مۆبایل و تابلێت
21, ئهیلول 2018
کۆمپانیای HMD لە مانگی داهاتوو مۆبایلێکی نوێی نۆکیا نمایشدەکات

بە فەرمی کۆمپانیای HMD Global، کە خاوەنی نیشانەی بازرگانی نۆکیایە، بانگهێشتنامەی بۆ میدیاکان ناردووە بەمەبەستی ڕووداوێکی تایبەت کە لە مانگی داهاتوو لە ٤\١٠\٢٠١٨ لە لەندەن دەبێت و تێیدا نەوەیەکی نوێی مۆبایلی نۆکیا نمایش دەکرێت. شایەنی باسە، ئامانج لەم مۆبایلە تەواوی بازاڕەکانە لە جیهاندا.
لە ڕاستیدا، ئەنجامدانی ڕووداوێکی لەو شێوەیە و لەم شارە گەورەیە ئاماژەیە بۆ ڕاگەیاندنی مۆبایلێکی ئاست بەرزی وەکو نۆکیا ٩، بەڵام زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە Nokia 7.1 Plus نمایشدەکرێت، کە دەگوترێت نۆکیا ٧ پڵەسی باشترکراوە، کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە ساتی ڕاگەیاندنیەوە تا ئێستا لەناو بەکارهێنەران جێگەی خۆی کردۆتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت کە Nokia 7.1 Plus خاوەنی ڕوونمایەکی ٦ ئینجی بێت بە پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٧١٠ و ڕامێکی ٦ گێگابایتی. هەروەکو بیرگەکەیشی ١٢٨ گێگابایتی دەبێت لەگەڵ باشترکردنی کامێراکەی و پاتریەکەیشی، وە نابێت لەبیریشمان بچێت کە ئەم مۆبایلە لە زنجیرەی ئەو مۆبایلانە دەبێت کە پشت بەستوون بە ئەندرۆید وەن.
بەهەر شێوەیەک بێت، چاوەڕێین لە ٤ی مانگی داهاتوو مۆبایلەکە بە فەرمی نمایش بکرێت و ببینین چ جۆرە مۆبایلێکە. ئێوەش چاوتان لەسەر کەی ئای تی ئێن و پەڕەکانی بێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ زانیاری دەربارەی ئەو مۆبایلە لەکاتی ڕاگەیاندنی و دوایین هەواڵ و باسە تەکنەلۆژییەکان.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!