ئەپڵ

چەند وێنەیەکی زیندووی کارتە بانکییەکەی ئەپڵ (Apple Card) دزەی پێکرا

لە چەند مانگی ڕابردوودا و لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە ژێر ناوی It’s show time، کۆمپانیای ئەپڵ خزمەتگوزاری کارتی بانکی Apple Card ـی ڕاگەیاند. خزمەتگوزارییەکە تایبەتە بە پاشەکەوتکردن و ئاڵوگۆڕکردنی پارە بە شێوەی ئەلکترۆنی.

هەرچەندە وێنەی کارتە بانکییەکەی ئەپڵ زۆر نامۆ نییە بە لامانەوە، چونکە ئەپڵ لە کۆنگرەکەدا وێنەیەکی لە کارتە فیزیاییەکە نیشاندا. بەڵام کەمێک پێش ئێستا چەند وێنەیەکی زیندووی کارتە بانکییەکەی ئەپڵ بە ناوی Apple Card دزەی پێکرا. هەژماری Ben Geskin لە تویتەر چەند وێنەیەکی جریوە کردووە و تێیدا ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک لە فەرمانبەرەکانی ئەپڵ کارتە بانکییەکەیان بە دەست گەیشتووە، هەروەها کەسی ناوبراو چەند وێنەیەکی لە کارتە بانکییەکەی فەرمانبەرێکی ئەپڵ بە دەست گەیشتووە، بەڵام کەمێک دەستکاری وێنەکەی کردووە، ئەویش بە خستنە سەری ناوی خۆی بۆ سەر کارتەکە لە جێگای ناوی فەرمانبەرەکەی ئەپڵ.

لە وێنەی یەکەمدا، کارتەکە لە نێو پاکێجێکی تایبەتدایە، کە پێویستە سەرەتا کارتەکە لە ڕێگای ئایفۆنەوە چالاک بکرێت. لە وێنەی دووەمدا، لەسەر ڕووی کارتەکە وێنۆچکەی ئەپڵ و ناوی خاوەن کارتەکە و چیپێک بوونی هەیە. هەرچی دەربارەی پشتی کارتەکەیە کە وێنەی سێیەمە، وێنۆچکەی هەردوو کۆمپانیای Mastercard و Goldman Sachs بوونی هەیە.

کارتە بانکییەکەی ئەپڵ لە کانزای تیتانیۆم درووست کراوە. ئەوەی ئەم کارتە جیا دەکاتەوە لە کارتە بانکییەکانی دیکە، نەبوونی هیچ ژمارەیەکی خاوەندارێتی تایبەت و CVV و ڕێکەوتی بەسەرچوونە لەسەر ڕووی کارتەکە.

لە ئەم هاوینەدا و بە دیاری نەکراوی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەست دەکرێت.

سەرچاوە :

13 ئایار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
508