تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 9, حوزه‌یران 2019

سناپ چات تایبەتمەندی بۆنەکان (Events) بۆ ئەپەکەی زیاد دەکات

سناپ چات بە بەردەوامی لە هەوڵی ڕاکێشانی بەکارهێنەرە جیاوازەکاندایە بۆ ئەپەکەی. بۆ ئەم مەبەستەش، کۆمپانیاکە دەیەوێت تایبەتمەندی بۆنەکان (Events) بۆ ئەپەکەی زیاد بکات.

تایبەتمەندییەکە تاوەکو ئێستا بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بەڕێز Jane Manchun Wong توێژەرەوەی ئەپەکان لە تویتەر جریوەیەکی بڵاوکردۆتەوە و وێنەی بەشی بۆنەکان (Events)ـی لە نێو ئەپی سناپ چاتدا بڵاوکردۆتەوە.

تاوەکو ئێستا ڕوون نییە کە چۆن تایبەتمەندییەکە کار دەکات. بەڵام بە پێی وێنەکانی جریوە بێت، تایبەتمەندی بۆنەکان وەکو کارتێک وایە، تێیدا دەتوانیت ناوی بۆنەکە و لەگەڵ شوێن و کاتی بۆنەکە بنووسیت. وە بە پەنجە بردنەوە سەرەوە لێی، دەتوانرێت پەیوەستی گفتوگۆی بە کۆمەڵ بکرێت سەبارەت بە بۆنەکە. دەشڵێن ڕەنگە لە بەشی نەخشەی سناپ (Snap Map) ـدا بۆنەکان لەسەر شوێنە دیاریکراوەکان نیشان بدرێت.

هیچ زانیارییەکی دیکە لە ئارادا نییە دەبارەی ئەوەی تایبەتمەندییەکە بە شێوەیەکی تایبەت بە تەنها لە نێوان هاوڕێکانی سناپ چاتدا بوونی دەبێت یاخود بە شێوەیەکی گشتی بوونی دەبێت. هەروەها تاوەکو ئێستا کۆمپانیای سناپ چات تایبەتمەندییەکەی پشتڕاست نەکردۆتەوە، هەر بۆیە نازانرێت لە چ کاتێکدا دەست دەکرێت بە بەردەستکردنی تایبەتمەندییەکە.

زۆرێک ئەم تایبەتمەندییە وەکو تایبەتمەندییەکەی لەبەرگیراوەی فەیسبووک چاو لێ دەکەن، چونکە ماوەیەکی زۆرە تایبەتمەندی ناوبراو لە فەیسبووک و ئینستەگرامدا بوونی هەیە. هەر چەندە فەیسبووکیش مێژوویەکی درێژی هەیە سەبارەت بە لەبەرگرتنەوەی تایبەتمەندییەکانی سناپ چات، بە تایبەت لە ساڵی 2016 و لە دوای شکستهێنانی فەیسبووک لە کڕینەوەی کۆمپانیای سناپ چات، فەیسبووک تایبەتمەندی فلتەرەکانی بۆ فەیسبووک مێسنجەر زیاد کرد، هەروەها لە پاش ساڵێک تایبەتمەندی ستۆری بۆ ئینستەگرام زیادکرد، کە تایبەتمەندییەکان سەرکەوتنێکی ئێجگار گەورەیان تۆمار کرد.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ