گەرمترین

حکومەتی ئەمەریکی بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی بەسەر هواوەی بۆ ماوەیەکی کاتی

کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکی لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە تا ٩٠ ڕۆژی تر ڕێگە بە کۆمپانیای هواوەی چینی دەدەن بە بەکارهێنانی سیستەمی ئەندرۆید لەم سێ مانگەی داهاتوودا، و هەروەها ڕەوانەکردنی نوێکردنەوەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بۆ بەکارهێنەرانی.

بێگومان ئەم ڕاگەیاندراوەش وەکو هێورکەرەوەیەک دێت بۆ ئەو سزایەی بەسەر هواوەی سەپێندرا لەم هەفتەیەدا کە لە لایەن حکومەتی ئەمەریکی بەسەر هواوەی سەپێندرا بە خستنەناو لیستی ڕەش و قەدەغەکردنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بە مامەڵەکردن لەگەڵیدا. ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی دوێنێ گووگڵ ناچاربکات بە پاشەکشەکردنیان لە پێدانی مۆڵەتی بەکارهێنانی سیستەمی ئەندرۆید بۆ هواوەی پێش ئەوەی ئەمڕۆ ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی کاتی هەڵبوەشێندرێتەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە هواوەی دەتوانێت چاکسازی لە تۆڕەکانی بکات لە هەندێک لەو شارانەی ئەمەریکا کە پێشتر بوونیان هەبووە، و هەروەها هەروەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد دەتوانێت سود لە مۆڵەتی بەکارهێنانی ئەندرۆید وەربگرێت کە پێشتر هەیبووە تا بتوانێت نوێکارییەکان بۆ بەکارهێنەرانی ڕەوانە بکات و ئەمەش تا ١٩ی ٨ی ٢٠١٩ دەتوانێت.

هۆکارەکانی پشتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە ڕوون نیین. یەکێک لە هۆکارەکان دەکرێت کاریگەری لەسەر هەلی کاری ئەمەریکییەکان بێت. دامەزراوەی The Information Technology and Innovation Foundation، کە دەستەیەکی بازرگانی و توێژینەوەیە، لە ڕاپۆرتێکیاندا ئاماژە بە زیانەکان دەکەن و دەیبخەمڵێنن بە ٥٦.٣ بلیۆن دۆلار بۆ سەر ئابوری ئەمەریکا و نزیکەی ٧٤ هەزار کاریش دەبنە قوربانی.

هۆکارێکی تری لەوەیە ئەوە بێت لە ئێستادا چین ناڕەزایی لە دژی ئەم هەنگاوانە دەربڕیوە و بە شێوەیەکی لاوەکی هەڕەشەی قەدەغەکردنی دەست گەیشتن بە هەندێک مادەی دەگمەنی خاکی دەکات. هەر لەم ڕووانگەیەوە سەرۆکی چین، Xi Jinping، کۆتایی هەفتەی ڕابردوو گەشتێکی بەناو کارگەیەکی مادە دەگمەنەکان کردووە، کە چالاکوانانی سیاسی ئەمە بە بیرخەرەوە شیکار دەکەن بەوەی کە چین دەورێکی باڵای هەیە لە هەناردەکردنی بەرهەمە دەگمەنەکان و کارگەکانیشیان گەورەترینن لەسەر ئاستی جیهان.

بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەم هۆکارانەی سەرەوە، ئەم هەڵوەشاندنەوە کاتییە کاریگەریەکی ئەوتۆی نابێت لەسەر هاوکێشە سەرەکییەکە، بەڵام لەوەیە هەناسەیەک ببەخشێتە هواوە تاوەکو بتوانن بزانن هەنگاوی داهاتوویان چی دەبێت بەبێ تەکنەلۆژیای ئەمەریکی.

سەرچاوە :

21 ئایار، 2019
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1169