ڕاپۆرت و توێژینەوەکان

توێژینەوەیەک: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری باوەڕبەخۆبوون و پاڵپشتین لە لای تازەپێگەیشتووان

ئێمە هەمووان ئاشانیان بە ڕووە ئاڵۆزەکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لە لایەن گەنجان و تازە پێشگەیشتووانەوە بەکاردەهێندرێت بۆ کاری هەڵە. بۆ نمونە هەڕەشەی سەر تۆری ئینتەرنێت و هەستکردن بە فشار لە دوو دیارترین کێشەکانن کە تازەپێگەیشتووان هەمیشە ڕووبەڕوویان دەبنەوە و ناچارن بەرەنگاریان ببنەوە و ڕێگەچارەیەکیان بدۆزنەوە. بەڵام هێشتا، ڕێژەیەکی زۆری تازەپێگەیشتووان دەڵێن ژوانگرتن و دەمەتەقێ و گفتوگۆی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەستی باوەڕبەخۆبوون و پاڵپشتیان پێ دەبەخشێت. سەنتەری توێژینەوەی Pew توێژینەوەیەکی لە ناو ٧٤٣ تازە پێگەیشتووی ١٣ بۆ ١٧ ساڵان ئەنجامداوە، و بۆی دەرکەوتووە ٨١% بەشداربووان هەست بە زیاتر پەیوەستبوونیان بە هاوڕێیانیان دەکەن بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

لەوانەیە ئەوەی زیاتر جێی بایەخ بێت، ئەوەیە ٦٨% دەڵێن سوپاس بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتی، کە پێیان وایە خەڵکانێک هەمیشە لەوێ هەن پشتگیریان دەکەن لە کاتە سەختەکاندا. هەروەک ٦٩% دەڵێن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوکاربوون لە گەیشتن و کارلێککردنیان لەگەڵ ڕێژەیەکی فراوانتری خەڵکی جیاواز. هەروەها ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە واینکردووە کە تازەپێگەیشتووان هەستی زیاتر بە پەیوەستی بکەن وەک لەوەی هەست بەوە بکەن بەلاوەنراون. ئەمە جگە لەوەی ٦٩%ی بەشداربووان گوتویانە کە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هۆکارن بۆ ئەوەی زیاتر هەست بە باوەڕبەخۆبوون بکەن، لە بەرامبەردا تەنها ٢٦% پێیان وابووە کە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وای لێکردوون هەست بە پارێزراوی نەکەن کاتێک لەگەڵ خەڵکی تر گفتوگۆ و دەمەتەقێیان هەبووە.

ئەمە هەرچەندە، ٤٥% لەو تازە پێگەیشتووانە ئاماژەیشیان بەوە کردووە کە بەهۆی ئەو هەموو بابەتە نەخوازراو و سەیر و سەرمەرانەی سەر ئەو تۆڕانە هەستیان بە بێزاری و خەراپی کردووە. ٤٤% ئاماژەیان کردووە کە لەسەر ئەو ئەپانە خەڵکی لە هاوڕێیەتی لادەبەن و لە شوێنکەوتنیان پەشیمان دەبنەوە. کاتێکیش پرسیاریان لێ کراوە، بۆچی؟ ٧٨% ئاماژەیان بەو بابەت و سیناریۆ و شتە سەیرانە کردووە کە ئەم جۆرە خەڵکانە لەسەر ئەو تۆڕ و ئەپانە دروستی دەکەن، هەروەها ٥٢% لەو تازە پێگەیشتووانە دەڵێن هۆکاری ئەوەی ئەوان جۆرێک لە خەڵکی لە هاوڕێیەتی لادەبەن و پەشیمان دەبنەوە لە شوێنکەوتنیان پێیان وایە هۆکاری هەڕەشەن بۆ سەریان.

هەروەک ٤٣%ی بەشداربووان هەست بە پەستان دەکەن کاتێک شتێک پۆست دەکەن و ئەو پۆستەش هۆکاربێت بۆ ئەوەی لە پێش چاوی خەڵکی تردا باش دەربکەون، ئەمە لە کاتێکدا ٣٧% پێیان وایە دەبێت پۆست بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین کۆمێنت و لایک وەرگرن.

پرسیاری تر ئەوەیە، تازە پێگەیشتووان زیاتر پۆست لە چ بوارێکدا دەکەن؟ بە نزیکەیی نیوەیان زیاتر لەسەر ئەو شتانە پۆست دەکەن کە خۆیان ئەنجامیان داوە، بۆ نمونە، ٤٤% سەبارەت بە خێزانیان پۆست دەکەن، ٣٤% دەربارەی هەستەکانیان، و ٢٢% دەربارەی ژیانی پەیوەندی ئەوینیان دەنوسن. تەنها ١٠% دەربارەی تێڕوانینە دینی و سیاسییەکانیان دەنوسن و بڵاودەکەنەوە.

تۆ ڕات چییە؟ پێتوایە هۆکاری باوەڕبەخۆبوون و پاڵپشتین یان بە پێچەوانەوە؟

سەرچاوە :

3 كانونی یه‌كه‌م، 2018
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1172