سامسۆنگ
17, شوبات 2019
سامسۆنگ نەوەیەکی نوێی لە تابلێتی گالەکسی Tab A ڕاگەیاند

لە دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمپانیای سامسۆنگ تابلێتی گالەکسی Tab S5e ـی ڕاگەیاند، دوا بە دوای ئەوە کۆمپانیاکە نەوەیەکی نوێی لە تابلێتی گالەکسی Tab A ـیش ڕاگەیاند.
نەوە نوێیەکەی تابلێتی گالەکسی Tab A تایبەتمەندی کەمترە لە چاو تابلێتی گالەکسی Tab S5e و نرخیشی کەمترە. تابلێتەکە خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 10.1 ئینج و بە وردی نیشاندانی 1920 بە 1200 پێکسڵ. لە پشتەوە خاوەن کامێرایەکە بە ڕوونی 8 مێگاپێکسڵ و کامێرایەک لە پێشەوە(سێڵفی) بە ڕوونی 5 مێگاپێکسڵ. خاوەن پڕۆسێسەری جۆری Exynos 7904 SoC ـە، هەروەها خاوەن ڕامێکە بە فراوانی 3 و بیرگەیەکی ناوەکی بە قەبارەی 32 گێگابایت (زیادکردن لە ڕێگای microSD بۆ 400 گێگابایت) و پاترییەک بە توانستی 6.150 ملی ئەمپێر/کاتژمێر. تابلێتەکە خاوەن 2 بڵندگۆی بەهێزە لە جۆری Dolby Atmos و پشتگیری لە کیبۆردی دەرەکی دەکات.
تابلێتەکە بە هەردوو بژاردەی بە تەنها وایفای و بە سیمکارت و بە ڕەنگەکانی ڕەش و ئاڵتونی و زیوی بەردەست دەبێت. نرخی لە 237$ ـەوە دەست پێدەکات تاوەکو 305$ و لە ڕێکەوتی 5 ـی مانگی 4 ـەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەست دەکرێت بە فرۆشتنی، لە پاشان ڕەوانەی بازاڕەکانی دیکەی جیهان دەکرێت.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.