گەرمترین

لە پێش نمایشکردنیدا، گووگڵ بە فەرمی وێنەی ڕووی پشتەوەی مۆبایلی Google Pixel 4 ـی بڵاوکردەوە

مۆبایلی Google Pixel 4 ئەو مۆبایلەی کۆمپانیای گووگڵە کە تاوەکو کۆتاییەکانی ئەمساڵ نمایش ناکرێت. بەڵام لە پێش نمایشکردنیدا، کۆمپانیاکە یەکەمین وێنەی ڕووی پشتەوەی مۆبایلەکەی بڵاوکردەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وێنە دزەپێکراوەکانی مۆبایلی Google Pixel 4 بە شێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕەکاندا بڵاو دەکرانەوە. کەمێک پێش ئێستا، هەژماری فەرمی گووگڵ لە تویتەر بە بڵاوکردنەوەی ڕووی پشتەوەی مۆبایلی Google Pixel 4، وەڵامی وێنە دزەپێکراوەکانی دایەوە. بەڵێ، ئەو وێنەیەی گووگڵ بڵاویکردۆتەوە هەمان وێنەی ڕووی پشتەوەی وێنە دزەپێکراوەکانی مۆبایلەکەیە. وەکو دیارە، مۆبایلەکە لە پشتەوە خاوەن 3 کامێرایە لە چوارچێوەیەکی شووشەیدا. وە ڕەنگی دوگمەی هەڵکردن لە لاتەنیشت و وێنۆچکەی گووگڵ لە پشتەوە خۆڵەمێشین.

جریوەیەکی گووگڵ بە بێ بڵاوکردنەوەی ڕووی پێشەوە و زانیاری زیاتر دەربارەی مۆبایلەکە بوو.

لە ڕاستیدا، شێوازی ڕێکخستنی کامێرای مۆبایلە نوێیەکەی گووگڵ هاوشێوەی وێنە و نموونە دزەپێکراوەکانی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵە. ڕەنگە بڵاوکردنەوەی وێنەی پێشوەختەی مۆبایلەکە لە لایەن گووگڵەوە، بۆ ئەوە بێت لە کاتی ڕاست دەرچوونی وێنە دزەپێکراوەکانی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ، گازندە نەهێنێتە سەر خۆی سەبارەت بە بەکارهێنانی دیزاینی ئەپڵ.

ئەوەی دەیزانین دەربارەی مۆبایلی Google Pixel 4، ئەوەیە کە بە ئەگەری زۆرەوە مۆبایلەکە خاوەن هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەمووچاوی هاوشێوەی Face ID ـی ئەپڵ دەبێت.

لە ڕابردوودا وێنە دزەپێکراوەکانی مۆبایلەکانی گووگڵ بەر لە چەند هەفتەیەک یاخود چەند مانگێک لە نمایشکردنیان بڵاوکراونەتەوە.

وا چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی 10 ـی ئەمساڵدا کۆمپانیای گووگڵ لە بۆنەیەکی تایبەتدا مۆبایلی Google Pixel 4 و وەشانێکی نوێ لە یاریدەدەری دەنگی Google Assistant و چەند بەرهەمێکی دیکە ڕابگەیەنێت.

سەرچاوە :
12 حوزه‌یران، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
840