10
هەواڵ 30, تشرینی یه‌كه‌م 2018

دیارترین جیاوازیەکانی نێوان مۆبایلی OnePlus 6 و OnePlus 6T

کۆمپانیای وەن پڵەس ساڵانە هەڵدەستێت بە ڕاگەیاندنی دوو مۆبایلی نوێ، یەکێکیان هەڵگری ژمارەیەک دەبێت و ئەوی دیکەشیان تەنها پیتی T بۆ زیاد دەکرێت، لە ئێوارەی ڕۆژی ڕابردووشدا کەی ئای تی ئێن وەک هەمیشە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ کۆنگرەکەی بۆ سەرجەم خوێنەرانی گواستەوە لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی تایبەتمەندیەکانی مۆبایلەکەمان لە بابەتێکدا کۆکردووەتەوە و ئێوەش دەتوانن لەم بابەتەوە خوێنەری سەرجەم تایبەمەندیەکانی بن (مۆبایلی OnePlus 6t بە فەرمی بە تایبەتمەندی پەنجەمۆری ژێر ڕوونما و ڕامی 8 گێگابایت و زیاتریش نمایشکرا) ئێستاش لەگەڵمان بن بۆ ئاشنا بوون بە دیارترین جیاوازیەکانی نێوان هەردوو مۆبایلەکە.

دیزاین

دیزاین یەکێکە لە گرنگترین گۆڕانکاریەکان لە مۆبایلی OnePlus 6T و تیایدا نۆچەکە بچوکتر کراوە و بە شێوەی دڵۆپەیە ئەمەش وا دەکات ڕوونمایەکی گەورەتر بۆ مۆبایلەکە بەردەست بکات، جێگای ئاماژەشە ڕوونمای OnePlus 6T ڕوونی 1080×2340 پێکسڵە بە پێچەوانەی OnePlus 6 کە ڕوونیەکەی 2280×1080 پێکسڵە.

دەرچە

بۆ یەکەم جار و لە مێژوویدا کۆمپانیای وەن پڵەس دەستبەرداری دەرچەی بیستۆک 3.5 مللم بوو، لە جێگای ئەوە کەیبڵێکی بەردەست کردووە لەگەڵ مۆبایلەکەدا و لە ڕێگای دەرچەی USB-Cـەوە پەیوەستی دەکەیت و دەتوانیت هەمان دەرچەی 3.5 مللم بەکاربهێنیت.

سیستمی وەگەڕخەر

لە ڕووی سیستمەوە مۆبایلی OnePlus 6T ڕووکارێکی نوێی OxygenOSـی پشت بەستوو بە ئەندرۆید پای 9.0 دەبێت و تیایدا چەندین گۆڕانکاری و ئاسانکاری بۆ بەکارهێنەر بەردەستکراوە، هەرچەندە پاش ماوەیەک هەمان ڕووکار بۆ مۆبایلی OnePlus 6 بەردەست دەبێت بەڵام ڕاستەوخۆ بۆ OnePlus 6T لە ئێستادا بەردەستکراوە.

توانستی پاتری

لە کاتێکدا مۆبایلی OnePlus 6 بە توانستی 3300ـەوە بەردەستە، لە OnePlus 6Tـدا هەندێک توانستەکەی زیاتر کراوە و دەگاتە 3700 میللی ئەمپێر.

چینی پارێزەر و هەستەوەری پەنجەمۆر

ئاشکرایە OnePlus 6 خاوەنی هەستەوەری پەنجەمۆرە لە بەشی پشتەوەی بە پێچەوانەی OnePlus 6T کە هەستەوەرەکەی لە ژێر ڕوونمادا جێگیر کراوە هەروەها OnePlus 6T داپۆشراوە بە چینێک لە شوشەی پارێزەری Gorilla Glass 6 لە کاتێکدا OnePlus 6 پارێزراوە بە Gorilla Glass 5 کە نوێترین جۆری پارێزەر بووە لەو ماوەیەی مۆبایلەکەی تێدا بەرهەمهێنراوە.

فراوانی بیرگە و نرخ

OnePlus 6T hands-on: first impressions

فراوانی بیرگەی OnePlus 6T لەگەڵ OnePlus 6ـدا بە دڵنیایەوە جیاوازی هەیە، هەر بۆیەش لە جیاتی ئەوەی لە بیرگەی 64 گێگابایتەوە دەست پێبکات ئەوا لە ئێستادا کەمترین فراوانی 128 گێگابایتە، سەبارەت بە نرخیش لە پێشووتردا 529$ دۆلار بووە بۆ کەمترین بیرگە و ئێستاش 549$ دۆلارە، بە واتای ئەوەی جیاوازی تەنها 20$ـێکە.

تاگەکان OnePlus 6 OnePlus 6T
بۆچونی تۆ