تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
22, تشرینی دووهم 2018
ئینستەگرام سەرقاڵی کۆمەڵێک گۆڕانکارییە لە دیزاینی پڕۆفایلی بەکارهێنەران

ئەمڕۆ ئینستەگرام ڕایگەیاند کە سەرقاڵی تاقیکردنەوەی دیزاینێکی نوێیە بۆ پڕۆفایلی بەکارهێنەران لەسەر ئەپەکەی. بۆ نمونە، ئینستەگرام هەندێک لەو بەشانەی لەسەرەوەی پڕۆفایلن دووبارە ڕێکیاندەخاتەوە، وەکو وێنۆچکە (ئایکۆنەکان) و دوگمەکان و ڕێگەی ئاڵوگۆڕ لە نێوان تابەکان. ئێمە وەکو بەکارهێنەر هیواخوازین کە ئەم دیزاینە نوێیە ئاسانتر و سادەتربێت لە بەکارهێناندا. هەروەک، نابێت بیرمان بچێت شێوەی وێنە و ڤیدیۆکان لە ناو پڕۆفایل هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
ئەو دیزاینە نوێیە بە شێوەی یەک لە دوای یەک بە ئەندامان دەگات و تاقی دەکرێتەوە لە چەند هەفتەی داهاتوودا. ئینستەگرام پلانی وایە بەردەوام بێت لەو نوێکردنەوانە بۆ پڕۆفایلی بەکارهێنەران، ئەمەش بە پشت بەستن بە فیدباکی بەکارهێنەرانی تۆڕەکەی بۆ ئەوەی هاوکاربن لە بڕیاردان لە دوا دیزاین.
نمونەی هەندێک لەو گۆڕانکاریانەی لە پڕۆفایلەکان ڕوویداوە.
بێگومان بەکارهێنەرانی ئینستەگرام سوود لە پڕۆفایلی یەکتری وەردەگرن تا هەندێک زانیاری دەربارەی یەکتری بزانن. ئامانجی ئەو دیزاینە نوێیەش هاوکاریکردنی بەکارهێنەرانە لە ئەزموونی باشتری خۆدەربڕین و پەیوەست بوون بە شێوەیەکی ئاسانتر لەگەڵ هاوڕێی و خۆشەویستان.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!