10
هەواڵ 2, كانونی دووه‌م 2019

باری تاریک بۆ هەندێک لە بەکارهێنەرانی مێسنجەر زیاد کرا

لە کۆنگرەی F8 ـی مانگی ٥ ـی ساڵی ڕابردوودا فەیسبووک ڕایگەیاند لە ئایندەیەکی نزیکدا دیزاینی مێسنجەر نوێدەکرێتەوە و چەند تایبەتمەندییەکی نوێ زیاد دەکرێن، یەکێک لەو تایبەتمەندییانە باری تاریک (Dark Mode) دەبێت. لە دوای کۆنگرەکە دیزاینە نوێیەکە بۆ ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی مێسنجەر لە هەندێک وڵاتی جیهاندا زیاد کرا، بە هەمان شێوە لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بە مەبەستی تاقیکردنەوە فەیسبووک باری تاریکی لەسەر دیزاینە نوێیەکە بۆ ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی مێسنجەر زیاد کرد.

یەکێک لەو بەکارهێنەرانەی مێسنجەر کە باری تاریکی بۆ زیاد بووە لە هۆنگ کۆنگە، لە جریوەیەکدا لە تویتەر ئاماژەی بە شوێنی کارپێکردنی باری تاریک داوە کە دەکەوێتە بەشی “Me” و هەڵکردن و کوژاندنەوەی لە ڕێگای سویچ (Switch) دەبێت. لە سەرەتادا لەگەڵ هەڵکردنی باری تاریک ئاگادارکەرەوەیەک بەدەر دەکەوت کە ئاماژەی بەوە دەدا گشت بەشەکانی ئەپەکە تاریک نابێت و کار لەسەر تایبەتمەندییەکە دەکرێت.

بەڵام پاش ماوەیەک ئاگادارکەرەوەکە لە لای بەکارهێنەرەکە نەما کە لەگەڵ هەڵکردنی باری تاریکدا دەهاتە پێش، لە پاشان گشت بەشەکانی ئەپەکە تاریک دەبن.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش ڕووکارە نوێیەکەی مێسنجەر لە لای هەندێک بەکارهێنەر لە عێراق زیاد بوو، بەڵام لە پاش ماوەیەکی کەم گەڕانەوە سەر دیزاینە کۆنەکە. بەڵام وەکو دیارە ڕووکارە نوێیەکە و باری تاریکی مێسنجەر لە تاقیکردنەوەدایە و بەمنزیکانە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی تۆڕەکە لە جیهاندا لەسەر سەکۆیەکانی ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید زیاد دەکرێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ