هەواڵ

هواوەی چیدیکە ناتوانێت کارتەکانی microSD بۆ ئامێرە نوێیەکانی بەکاربهێنێت

تا دێت سزاکانی سەر کۆمپانیای هواوەی چینی چڕتر دەبنەوە و کۆمپانیا ئەمریکییەکان پەیڕەوی یاساکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکەن کە داوای لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردبوو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای هواوەی و نزیکەی 70 کۆمپانیای دیکەی چینی بپچڕێنن بە تۆمەتی سیخوڕیکردنی کۆمپانیا چینییەکان بەسەر ڕاژەکانی ئەمریکاوە.

بەم بۆنەیەوە، کۆمەڵەی SD کە کۆمەڵەیەکی تایبەت بە پەرەپێدان و یەکخستنی تایبەتمەندییەکانی کارتەکانی SD و microSD ـە، کۆمپانیای هواوەی خستە دەرەوەی کۆمەڵەکەی خۆی، کە پێشووتر کۆمپانیا چینییەکە ئەندامی کۆمەڵەکە بوو. بەمەش هواوەی چیدیکە ناتوانێت کارتەکانی microSD بۆ ئامێرە نوێیەکانی بەکاربهێنێت و هاوکار بێت لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای SD.

ئەم بڕیارە پەیوەندی بە مۆبایل و ئامێرەکانی ئێستای کۆمپانیای هواوەییەوە نییە و microSD ـەکان بێکێشە کار دەکەن بۆ هەمیشە. بەڵام ئەم بڕیارە بە مانای ئەوە دێت چیدیکە مۆبایل و ئامێرەکانی دیکەی کۆمپانیا چینییەکە توانای کارکردنی کارتەکانی microSD ـیان نابێت.

پێشووتریش کۆمەڵەی Wi-Fi Alliance تایبەت بە پەرەپێدانی وایفای و کۆمەڵەی JEDEC تایبەت بە پەرەپێدانی ڕام هواوەییان لە کۆمەڵەکانیان خستە دەرەوە.

سزاکانی سەر هواوەی تا دێت ڕوو لە زیادبوون دەکات. بۆچوونی خەڵکی سەبارەت بە داهاتووی کۆمپانیاکە بووە بە دوو بەشەوە، بەشێکیان پێیان وایە کە کۆمپانیاکە توانای هەیە بەرەنگاری گشت سزاکانی ئەمریکا ببێتەوە، بەشێکیشیان پێیان وایە کە تەمەنی کۆمپانیاکە زۆر کەمی ماوە و بەرەو لەناوچوون دەڕوات.

پەیوەندیدار بە سزاکانی هواوەی:

سەرچاوە :
26 ئایار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
599