10
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 19, شوبات 2019 بۆچوون

ئینستەگرام تایبەتمەندییەکی نوێ بۆ ستۆری تۆڕەکە زیاد دەکات

کۆمپانیای فەیسبووک بەردەوامە لە بەردەستکردنی تایبەتمەندییە نوێ و پێویستەکان بۆ تۆڕی ئینستەگرام، ئەمجارە کۆمپانیاکە دەیەوێت لە ڕێگای ستۆری بەکارهێنەرانەوە کۆمەک و یارمەتیدان بۆ ڕێکخراو و دامەزراوە قازانج نەویستەکان و چالاکییە پێویستەکان کۆ بکاتەوە.

پێگەی TechCrunch چەند کۆدێکی لە نێو ئەپی ئینستەگرامی ئەندرۆیددا دۆزیوەتەوە کە ئاماژە بە زیادکردنی دوگمەیەکی نوێ بە ناوی Donation دەدات بۆ ستۆری. دوگمەکە تایبەتە بە بەخشینی پارە بۆ ڕێکخراو و دامەزراوە قازانج نەویستەکان کە بەکارهێنەران دەتوانن لە ڕێگای بەکارهێنانی دوگمەکەوە گەڕان بۆ ئەو ڕێکخراو و دامەزراوەیە ئەنجام بدەن و زیادی بکەن بۆ ستۆرییەکەیان، بەمەش دەتوانرێت لە ڕێگای زیادکردنی دوگمەکەوە بۆ ستۆری، هاوڕێکانت بڕە پارەی پێویست بۆ ڕێکخراو و دامەزراوە دیاریکراوەکە کۆ بکەنەوە.

دوگمەکە پشتگیری لە گشت کارتە بانکییەکان دەکات. وە بەکارهێنەران پێویستە دەستبەجێ لەگەڵ بەکارهێنانی دوگمەکەدا، زانیارییەکانی کارتە بانکییەکانیان داخڵ بکەن. ئینستەگرام تایبەتمەندییەکەی پشتڕاست کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی تۆڕەکە بەردەستی دەکات.

پێشووتر و لە ساڵی 2013 فەیسبووک دوگمەی Donation ـی تایبەت بە کۆکردنەوەی پارە بۆ ڕێکخراو و دامەزراوە قازانج نەویستەکان بۆ پۆستەکانی تۆڕەکەی زیاد کرد. کە لە ڕێگایەوە توانی بڕی 1 ملیار دۆلار بۆ ئەو ڕێکخراو دامەزراوانە کۆبکاتەوە کە دوگمەکەیان بەکار هێنابوو.

لە لایەکی ترەوە، هەندێک لە پێگەکان تایبەتمەندییە نوێیەکەی ئینستەگرام لەکەدار دەکەن و بە مەبەستی دزینی ژمارەی کارتە بانکییەکانی بەکارهێنەران لە لایەن فەیسبووکەوە ناوی دەبەن.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ