ئەپڵ
28, كانونی یهكهم 2018
مۆبایلی iPhone XR پڕفرۆشترین مۆبایلی مانگی ڕابردوو بووە لە تایوان

لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێک لە شارەزایان گومانی خۆیان دەربڕی لە بارەی بەرزبوونەوەی فرۆشی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەپڵ تەنانەت هەندێکیان پێشبینی ئەوەشیان کرد لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆمپانیای ئەپڵ بەرهەمهێنانی ئایفۆنە نوێیەکان کەم دەکاتەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو، هەڵبەتە بە دڵنیایەوە ئێمەش زانیاریمان نییە هەتاوەکو کۆمپانیای ئەپڵ ڕێژەی فرۆشەکانی ڕانەگەیەنێت، بەڵام لە ئێستادا وا دیارە مۆبایلی iPhone XR فرۆشێکی باشی هەبووە هیچ نەبێت لە وڵاتێکدا کە ئەویش تایوانە.
بە پێی نوێترین ڕاپۆرتەکانی ماڵپەڕی Patently Apple ئەوەی ئاشکرا کردووە مانگی 11ـی ڕابردوو مۆبایلی iPhone XR پلەی یەکەمی تۆمار کردووە لە ڕووی فرۆشەوە لە تایوان و پلەی دووەمیش مۆبایلی Galaxy A7ـی کۆمپانیای سامسۆنگە و پلەی سێیەمیش iPhone XS Max و چوارەمیش iPhone XSـە، ئەوەی جێگای گرنگیپێدانە لە 10 مۆبایل کە پڕفرۆشترینی مانگی ڕابردوو بوون مۆبایلەکانی ئایفۆن شەش پلەیان تۆمارکردووە و سامسۆنگیش دوو پلە و ئۆپۆش بە هەمان شێوە دوو پلە.
بێگومان هۆکاری ئەم سەرکەوتنەش دەگەڕێتەوە بۆ نرخی کەمی iPhone XR بە بەراورد بە مۆبایلەکانی iPhone XS و iPhone XS Max، هەرچەندە نرخی مۆبایلەکە کەم نییە بەڵام جێگرەوەیەکی گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی نایانەوێت بڕی 1000$ دۆلار بدەن بە مۆبایلێکی ئایفۆن، لەگەڵ ئەمانەشدا ڕاپۆرتەکە بڵاوکراوەکە لەگەڵ ڕاپۆرتێکی ئەپڵدا یەکدەگرێتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا کۆمپانیای ناوبراو ئاماژەی پێدابوو iPhone XR پڕفرۆشترینی مۆبایلەکانی ئایفۆن بووە.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.