گووگڵ

کێشەی کوژاندنەوەی لە ناکاو ڕووبەڕووی خاوەنەکانی مۆبایلەکانی گووگڵ Pixel 3a و Pixel 3a XL بووەتەوە

هێشتا 2 هەفتەی تەواو تێنەپەڕیوە بەسەر ڕاگەیاندنی مۆبایلەکانی گووگڵ Pixel 3a و Pixel 3a XL لە لایەن گووگڵەوە. بەڵام، یەکەمین کێشە لە مۆبایلە نوێیەکانی گووگڵدا بەدی کرا.

چەند کەسێک لە پێگەی Reddit و فۆڕمی پەڕەی پشتگیری گووگڵدا تێبینی کێشەیەکیان کردووە، ئەویش کوژاندنەوەی گووگڵ Pixel 3a و Pixel 3a XL ـەکانیانە بە شێوەیەکی لە ناکاو. بە شێوەیەک کە لە دوای ڕوودانی حاڵەتەکەوە، پێویستە بە شێوەی ڕێکخستنەوەی قورس (Hard Reset) مۆبایلەکان هەڵبکەنەوە، ئەویش بە ڕاگرتنی پەنجە لەسەر دوگمەی Power بۆ ماوەی 30 خولەک. هەندێک لەو کەسانەی کە کێشەکەیان ڕووبەڕوو بووەتەوە، ڕۆژانە زیاتر لە 3 بۆ 5 جار حاڵەتەکەیان توش دەبێت. بەداخەوە، ژمارەی ئەو کەسانە کەم نین کە کێشەکەیان ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

بە تەواوی دیار نییە هۆکاری کێشەکە چییە، بەڵام وا دیارە هۆکاری کێشەکە پەیوەندی بە ڕەقەکاڵای ئامێرەکەوە هەبێت. تاوەکو ئێستاش گووگڵ لەسەر کێشەکە هیچ وەڵامێکی نییە.

ئەمە یەکەمین جار نییە کە مۆبایلەکانی گووگڵ ڕووبەڕووی کێشەی جیاواز دەبنەوە. لە ساڵی ڕابردوودا و لە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی کەم بەسەر بەردەستکردنی گووگڵ Pixel 3، بەکارهێنەران سەرنجی ئەوەیان دابوو کە وێنەکانیان پارێزراو نین و کەلێنێک بوونی هەیە. بەڵام لە ئەم حاڵەتەدا، بە لایەنی کەمەوە ڕووبەڕووی کێشەی کوژاندنەوەی لە ناکاو نەهاتبوونەوە.

سەرچاوە :

22 ئایار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
586