10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 17, ئاب 2018 1 بۆچوون

داهاتوو و کارەکانی تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد

ئێستا وا دەردەکەوێت تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد خاڵێکی سەرەکی کۆمپانیاگەورەکان بێت بۆ تیشکخستنەسەر ئەو نوێکارییانەی بەسەر تەکنەلۆژیاکەدا دێت و تیشک بخەنە سەر بەکارهێنانەکانی تەکنەلۆژیاکە لە داهاتوودا. ئەوەش ڕوونە ژیری دەستکرد باشترین نموونەی بەردەستە بۆ درەوشانەوەی تەکنەلۆژیای داهاتوو.

تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد ژیریەکە هاوشێوەی ژیری مرۆڤ مامەڵە دەکات. ژیری ئامێرەکانە و باشترین نموونەش یارمەتیدەری دەنگی گووگڵە. ئەو ئامێرەی ژیری هەیە دەتوانێت بە دەوروبەری خۆی بزانێت و لە بەرامبەر مرۆڤدا کاردانەوەی هەبێت. ژیری دەستکرد زانستی دروستکردنی ئامێرەژیرەکانە.

ئیستا ژیری دەستکرد بەربڵاوە، لە ناو مۆبایلەکان جێگیرە تەنانەت لە ناو یارییەکانیشدا هەیە و هەستێکی دیکە بە یاریکەران دەدات. ئەمازۆن ئەلێکسای هەیە و ویندۆوزیش کۆرتانا. ئەندرۆیدیش یارمەتیدەری گووگڵ و مۆبایلەکانی ئایفۆنیش سیرییان هەیە کە هەموو ئەم ژیرانە بۆ یارمەتیدان و وەڵامدانەوەی بەکارهێنەرانە.

کۆمپانیاکان بە گرنگییەوە لە داهاتووی ژیری دەستکرد دەڕوانن و گرنگترینیان گووگڵە. گووگڵ زۆرتر لە کۆمپانیاکانی تر گرنگی بەم تەکنەلۆژیایە دەدات و لەم دواییانەشدا نوێکارییەکی گەورەی لە ژیری یارمەتیدەرەکەیدا کرد، جێی سەرسوڕمانی هەموو لایەک بوو و دەکرێت باشترین ژیری یارمەتیدەر بێت کە بە شێوەیەکی نایاب بەرامبەر مرۆڤ کاردانەوەی هەبێت وەک لەم نموونەپەیوەندییەدا دیارە:

[su_youtube url=”https://youtu.be/JvbHu_bVa_g”]

بەکارهێنانەکانی ژیری دەستکرد لە ئێستادا

یارمەتیدەرەژیرەکان

یارمەتیدەری گووگڵ، ئەلێکسای ئەمازۆن، کۆرتانای مایکرۆسۆفت و سیری ئەپڵ باشترین بەکارهێنانەکانی ئێستایە بۆ یارمەتیدەرەدیجیتاڵییەکان کە ئەمانە لەسەر مۆبایل و کۆمپیوتەرەکان جێگیرن. یارمەتیدەرەژیرەکان تەنیا لەم ئامێرانەدا نین بەڵکو لەسەر ئامێرەکانی تایبەت بە ماڵەوەش هەن وەک ئێکۆی ئەمازۆن.

ژیری هزری قوڵ DeepMind

زانستێکە، قۆناغێکی گەورەی دیکەی تەکنەلۆژیای ژیری دەستکردە. ڕێگە بە ئامێرەکان دەدات خۆیان لە خۆیاندا فێر بن. پشت بە زانیارییەکانی خۆیان دەبەستن تا ئەو کارانە ئەنجام بدەن کە لە توانادایە. بەڵام ئەم زانستە کەمتر دیارە. دەکرێت لە قۆناغەکانی داهاتووی ژیری دەستکرد بەکاربهێنرێت، بەڵام بە هەمان شێوە ئەو کۆمپانیایەی گرنگی زۆرتر بەم لایەنەی ژیری دەستکرد دەدات گووگڵە. سێرێکی ڕۆبۆتی سۆفیا بکەن کە چۆن زانیارییەکانی خۆی بەکاردێنێت بۆ وەڵامدانەوە:

[su_youtube url=”https://youtu.be/78-1MlkxyqI”]

ئۆتۆمبێلەخۆلێخوڕەکان

ئۆتۆمبێلەخۆلێخوڕەکان لە کارەگرنگەکانی ژیری دەستکردە. خۆیان دەتوانن شەقامەکان بخوێننەوە بێ ئەوەی کەسێک شۆفیرییان بکات، لەم دواییەدا لە ژێر تاقیکردنەوەدا بوو. وە پێشبینی گەورەشی بۆ دەکرێت بەوەی لە داهاتوودا دەبێتە ئامڕازی سەرەکی گواستنەوە. بەڵام پێشبینی ئەوەشی لێدەکرێت ببێتە هۆی مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتی و بڕینی کارەکان. نموونەیەک لەو تاقیکردنەوانەی ئۆتۆمبێلی خۆلێخوڕ:

[su_youtube url=”https://youtu.be/aaOB-ErYq6Y”]

لە ڕابردوودا کۆمپانیای ئینتێل لەگەڵ کۆمپانیای BMW گرێبەستێکی کرد، ئەویش دەربارەی پێدانی ٤٠ ئۆتۆمبێلی خۆلێخوڕ بە مەبەستی تاقیکردنەوەیان. ئۆتۆمبێلەکانی جۆری Sی تێسلاش یەکەم ئۆتۆمبێلن کە دۆخی خۆلێخوڕیان هەبێت و لە شەقام کار بکەن. هەروەها ئۆتۆمبێلەخۆلێخوڕەکانی گووگڵیش هەن. ئەمانە مانایان وایە ئۆتۆمبێلی خۆلێخوڕ لە دەستپێکی ئەزموونیدایە، هەر وەک پێشبینییەکان دەکرێت بڵێین هەموو ئۆتۆمبێلەکان لە داهاتوودا دەبنە خۆلێخوڕ.

یارییەڤیدیۆییەکان

یارییەڤیدیۆییەکان باشترین نموونەن چونکە هەموویان یان زۆرینەیان پشتییان بە تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد بەستووە. ژیرەدەستکردەکان لە یارییەکاندا وەک بەرامبەرێک یان دوژمنێک لای یاریکەر دەردەکەون، هەستێکی دیکە دەبەخشێت چونکە کاردانەوەیەکی زیرەک دەدەن بە یاریکەر.

ئەمانە و چەندین کاری تری بچووک کە بەهۆی ژیری دەستکردەوەن. ئەو کارە بچووکانە چین؟ بە ڕای تۆ گووگڵ چۆن دەتوانێت ئەو ئیمەیڵەخراپانە کە بە Spam ناوی دەنێت، جیابکاتەوە و لە جیمەیڵدا بیخاتە لیستێکی تایبەتەوە؟ ژیری دەستکرد هێندە گرنگە لە ئێستادا، کارەبچووکەکانیشمان لا گرنگ دەکات. نهێنی کۆمپانیاکان ژیری دەستکردە بۆ نوێکاری بەرهەمەکانیان. ئەمانەش هەندێکی ترن کە ئێستا لە ژێر کاردان:

  • ئامێرەزیرەکەکان و سیستەمی ئاسایشی ماڵ
  • بزوێنەری گەڕانی وێب
  • پێشنیاری ئەو شتانەی تۆ دەتەوێت
  • دۆخی کەشوهەوا
  • نیشانکردنی چەندین نەخۆشی

داهاتووی ژیری دەستکرد بەرەو کوێ؟

قورسە ئەگەر بە تەواوی باس لە داهاتووی ژیری دەستکرد و نوێکارییەکانی بکەین بەڵام؛ ژیری دەستکرد دەگاتە ئەو ئاستەی تەکنەلۆژیا بە ناوی خۆیەوە بکات، چونکە لە ئێستادا کۆمپانیاکان بە گرنگییەوە لە داهاتووی ژیری دەستکرد دەڕوانن و هەر وەک ئێستاش دەیبینین ساڵانە لە کۆنگرەکان چەندین بەرهەم و تەکنەلۆژیای نوێ دەبینین. بەڵام لە بیرمان بێت، گەشەپێدانی ژیری دەستکرد لەلایەن کۆمپانیاکانەوە چەندین ساڵی پێدەچێت.

لەو ژیرەدەستکردانەی لە داهاتوودا بە تەواوی دەکەونە ژێر کار بریتین لە ئۆتۆمبێلەخۆلێخوڕەکان، کە وەک لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە لە ساڵی ٢٠٢٠ دەگەن.

سەرچاوە :
بۆچوونەکان
بۆچونی تۆ