سامسۆنگ

وێنەیەکی دزەپێکراو پشتڕاستی دەکاتەوە 3 جۆر لە گالەکسی S10 نمایش دەکرێت

مانگێکی تەواو ماوە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی Unpacked ـی کۆمپانیای سامسۆنگ بۆ نمایشکردنی نەوەی نوێی زنجیرەی S ـی گالەکسی. پێش بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە، دووبارە چەند وێنەیەکی گالەکسی S10 دزەیان پێکرا کە جەخت لەسەر ئەو پڕوپاگەندانە دەکاتەوە کە پێشتر کرابوون.

هەژماری Evan Blass لە تویتەر وێنەیەکی دزەپێکراوی گالەکسی S10 ـی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا وێنەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە گالەکسی S10 بە 3 جۆرەوە بەردەست دەبن ئەوانیش S10E و S10 و S10 Plus دەبن.

لە وێنە دزەپێکراوەکاندا دەردەکەوێت جۆری S10E خاوەن 2 هاوێنەی کامێرایە لە ڕووی پشتەوەی، هەروەها خاوەن کامێرایەک دەبێت لە پێشەوە بە ڕوونی 12 مێگاپێکسڵ (بە پێی پڕوپاگەندەکان)، 2 جۆرەکەی دیکەش کە ناویان S10 و S10 Plus ـە دیزاینیان هاوشێوەی جۆری S10E دەبێت بەڵام ئاستیان لە جۆری یەکەم بەرزتر دەبێت و لە پشتەوەش خاوەنی 3 هاوێنەی کامێرا دەبێت، هەروەها وا دیارە خاوەنی پەنجەمۆری ژێر ڕوونما و ناسەرەوەی ڕووخسار دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆر ببن لەسەر دوگمەی پاوەر.

بەرگی پارێزەری گالەکسییەکان لە وێنەکەدا دەریدەخات هەر 3 جۆرەکە خاوەن دەرچەی بارگاویکەری USB-C دەبن لەگەڵ دەرچەیەکی بیستۆک بە قەبارەی 3.5 میلیمەتر، سەرەڕای ئەمانەش بە پشت بەستن بە پڕوپاگەندەکانی پێشوو جۆری S10E خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 5.8 ئینج و دوو جۆرەکەی دیکەش خاوەن ڕوونمایەک دەبن بە قەبارەکانی 6.1 ئینج و 6.4 ئینج، لەوانەشە بە لایەنی کەمەوە جۆرێکیان پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G بکەن.

پەیوەندیدار:

چەند کۆدێکی نێو ئەپی Samsung Pay دەریدەخات بە لایەنی کەمەوە جۆرێکی گالەکسی S10 نوێیەکان خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆر دەبن لە ژێر ڕوونما.

سەرچاوە :
20 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
836