10
گووگڵ 8, كانونی یه‌كه‌م 2018 بۆچوون

سەرجەم ئەو زانیاریانەی دەتەوێت بیزانیت دەربارەی مۆبایلی Pixel 3 Lite

Pixel 3 Lite مۆبایلە ئاست مامناوەندەکەی خێزانی Pixel 3ـە کە دەوترێت بەم زووانە بەردەست دەبێت، پێش هەموو شتێک پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە سەرچاوەی زۆرینەی هەواڵە دزەپێکراوەکان سەبارەت بەم مۆبایلە و تەنانەت مۆبایلەکانی Pixel 3 / 3 XLـیش سەرچاوە ڕووسیەکانن، ئەمانەی خوارەوەش سەرجەم تایبەتمەندیە دزەپێکراوەکانی مۆبایلی Pixel 3 Liteـە.

دیزاین

دەوترێت مۆبایلی پیکسڵ 3 لایت خاوەنی ڕووکارێکی دروستکراو لە پلاستیک دەبێت لە جیاتی شوشە لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی نۆچ نابێت چونکە لە وێنە دزەپێکراوەکاندا دەردەکەوێت کە ڕوونمای مۆبایلەکە هەڵگری هیچ جۆرە نۆچێک نییە، هەروەها وا دیارە دەرچەی بیستۆکی 3.5 ملم دەگەڕێتەوە و بڵنگۆیەکی دەنگیش بوونی دەبێت لە بەشی خوارەوەی مۆبایلەکە، سەبارەت بە قەبارەی مۆبایلەکە هەواڵەکان تەنها ئەوەیان ئاشکرا کردبوو کە مۆبایلەکە هەمان قەبارەی مۆبایلی iPhone XR دەبێت بەڵام هەندێک ڕاپۆڕتی دیکە ئاماژە بە بوونی دوو قەبارەی جیاواز دەدەن لە پیکسڵ 3 لایت.

ئاست

دەوترێت پیکسڵ 3 لایت کاردەکات بە پڕۆسێسەرێکی هەشت ناوکی لە جۆری Snapdragon 670 بە تەکنەلۆژیای 10 نانۆمەتر کە خێراییەکەی دەگاتە 2.0 گێگاهێرتز، لەگەڵ ئەمەشدا مۆدێمی X12 LTE دێت کە وا دیارە دەتوانێت هەتاوەکو 600 مێگابایت بۆ داگرتن و 150 مێگابایت بۆ بەرزکردنەوە بەردەست بکات، سەبارەت بە ڕام پێشبینی دەکرێت خاوەنی هەمان قەبارەی ڕامی خێزانی پیکسڵ 3 بێت کە ئەویش 4 گێگابایتە و قەبارەیەکی گونجاویشە بۆ مۆبایلە ئاست مامناوەندەکانی ساڵی 2018 ئەمەش لەگەڵ بیرگەیەکی ناوەکی بە قەبارەی 32 گێگابایت دەشوترێت پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی دەکات، سەبارەت بە توانستی پاتری وا دیارە دەگاتە 2915 ملی ئەمپێر ئەمەش لەوانەیە بەرگەی بەکارهێنانی ڕۆژێک بگرێت.

ڕوونما و کامێرا

دەوترێت کامێرای پشتەوەی مۆبایلەکە هەمان کامێرای مۆبایلەکانی خێزانی پیکسڵ 3ـی دەبێت ئەویش کامێرایەکە بە ڕوونی 12.2 مێگاپێکسڵ بە کراوەی هاوێنەی f/1.8 بەڵام کامێرای پێشەوە یەک کامێرا دەبێت و بە ڕوونی 8 مێگاپێکسڵ بەردەست دەبێت، لەگەڵ ئەمانەشدا لە ماوەی پێشوو بیستبوومان تایبەتمەندی باری شەو Night Sight بۆ کامێرای سەرجەم مۆبایلەکانی پیکسڵ زیاد بووە هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەم تایبەتمەندیەش بۆ مۆبایلەکە بەردەست بکرێت.

ئەم وێنانەی خوارەوەش دەوترێت چەند وێنەیەکی چرکێنراون بە کامێرای مۆبایلەکە:-

نرخ و بەرواری بەردەستبوون

سەرچاوە ڕووسیەکان ئاماژە بەوە دەدەن نرخی مۆبایلەکە لە نێوان 400$-500$ دۆلار دەبێت ئەمەش تا ڕادەیەک زۆرە بۆ مۆبایلێکی ئاست مامناوەند، سەبارەت بە کاتی ڕاگەیاندنی مۆبایلەکە ئەوا دەوترێت لە کاتێکی نزیکدا لە ساڵی 2019 ڕادەگەیەنرێت یان لە کۆتاییەکانی مانگی یەک یان لە کۆتاییەکانی مانگی دوو.

ئەم وێنانەی خوارەوەش چەند وێنەیەکی دزەپێکراوی مۆبایلەکەن:-

تاگەکان Pixel 3 Lite
بۆچونی تۆ