ئای ئۆ ئێس

ئەپڵ چەند مەرجێکی نوێی بۆ پێشکەشکردنی ئەپەکانی iOS و watchOS لە لایەن گەشەپێدەرانەوە ڕاگەیاند

لە دوای ڕاگەیاندنی نەوەی دووەمی بیستۆکی بێوایەری AirPods ـەوە لە لایەن ئەپڵەوە، کۆمپانیاکە چەند مەرجێکی نوێی دەربارەی پێشکەشکردنی ئەپەکانی هەردوو سیستەمی iOS و watchOS ـی لە لایەن گەشەپێدەرانەوە ڕاگەیاند، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەم داواکارییانە ئەپی ئەو گەشەپێدەرانە قبوڵ ناکرێت کە پێشکەشی ئەپڵ کراون بۆ بەردەستکردنیان لە کۆگای ئەپ ستۆر.

ئەپڵ ڕایگەیاند لە دوای ڕێکەوتی 27 ـی 3 ـی ئەمساڵەوە پێویستە گەشەپێدەران بە کەرەستەی گەشەپێدانی نەرمەکاڵا (SDK) ـی وەشانی iOS 12.1 و نوێتر ئەپەکانیان درووست بکەن، هەروەها پشتگیری لە ئامێری iPhone XS Max یاخود نەوەی سێیەمی iPad Pro بکات. هەروەها پێویستە وێنەی ناساندنی ئەپەکان (Screenshot) ـی نێو ئەپ ستۆر بە ئامێری iPhone XS Max و iPad Pro (ئەگەر پشتگیری لە ئایپاد بکات) چرکێندرابێت. بە پێچەوانەوە ئەپی پێشکەشکراو بە ئەپڵ قبوڵ ناکرێت لە دوای ڕێکەوتە ئاماژە پێدراوەکەوە.

دەربارەی سیستەمی watchOS ـیش، لە دوای هەمان ڕێکەوتدا پێویستە گەشەپێدەرانی ئامێرەکە بە کەرەستەی گەشەپێدانی نەرمەکاڵا (SDK) ـی وەشانی watchOS 5.1 و نوێتر ئەپەکانیان درووست بکەن و ئەپەکانیان پشتگیری لە نەوەی چوارەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch بکات.

ئەپڵ هۆکاری دانانی ئەم مەرجە نوێیە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لە ئێستادا ڕێژەی 80٪ ـی ئامێرەکانی ئەپڵ لەسەر وەشانەکانی iOS 12 کار دەکەن.

سەرچاوە :

Apple Developer

20 ئازار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیادا تێکەڵم و ئاگاداری دواین هەواڵەکانی تەکنەلۆژیام بە گشتی. خولیام بۆ ته‌كنه‌لۆژیا وای كرد كه‌ له‌ كه‌ی ئای تی ئێن درێژە بە خزمەتەکانم بدەم و بەردەوامبم لە گەیاندنی هەواڵە گرنگ و نوێیەکانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی درووست بە خوێنەرانی کورد.
424