ئای ئۆ ئێس 30, نیسان 2019

فەیسبووک ڕایگەیاند کە کار لەسەر کەمکردنەوەی قەبارەی ئەپی مێسنجەر دەکات

ئەمڕۆ کۆمپانیای فەیسبووک کۆنگرەی ساڵانەی لە ژێر ناوی F8 ئەنجامدا. کۆنگرەکە پڕ بوو لە ڕاگەیاندنی جۆراوجۆر دەربارەی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکە. یەکێک لە ڕاگەیاندنەکان، کەمکردنەوەی قەبارەی ئەپی مێسنجەر بوو.

کۆمپانیای فەیسبووک ڕایگەیاند کە کار لەسەر کەمکردنەوەی قەبارەی ئەپی مێسنجەر دەکەن لە وەشانەکانی داهاتوودا. قەبارەی ئەپەکە 30 مێگابایت کەمتر دەکرێتەوە، کە دەکاتە ڕێژەی 20% کەمتر لە چاو قەبارەی ئێستای ئەپەکە. بەڵام پێشبینی ناکرێت تاوەکو کۆتاییەکانی ئەمساڵ وەشانە قەبارە کەمەکەی ئەپەکە بەردەست بکرێت.

قەبارە کەمکردنەوەی ئەپەکە تەنها سەکۆی iOS دەگرێتەوە. کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە هیچ پلانێکیان نییە دەربارەی کەمکردنەوەی قەبارەی ئەپەکە بۆ سەکۆی Android، لە کاتێکدا کە ئەپی Messenger Lite ـیان لە ساڵی 2015 ـەدا بەردەست کردبوو.

خێرایی گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئەپە نامەبەرەکان، هەر بۆیە هیوا هەیە لەگەڵ کەمکردنەوەی قەبارەی ئەپەکە، خێراییەکەشی بە ڕادەیەکی زۆر زیاد بکرێت.

هەروەها فەیسبووک تایبەتمەندییەکی نوێی لە ئەپی مێسنجەردا ڕاگەیاند. ئەویش هاوبەشیپێکردنی ڤیدیۆکانە لە کاتی پەیوەندییە ڤیدیۆییەکاندا. ڕێگەت پێ دەدات ڤیدیۆیەک لە ئەپی فەیسبووکدا بۆ ئەپی مێسنجەر هاوبەشی پێ بکەیت و هاوڕێیانت بانگهێشت بکەیت بۆ سەیرکردنی. وا چاوەڕوان دەکرێت ئەم تایبەتمەندییە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بەردەست بکرێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ