ئەپڵ 30, ئازار 2019

بە فەرمی ئەپڵ پاشگەزبوونەوەی لە بەرهەمهێنانی بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower ڕاگەیاند و کۆتایی بە ئامێرەکە هێنا

لە دوای 2 ساڵ لە چاوەڕوانی و ناساندنی ئامێرەکە، ئەپڵ بە فەرمی کۆتایی بە بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower هێنا و هەرگیز ئامێرەکە نابینین.

ساڵی 2017 ئەپڵ بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower ـی لەگەڵ iPhone X ـدا ڕاگەیاند. لە کاتی ناساندنەکەدا ئەپڵ ڕایگەیاند لە پاش ساڵێکی دیکە بارگاویکەرەوە بێوایەرەکە بەردەست دەکەین، بەڵام 2 ساڵ تێپەڕی و ئەپڵ بە فەرمی پاشگەزبوونەوەی لە بەرهەمهێنانی بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower ڕاگەیاند.Related image

بەڕێز Dan Riccio بەڕێوەبەری ئەندازیاری ڕەقەکاڵان لە کۆمپانیای ئەپڵ شکستهێنانی خۆیانیان لە بەرهەمهێنانی بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower ڕاگەیاند و کۆتایی بە گشت پڕوپاگەندەکان هێنا دەربارەی کاتی بڵاوکردنەوەی ئامێرەکە. لێدوانەکەی بەڕێز Dan Riccio بەم شێوەیە بوو:

لە دوای چەندین هەوڵدان، بۆمان دەرکەوت کە AirPower لە ئاستی باڵای جۆرایەتی ئێمەدا نییە، هەر بۆیە بەرهەمەکەمان ڕەتکردەوە. داوای لێبووردن لە گشت ئەو کڕیارانە دەکەین کە چاوەڕوانی کاتی بەردەستکردنی ئامێرەکە بوون. بەردەوام دەبین لە بڕوا پێکردن بە داهاتووی بێوایەر و ئەزموونی بێوایەر بەرەو پێشەوە دەبەین.

– Dan Riccio بەڕێوەبەری ئەندازیاری ڕەقەکاڵان لە کۆمپانیای ئەپڵ

بە پێی قسەی بەڕێز Dan Riccio بێت، بە تەواوی دیارە کە ئەپڵ سەرکەوتوو نەبوو لە بەرهەمهێنانی بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower، هەروەک پێشووتر چەندان پڕوپاگەندە ڕایانگەیاند هۆکاری دواخستنی بەردەستکردنی بارگاویکەرەوە بێوایەرەکە بۆ ئەو ماوە زۆرە لەبەر سەکەوتوو نەبوونی ئامێرەکە بووە.

لە ساتی ڕاگەیاندنی بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower لە ساڵی 2017 ـەدا، ئەپڵ ڕایگەیاند بارگاویکەرەوە بێوایەرەکە توانای بارگاویکردنەوەی 3 ئامێری دەبێت لە یەک کاتدا. ئەمەش وەکو شتێکی مەحاڵ لە لایەن هەندێکەوە چاوی لێ کرا، چونکە پێویستی بە هەبوونی چەند کۆیلێکی کارەبایی هەبوو بۆ بارگاویکردنەوەی 3 ئامێر لە یەک کاتدا و کەمێک قورسە تاوەکو بەرهەمەکە سەرکەوتوو بێت.

لە ڕێبەری نێو پاکەتی ئایفۆنە نوێیەکانی ساڵی ڕابردوودا، ناوی بارگاویکەرەوە بێوایەرەکە هاتبوو. تەنانەت لە ژێر پاکەت و پشتی پاکەتی ئەپڵ نەوەی دووەمی بیستۆکی بێوایەری AirPods ـدا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەستکرا، بە هەمان شێوە وێنە و ناوی بارگاویکەرەوە بێوایەرەکە بوونی هەبوو.

ڕەتکردنەوەی بەرهەمەکە لە لایەن ئەپڵەوە، بووە هۆکاری نیگەرانی زۆرینەری هەواداران و خاوەن بەرهەمەکانی ئەپڵ. تەنانەت زۆرێک لە پێگەکان دەستیان کردووە بە گاڵتە کردن بە بەرهەمە ڕەتکراوەکەی ئەپڵ. ڤیدیۆیەکی پێگەی 9to5Mac کە تێیدا گاڵتە بە ساتی نمایشکردنی بارگاویکەرەوە بێوایەرەکەی ئەپڵ دەکات:

پڕوپاگەندەکان دەربارەی کاتی بەردەستکردنی بارگاویکەرەوە بێوایەرەکەی ئەپڵ کۆتاییان پێهات. هەرگیز بەرهەمێک نابینین لە لایەن ئەپڵەوە بە ناوی AirPower.

بۆچونی تۆ