵ کڕۆم کە لە وەشانەکانی کۆتاییدا بەردەست بوون.

سڕینەوەی ڕیکلامەکان

یەکێک لەو کێشانەی هەموو بەکارهێنەران بێزار دەکات ڕیکلامەکانە بۆ ئەوەش گوگڵ هەستاوە بە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لە ڕێگەی ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ئاد بلۆک کە لە گووگڵ کڕۆمدا دادەنرێت بەڵام وەک ئەو زیادەیە نابێت کە ناودەبرێت بە Ad Block Plus بەڵکو ئاد بلۆکەکەی تایبەت بە گوگڵ تەنها ٥٥ جۆر لە ڕیکلامەکان واتە لەسەدا ١٧% ی ڕیکلامەکانی نێو ماڵپەڕەکان ڕێگری لێ دەکات و گرنگترین ئەو جۆرانەش نەهێشتنی ئەو ڕیکلامانەیە کە بە شێوەی لەناکاو دەکرێنەوە و هەروەها ئەوانەشی کە بەشێکی زۆری ڕوونما داگیردەکەن و ئەوانەش کە تێکەڵ دەبن لەگەڵ نووسینەکان بەڵام ڕیکلامەکانی تری گووگڵ لەگەڵ ئەو جۆرانەی کە زیان بە بەکارهێنەر ناگەیەنن و بێزاری ناکەن دەمێننەوە.

دەرخستنی ئەو ماڵپەڕانەی کە پارێزراو نین

لە یەکێک لەو هەنگاوانەی کە کۆپانیای گوگڵ جێبەجێی کردووە، ڕێنمایی دانە بەوەی هەموو ئەو ماڵپەڕانەی کە بە پڕۆتۆکۆلی پاراستنی HTTPS کار ناکەن بە نەپارێزراو دادەنرێن، وە هەروەها لەوانەیە سەرچاوەیەک بن بۆ بردنی زانیاری هەژمارە بانکییەکان و تێپەڕەوشەکان و هەموو ئەو زانیارییانەی کە بەردەستن لە وێبگەڕەکەتدا و دەشتوانیت تێبینی نەپارێزراوی ماڵپەڕەکان بکەیت لە ڕێگای تەماشا کردنی شریتی گەڕان لە وێبگەڕەکەتدا و بینینی ئەو ماڵپەڕەی کە بە کاری دەهێنیت، بە وشەی پارێزراو یان نەپارێزراو لە تەنیشت بەستەری ماڵپەڕەکەدا بۆت دەردەکەوێت.

خێراییەکی زۆرتر لە کاتی داگرتندا

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تری گوگڵ کڕۆم لە کاتی داگرتندا بوونی خێراییەکی زۆرترە بەڵام بۆ دەستکەوتنی ئەمە دەبوایە بگەیت بە Flags، بەڵام ئێستا لە وێبگەڕەکەت جێبەجێ کراوە و بووەتە شتێکی سەرەکی ئەویش تایبەتمەندی Parallel Downloadingـە وە بە گەڕانەوە بۆ ئەم بابەتە (چۆنییەتی بەرزکردنەوەی خێرایی داگرتن لە وێبگەڕێ گووگڵ کڕۆم هاوشێوەی Internet Download Manager) دەتوانیت چالاکی بکەیت بەڵام ئەگەر وەشانی وێبەگەڕەکەت ٦٤ بێت ئەوا دەبینیت کە خێراییەکەی یە شێوەیەکی بەرچاو لە کاتی داگرتنی فایلەکاندا زیادی کردووە و تێبینی دەکەیت کە خێرایی داگرتنی تەواوەتیت پێ دەدات و یەم پێیەش پێویستت بە نەرمەکاڵای دەرەکی نابێت داگرتنی فایلەکانت نابێت.

نەهێشتنی دەنگی ماڵپەڕەکان

ئەم تایبەتمەندییە دەبوایە چالاک بکرایە لە ڕێگەی Flagsـەوە بەڵام لە وەشانەکانی کۆتاییدا زیادکراوە و هەڵدەستێت بە نەهێشتنی ئەو ماڵپەڕانەی کە کۆمەڵە سکریپتێکی تێدایە هەڵدەستێت بە کارپێنەکردنی دەنگ لە کاتی کردنەوەی ماڵپەڕەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ ئارەزووی بەکارهێنەر.

سڕینەوەی زیادەی بەستەری ماڵپەڕەکان

ئەم تایبەتمەندییە لە وەشانی ٦٤ی گوگڵ بۆ مۆبایلەکانی ئەندرۆید بەردەستە کە ڕزگارت دەکات لە زیادەی بەستەری ماڵپەڕەکان و دەتوانیت تێبینی ئەوە بکەیت لە ڕێگای کارپێکردنی ئەپی گوگڵ کڕۆم لەسەر سیستمی ئەندرۆید پاشان لە کاتی سەردانیکردنی هەر ماڵپەڕێکدا دەبینێت کە بەستەرەکە کورتە و هیچ زیادەیەکی نییە.

بۆچونی تۆ