10
بابەتی گرینگ 2, ئاب 2018 بۆچوون

فەیسبووک چەند ئامرازێکی نوێ ڕادەگەیەنێت بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کاتەکانت

کۆمپانیای فەیسبووک دوێنێ لەسەر زاری بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکانی (دەیڤد جینسبێرگ) وە بەڕێوەبەری بەرهەمەکان لەئینستەگرام (ئەمییت ڕانادیڤ) چەند ئامڕازێکی نوێی ڕاگەیاند بۆ یارمەتیدانی بەکارهێنەران لەباشتر بەڕێوەبردنی کاتەکانیان لەسەر ئەپەکانی فەیسبووک و ئینستەگرام، بەشێک لەو ئامرازانەش بریتیین لە بەشی زانیاریی چالاکییەکان و ئامرازیی وەبیرهێنانەوەی ڕۆژانە، لەگەڵ دەستەبەرکردنی ڕێگایەکی نوێ بۆ سنووردارکردنی ئاگادارکردنەوەکان (Notifications).

فەیسبووک دەڵێت ئەم ئامرازانەی گەشەپێداوە بەیارمەتی شارەزایان و ڕێکخراوە تەندروستییەکان و کەسانی ئەکادیمیی و لێکۆڵینەوەکان و تێبینی کۆمپانیا گەورەکان، ئامانجیش لێی یارمەتیدانی بەکارهێنەرانە بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە کاتەکانیان بەسەر ببەن لەفەیسبووک و ئینستەگرام، ئامانجێکی تری ئەم ئامرازانەش گرنگی پێدانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی و خێزانییە بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتر بەخۆیان بدەن و بتوانن تاڕادەیەک سنوور بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابنێن.

بۆ گەیشتن بەم ئامرازانە، بڕۆ بۆ بەشی ڕێکخستنەکان (الإعدادات – Settings) لەهەریەکێک لەئەپەکانی فەیسبووک و ئینستەگرام، لەئینستەگرام کرتە بکە لەسەر بەشی چالاکیت (نشاطك – Your Activity) و لەفەیسبووکیش کرتە بکە لەسەر بەشی کاتەکانت لەسەر فەیسبووک (وقتك على الفيسبووك – Your Time on Facebook).

دەبینیت کەوا بەشەکە چەند زانیارییەکت پێ دەدات لەوانە تێکڕای ناوەندیی ئەو کاتەی کەلەسەر فەیسبووک یان ئینستەگرام بەسەرتبردووە، دەتوانیت بەپێی ڕۆژیش تێکڕای بەسەربردنی کاتەکەت لەسەر ئەو دوو ئەپە بزانیت، هەروەها دەتوانیت وەبیرهێنانەوەی ڕۆژانەش بۆ خۆت دابنێیت بۆ ئەوەی کاتێکی سنووردار و دیاریکراو دابنێیت بۆ بەسەربردنی لەسەر ئەو دوو ئەپە ئەمەش لەڕێگەی ئامرازی (Set Daily Reminder).

جگە لەمانەش دەتوانیت ئاگادارکردنەوەکان (Notifications-الإشعارات) ڕێکبخەیت و تەنانەت بێدەنگییان بکەیت لەوکاتەی کە دەتەوێت لەڕێگەی ئامرازی (Notification Settings). ئەوەشمان بیرنەچێت ئەم ئامرازانە لەئێستادا بۆ بەشێک لەبەکارهێنەران بەردەستە، لەداهاتوویەکی نزیکدا بۆ سەرجەم بەکارهێنەران بەردەست دەبێت.

ئەمانە چەند ئامرازێکی بەسوودن و بەو هیوایەی تاک بەتاکمان بتوانین سوودی لێ ببینین و بەکاریان بهێنین، چونکە بەسەربردنی کاتەکانت لەشتی بێ مانا و بێ سوود زیانت پێدەگەیەنێت و دەکرێت ئەو کاتانە بکرێنە دەرفەتێک بۆ بەسەربردنیان لەشتی باشتر و شتانێک کەسوودیان بۆمان هەبێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ