ئای ئۆ ئێس

دواین وەشانی تاقیکاری iOS 13 ئاگادارت دەکاتەوە لە لابردنی بەژداریکردنی نێوخۆی ئەپەکان لە کاتی سڕینەوەیان

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەپڵ ئەپڵ وەشانی iOS 13 ـی بە دۆخی تاریک (Dark Mode) و زیاترەوە ڕاگەیاند. هەرچەندە تاوەکو ئێستا وەشانەکە بە شێوەی فەرمی بەردەست نەکراوە، بەڵام لە ئێستادا بە شێوەی تاقیکاری بۆ گەشەپێدەران بەردەستە. دوێنێ دووهەمین وەشانی تاقیکاری وەشانە نوێیەکەی ئای ئۆ ئێس بەردەستکرا، لە وەشانە تاقیکارییەکەدا ئاگادارکەرەوەی بەژداریکردنی ئەپەکان لە کاتی سڕینەوەیان بەدی کرا.

بەڕێز Federico Viticci لە تویتەر جریوەیەکی بڵاوکردۆتەوە و تایبەتمەندییەکی نوێی لە دواین وەشانی تاقیکاری iOS 13 ـەدا دۆزیوەتەوە، ئەویش بریتییە لە ئاگادارکەرەوەی بەژداریکردنی ئەپەکان لە کاتی سڕینەوەیان. ئاگادارکەرەوەکە لەو کاتانە بەدیار دەکەوێت کە دەتەوێت ئەو ئەپانە بسڕیتەوە کە بەژداری خزمەتگوزارییەکەیت کردوون، ئاگادارکەرەوەکە هۆشیارت دەکاتەوە لەوەی کە هێشتا بەژداریکردنت لە خزمەتگوزاری نێو ئەپەکەدا ماوە و ئاماژە بە ڕێکەوتی کۆتاییهاتنی بەژداریکردنی ئەپەکەش دەکات. هەروەها داوات لێ دەکات کە بەژداریکردنەکە بوەستێنیت یاخود بیهێڵیتەوە.

ئەمە بە هەنگاوێکی باشی ئەپڵ دادەنرێت لە پێناو زەرەر نەکردنی داهاتی بەژداربووان. لە دوای ئەوەی کە زۆرێک لە ئەپە خۆڕاییەکان لە ناوەوەدا پێویستە پارە بدرێت بۆ بەژداریکردن لە بەشێکی خزمەتگوزارییەکانیان، تەنانەت زۆرێک لەو ئەپانە چاوبەستیان لە بەکارهێنەران دەکرد بۆ بەژداریکردن لە خزمەتگوزارییە گرانبەهاکان و نوێکردنەوەیان بە شێوەیەکی خودکار.

لە ماوەی ڕابردوودا ئەپڵ یاساکانی کۆگای ئەپ ستۆری نوێ کردەوە. لە نوێترین یاسایدا بۆ گەشەپێدەران، پێویستی دەکرد کە بڕێکی ڕاستەقینەی نرخی بەژداریکردنی خزمەتگوزاری نێو ئەپەکان بۆ بەکارهێنەران دیاری بکرێن. لەگەڵ زیادکردنی هەنگاوی زیاتری پشتڕاستکردنەوە لە کاتی خۆ تۆمارکردن.

وەشانی iOS 13 لە ئێستادا بە شێوەی تاقیکاری بۆ گەشەپێدەران بەردەستە و لە مانگی داهاتووشدا بە شێوەی تاقیکاری گشتی بەردەست دەکرێت، هەروەها لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بۆ سەرجەم بەکارهێنەران بەردەست دەکرێت.

سەرچاوە :
19 حوزه‌یران، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
708