ئەپ و نەرمەکاڵا

وەکو هیوایەک لە دوای ماڵئاوایی Inbox، ئێستا ئەپی Sparkـی بەناوبانگی ئیمەیڵ بۆ ئەندرۆید بەردەستە

هەر وەکو بڕیار بوو دوێنێ بە فەرمی ئەپی Inbox لە لایەن گووگڵەوە وەستێندرا و ماڵئاوای لێ کردین. لە ڕاستیدا لەگەڵ کۆتایی پێ هێنانی ئەو ئەپە، گووگڵ هیچ بژاردەیەکی وەکو بەراورد پێشکەش بە بەکارهێنەران نەکرد جگە لە ئەپی جیمەیڵ نەبێت، ئەمەش بە هۆی ئەوەی بەپێی گووگڵ ئەپی جیمەیڵ هەمان تایبەتمەندی ئینبۆکسی هەیە، بەڵام وادیارە کۆمپانیای Readdle ئەمەی بە هەل وەرگتووە و ئەپە بەناوبانگەکەی خۆی بە ناوی Spark، کە تایبەتە بە ئیمەیڵ و دەمێکە لەسەر ئای ئۆ ئێس بەردەستە، بۆ ئەندرۆید ڕابگەیەنێت.

شایەنی باسە، ئەپەکە ئێستا بە فەرمی لەسەر گووگڵ پلەی بۆ ئەندرۆید بەردەستە. ئەم ئەپە خاوەنی دیزاینێکی نایاب و جوان و سادەیە، هەروەک زیرەکانە ئیمەیڵەکان هاوپۆل دەکات و ئامانج لێی زیاتر بەرهەمدارییە لە کاتی بەکارهێنانی ئەپەکە بۆ ئیمەیڵ کردنەوە و ناردن و مامەڵەکردن لەگەڵ چەند هەژمارێکی جیاوازدا.

بۆ نمونە، سپارک پشتگیری لە کۆکردنەوەی تەواوی ئیمەیڵەکان دەکات بە شێوەیەکی خۆکار بە پێی ناوەڕۆکەکانیان. بە پێچەوانەی ئینبۆکس، ئەپی سپارک یەک دوو دێڕی سەرەتا پێشان دەدات پێش کردنەوەی، هەروەها ئەگەر تۆ یەکێکی لەوانەی بە ناو ئینبۆکسەکەتدا دێیت و دەڕۆیت بەبێ کردنەوەی ئیمەیڵەکان چونکە لەوەیە لەلات گرنگ نەبن، ئەوا سپارک بژاردەیەکت دەخاتە بەردەم بە مەبەستی نیشان کردنی ئەو ئیمەیڵانە وەکو خوێندراوە بە یەک هەنگاو. هەروەک هاوکارە لە شوێنکەوتنی ئەو ئیمەیڵانەی گفتوگۆی زۆریان تێداکراوە بە شێوەیەک ئیمەیڵەکانی پێشوو وەکو مێژوو History دیاری دەکات و دواتر لە History Section دەتوانیت بیانکەیتەوە.

یەکێکی تر لە تایبەتمەندییە بە هێزەکانی سپارک بریتییە لە دانانی ئەو ئیمەیڵانەی کە گرنگ نین بەلاتەوە لە دۆخی خەودا واتە Snooze، ئەمەش لە پێناو زیاتر جەخت کردن لە شتە گرنگەکان. تەنانەت دەتوانێت ئاگادارت بکاتەوە کە چ کاتێک سەیری ئەم ئیمەیڵانە بکەیتەوە، و هەروەها ئەپەکە دەتوانێت ئاگادارت بکاتەوە سەبارەت بەو ئیمەیڵانەی بۆ ماوەیەکە ناردووتن و تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.

لە ڕاستیدا، ئەپەکە خاوەنی تایبەتمەندی ناوازە و ئاست بەرزە لە بوارەکەی خۆیدا. بە پوختی ئەمانەش هەندێکی ترن:

  • پشتگوێ خستنی ئەو ئاگاهییانە (نۆتیفیکەیشنانە)ی کە لەلایەن کەسێکەوە بۆت هاتووە کە لە Contactsی تۆدا بوونیان نییە.
  • ناچالاککردنی ئاگاهییەکان Notifications بۆ ئەو ئیمەیڵانەی هەواڵن واتە News Letter
  • دەتوانیت ئاگاهییەکان ڕێکبخەیت کە تەنها ناوێ نێرەر و ناونیشانی ئیمەیڵەکە بێت یان ناو و ناونیشان و ناوەڕۆکی ئیمەیڵەکەش دەربکەوێت.
  • لە لیستی تەنیشت دەتوانیت ئیمەیڵەکانت بکەیتە بەش بەش بە پێی خواستی خۆت و هەر ئیمەیڵێک بە پێی بەشەکەی بخەیتە ئەو بەشەی تۆ دەتەوێت.
  • ئەپەکە دەتوانرێت بە وشەی نهێنی پارێزراو بکرێت و نەهێڵێت جگە لە خۆت کەس ئەپەکە بکاتەوە.
  • سپارک ئەپێکە لەسەر تەواوی زۆرینەی سیستەمەکان هەیە و پشتگیری لە synchronization واتە هاوکات بوون دەکات و دەتوانێت هەموو شتێک لە نێوان سیستەمەکان هاوکات بکات، بۆ نمونە، ئیمەیڵە دواخراوەکان، بیرخەرەوەکان، هەروەها ڕێکخستنی هەژمار و زیاتریش…

YouTube: please specify correct url

بە پشت بەستن لەو تایبەتمەندیانەی لەسەرەوە باسمانکردن، ئەوا ئەپی Spark بە ئەپێکی بەهێزی ئەو بوارە دێتە هەژمار. بە تایبەتی ئەگەر ژینگەکە زیاتر تێیدا مەبەستی کار بێت بۆ ئیمەیڵ ئاڵوگۆڕ کردن، بەڵام ئەگەر ئیمەیڵەکەت زیاتر بۆ کاری کەسی خۆتە ئەوا ئەپی جیمەیڵ زۆرینەی کارەکانت بۆ دەکات و دەتوانیت لەسەر ئەپی جیمەیڵ بمێنیتەوە.

ئەگەر دەتەوێت سپارک تاقی بکەیتەوە، کرتە بکە بۆ داگرتن لە گووگڵ پلەی.

سەرچاوە :

3 نیسان، 2019
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1165