ئای ئۆ ئێس

ئەپڵ وەشانی iOS 12.1.4 ـی تایبەت بە چارەسەرکردنی کەلێنەکەی FaceTime بەردەست کرد

لە دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا کەلێنێکی ئاسایشی لە ئەپی تایبەت بە پەیوەندیکردنی دەنگی و ڤیدیۆیی FaceTime لە وەشانی iOS 12.1.3 ـدا دۆزرایەوە کە دەبووە هۆی گوێبیستبوونی دەنگی پەیوەندی پێکراو لە لایەن پەیوەندی پێکەر بە بێ وەڵامدانەوەی پەیوەندییەکە، لە کۆتاییدا و ئەمشەو کۆمپانیاکە وەشانی چارەسەرکەری iOS 12.1.4 ـی تایبەت بە کەلێنەکە بۆ گشت بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپادەکان بەردەست کرد.

قەبارەی وەشانەکە نوێیەکەی ئای ئۆ ئێس 99 مێگابایتە، ئەپڵ لە بەشی گۆڕانکارییەکانی وەشانەکەدا تەنها ئاماژەی بە باشترکردنی ئاسایش کردووە کە پێکدێت لە چارەسەرکردنی کەلێنەکەی ئەپی FaceTime، هەروەها پێشنیار بۆ هەموو بەکارهێنەران دەکات کە وەشانە نوێیەکە دابمەزرێنن تاوەکو بە دوور ببن لە کەلێنە ئاسایشییەکەی ئەپی FaceTime.

چۆنیەتی نوێکردنەوەی وەشان:

  • کردنەوەی ئەپی Settings
  • کردنەوەی بەشی General
  • کردنەوەی بەشی Software Update
  • کرتە کردن لە Download and install

تێبینی بۆ نوێکردنەوەی وەشان:

  • پێویستە وزەی پاتری ئامێرەکەت لە %50 زیاتر بێت.
  • پێویستت بە ئینتەرنێتی وایفای هەیە بۆ نوێکردنەوەی وەشان.

تێبینی:

  • ئەگەر گرنگی بە جەیڵبرەیک دەدەیت، وەشانەکەت نوێ مەکەرەوە بۆ ئەم وەشانە، بەڵام ئەگەر بەکارهێنەرێکی بەردەوامی ئەپی FaceTime ـیت، وا باشترە وەشانەکەت نوێ بکەیتەوە تاوەکو بە دوور ببیت لە کەلێنە ئاسایشییەکەی ئەپەکە.

7 شوبات، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
589