سامسۆنگ

سامسۆنگ جۆرێکی تایبەتی لە گالەکسی +S10 بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپی 2020 ـی تۆکیۆ ڕاگەیاند

ئەمڕۆ کۆمپانیای سامسۆنگ جۆرێکی تایبەتی لە مۆبایلی گالەکسی +S10 بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپی ساڵی داهاتووی شاری تۆکیۆی ژاپۆن ڕاگەیاند. هۆکاری ئەم زوو ڕاگەیاندنە بۆ ئەو کەسانەیە کە ناتوانن تاوەکو سەرەتاکانی ساڵی داهاتوو چاوەڕوانی ئەم جۆرە تایبەتە ببن.

ئەم جۆرە تایبەتەی گالەکسی +S10 هیچ جیاوازییەکی نییە لە ڕووی تایبەتمەندی و دیزاینەوە بە بەراورد بە جۆرە ئاساییەکە. تەنها ئەوە نەبێت کە ڕووی پشتەوەی شووشەیە و سیرامیک نییە، وە لە پشتەوە وێنۆچکەی تایبەت بە یارییەکانی ئۆڵۆمپی ساڵی 2020 ـی تۆکیۆ بوونی هەیە، هەروەها تەنها ڕەنگی سپی شووشەیی بەردەستە.

جۆرە تایبەتەکەی مۆبایلی گالەکسی +S10 لە سەرەتاکانی مانگی 7 ـی ئەمساڵەوە بە نرخی دەستپێکی نزیکەی 1,000$ لە بازاڕەکانی وڵاتی ژاپۆن بەردەست دەکرێت. بەڵام بە داخەوە، وا پێناچێت ئەم جۆرە تایبەتە لە بازاڕەکانی دیکەی جیهاندا بەردەست بکرێت.

ئەمە یەکەم جار نییە کە کۆمپانیای سامسۆنگ جۆرێکی تایبەت لە زنجیرە مۆبایلەکانی گالەکسی بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپی بەرهەم بهێنێت. بەڵکو جۆری تایبەتی هەر یەکە لە مۆبایلەکانی؛ گالەکسی Note لە 2012، گالەکسی Note 3 لە 2014، گالەکسی S7 edge لە 2016 و گالەکسی Note 8 ـی لە ساڵی ڕابردوودا بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپی بەرهەم هێنابوو. هەروەها لە داهاتوودا جۆری تایبەتی دیکەی مۆبایلەکانی گالەکسی بە یارییەکانی ئۆڵۆمپی دەبینین، چونکە گرێبەستی کۆمپانیای سامسۆنگ وەکو سپۆنسەری یارییەکانی ئۆڵۆمپی تاوەکو ساڵی 2028 درێژە دەخایەنێت.

وا بڕیارە یارییەکانی ئۆڵۆمپی لە ڕێکەوتی 24 ـی 7 ـی 2020 لە شاری تۆکیۆی وڵاتی ژاپۆن بەڕێوەبچێت تاوەکو 9 ـی 8 ـی هەمان ساڵ درێژە بخایەنێت.

گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی Samsung Galaxy S10+ Olympic Game Edition:

  • ڕوونما: قەبارە 6.4 ئینج بە وردی نیشاندانی 3.040 بە 1.440 پێکسڵ لە جۆری Infinity-O و Dynamic AMOLED خاوەن چاڵی ژێر ڕوونما و ڕوونی HDR10+.
  • پڕۆسێسەر:Snapdragon 855 (بۆ جۆری ئەمریکی)، Exynos 9820 بۆ جۆرەکانی دیکە.
  • گرافیک: Adreno 640.
  • ڕام: 8 و 12 گێگابایت.
  • بیرگە: 128 و 512 گێگابایت و 1 تێرابایت.
  • ئەستووری: 7.8 ملیمەتر.
  • کێش: 175 گرام.
  • پاتری: 4.100 ملی ئەمپێر.
  • بارگاویکردنەوە: پشتگیری کردن لە بارگاویکەرەوەی خێرا. پشتگیری کردن لە بارگاویکەرەوەی بێوایەر. توانای بارگاویکردنەوەی مۆبایل و ئامێری دیکەی هەیە بە شێوەی بێوایەر.
  • کامێرای پشتەوەیەکەم: 12 مێگاپێکسڵ بە تیرەی F2.4. دووەم: 12 مێگاپێکسڵ بە تیرەی F1.5/F2.4. سێیەم: 16 مێگاپێکسڵ بە تیرەی F2.2. توانای نزیککردنەوە بۆ دوو ئەوەندە.
  • کامێرای پێشەوە(سێڵفی)یەکەم: 10 مێگاپێکسڵ. دووەم: 8 مێگاپێکسڵ.
  • هەستەوەری ئاسایشی: هەستەوەری پەنجەمۆری سەر ڕوونما، ناسێنەرەوەی دەموچاو.
  • دەرچە: USB-C، بیستۆک.
  • دەنگ: AKG.
  • ڕایەڵە: Bluetooth 5.0، WiFi 6، 4G LTE.
  • ڕەنگ: شین، سەوز، ڕەش، سپی، پەمەیی، سیرامیکی ڕەش، سیرامیکی سپی.
  • سیستەمی کارپێکەر: One UI (بنچینەکراو لەسەر Android 9 Pie).

 

سەرچاوە :
17 ئایار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
586