ئەپڵ 23, ئازار 2019

لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا ئەپڵ بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower بەردەست دەکات

بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower، ئەو ئامێرەی کە ئەپڵ لە ساڵی 2017 ـەدا نمایشی کرد، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بەردەست نەکراوە و ئەپڵ خۆی بێدەنگ کردووە دەربارەی بەردەستکردنی. بە پێی چەند پێگەیەک بێت وا دیارە ئەپڵ لە ئەم مانگەدا کۆتایی بە بێدەنگ بوونی لە بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower دەهێنێت.

لە ڕاپۆرتێکدا پێگەی DigiTimes ڕایگەیاندووە کە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا ئەپڵ بە فەرمی بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower بەردەست دەکات و کۆتایی بەو بێدەنگییەی دەهێنێت. لە پێشوودا زۆرێک لە پێگەیانی دیکە ئاشکرایان کردبوو کە ئەپڵ لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بارگاویکەرەوە بێوایەرەکە بەردەست دەکات، بەڵام وا دیارە ئەپڵ لە ئەم مانگەدا بەردەستکردنەکە ئەنجام دەدات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی بەردەستکردنی نەوەی دووەمی بیستۆکی بێوایەری AirPods ـەوە، ئەپڵ پەڕەی بیستۆکە بێوایەرەکەی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی نوێکردەوە. دوا بە دوای ئەوە، پێگەی MacRumors وێنەی بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower ـی لە پەڕەی بیستۆکە بێوایەرەکەدا بەدی کرد.

ئەگەر بە ڕاستی ڕووبدات، ئەوا لە ئەمڕۆوە کەمتر لە 9 ڕۆژ ماوە بۆ کۆتایی پێهێنان بە مانگی 3 و پێویستە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا بەردەستکردنی بارگاویکەرەوە بێوایەرەکە ببینین. وا پێشبینی دەکرێت نرخی بارگاویکەرەوە بێوایەرەکەی ئەپڵ لە دەوروبەری 199$ ـدا بێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ