ئەپڵ

10 هۆکار کە وا دەکات گالەکسی S10 Plus باشتر بێت لە ئایفۆن XS Max

ڕەنگە بتەوێت هەوڵی کڕینی گالەکسی S10 Plus یاخود ئایفۆن XS Max بدەیت، بەڵام نازانیت کامیان شیاون بۆ کڕین. لەم بابەتەدا 10 هۆکار دەخەینە بەر دەستت کە وا دەکات گالەکسی S10 Plus باشتر و شیاوتر بێت بۆ کڕین وەک لە ئایفۆن XS Max.

  • فراوانی پاتری

گالەکسی S10 Plus خاوەن پاترییەکە بە توانستی 4.100 ملی ئەمپێر/کاتژمێر، کە توانای هەیە بەرگەی سەروو 12 کاتژمێر کارکردنی بەردەوام بگرێت. ئەمە لە کاتێکدایە ئایفۆن XS Max خاوەن پاترییەکە بە توانستی 3.174 ملی ئەمپێر/کاتژمێر و بەرگەی نریکەی 10 کاتژمێر لە کارکردنی بەردەوام دەگرێت.

  • دیزاین

گالەکسی S10 Plus خاوەن دیزاینێکی تا ڕادەیەک جوانترە و کامێراکانی بە شێوەیەکی باشتر لە چاو ئایفۆن XS Max ـەوە ڕیز کراون. ئەمە بێجگە لەوەی کە گالەکسییە نوێیەکە خاوەن ڕەنگی تێکەڵاو (Gradient) ـە، کە ئەمە لە ئایفۆن XS Max ـدا بوونی نییە.

  • ڕوونما

هەرچەندە ڕوونمای گالەکسی S10 Plus کەمێک بچووکترە لە چاو ئایفۆن XS Max، بەڵام نەبوونی نۆچ (Notch) لەسەر ڕوونمای گالەکسییە نوێیەکە وا دەکات ئەزمونێکی نوێ ببەخشێت بە بەکارهێنەران و بە پێچەوانەوە بەکارهێنەران بێزار نەکات بە هۆی نۆچەوە.

  • کامێرا

گالەکسی S10 Plus خاوەنی 3 کامێرایە لە پشتەوە بە ڕوونییەکانی 12 و 12 و 16 مێگاپێکسڵ و لەگەڵ 2 کامێرا لە پێشەوە(سێڵفی) بە ڕوونییەکانی 10 و 8 مێگاپێکسڵ. کە بێگومان کامێرا بەم شێوە نایابە نییە لە ئایفۆن XS Max ـدا و ئایفۆنەکە لە پشتەوە خاوەن 2 کامێرایە کە ڕوونیان 12 مێگاپێکسڵە و لەگەڵ کامێرایەک لە پێشەوە بە ڕوونی 7 مێگاپێکسڵ.

  • بیرگە

گالەکسی S10 Plus خاوەن بژاردەی بیرگەکانی 128 و 512 گێگابایت و 1 تێرابایتییە. بێجگە لەم بیرگە فراوانانەش، دەتوانرێت قەبارەی بیرگەی گالەکسییەکە لە ڕێگای microSD ـیەوە تاوەکو 512 گێگابایت زیاد بکرێت. کە بێگومان دەرفەتی ئەوەت نابێت بیرگەی ئایفۆن XS Max زیاد بکەیت و بژاردەی بیرگەی ئایفۆنەکە تاوەکو 512 گێگابایت بەردەستە.

  • هەستەوەری پەنجەمۆری سەر ڕوونما

گالەکسی S10 Plus خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆری سەر ڕوونمایە لە جۆری Ultrasonic کە لە چاو تروکاندێکدا قفڵ دەکاتەوە، ئەمە بێجگە لە هەبوونی ناسێنەرەوەی دەموچاو. ئایفۆن XS Max هەر نەک خاوەنی هەستەوەری پەنجەمۆری سەر ڕوونما نییە، بەڵکو لە سەردەمی بەردەستکردنی ئایفۆن 8 ـەوە هیچ ئایفۆنێکی بەرهەم نەهێناوە کە خاوەنی هەستەوەری پەنجەمۆر بێت.

  • دەرچەی بیستۆک (Headphone Jack)

سامسۆنگ درێژە دەدات بە هێشتنەوەی دەرچەی بیستۆک لە گالەکسییە نوێیەکاندا و خۆشحاڵانە گالەکسی S10 Plus خاوەن دەرچەی بیستۆکە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەپڵ لە ساڵی 2016 ـەوە دەرچەی بیستۆکی لە ئایفۆندا لابردووە و درێژە بەم لابردنە دەدات.

  • هاوبەشی پێکردنی وزەی پاتری بە شێوەی بێوایەر (Wireless PowerShare)

گالەکسی S10 Plus خاوەن تایبەتمەندی Wireless PowerShare ـە کە لە توانایدا هەیە وزەی پاتری ببەخشێت بە ئامێر و تەلەفۆنەکانی دیکە. هەبوونی تایبەتمەندییەکی لەم جۆرە لە ئایفۆن XS Max ـدا بوونی نییە.

  • پارەدانی ئەلکترۆنی

گالەکسی S10 Plus لە توانایدا هەیە کە پارە بە هەردوو ڕێگای NFC و MST بدات، خاسیەتێکی باشی پشتگیری کردن لەم 2 سیستەمە ئەوەیە کە بەکارهێنەران ناوەستێنێت لە کرداری پارەدان و بە لایەنی کەمەوە یەکێک لە سیستەمەکان لە گشت فرۆشگاکاندا بوونی هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئایفۆن XS Max بە تەنها پشتگیری لە NFC دەکات، هەندێک کات ئەمە کێشە بۆ بەکارهێنەران درووست دەکات بە هۆی نەبوونی پشتگیری زۆرینەی کارت و ئامێرە پارە وەرگرەکان لە سیستەمی NFC.

  • نرخ

ئەوەی بەکارهێنەرانی ئایفۆن نیگەران دەکات نرخە بەرزەکەی ئایفۆن XS Max ـە کە تاوەکو نزیکەی 1.500$ ـە. لە کاتێکدا نرخەکان بەو شێوەیە لە گالەکسی S10 Plus ـدا بەرز نین لە چاو تایبەتمەندی و فراوانی بیرگەکانەوە، نرخی گالەکسییە نوێیەکە لە 999$ ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو 1.599$ و جیاوازی نرخەکان بە پێی بژاردەی ڕام و بیرگەن. نرخی ئایفۆن XS Max ـیش لە 999$ ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو 1.449$. بەڵام لە بیری نەکەین کە گالەکسی S10 Plus خاوەن بژاردەی بیرگەی 1 تێرابایت و ڕامی 8 گێگابایتییە و تایبەتمەندییەکانی لە زۆر ڕووەوە لە ئایفۆن XS Max باشترن و خاڵەکانی سەرەوە شایەتی ئەوەن. هاوکات گالەکسی S10 Plus دیاری تایبەتی خۆی لەگەڵدایە کە ئەویش بیستۆکی بێوایەری گالەکسی Buds ـە.

 

26 شوبات، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
710