10
بیروڕا 25, حوزه‌یران 2019 بۆچوون

داوای هاوڕێیەتی کردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەند سەرەنجێک: فەیسبووک بە نمونە

زۆر یان کەم ئێمە لە رۆژگاری ئەمڕۆمان بەشێکی زۆری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنین، کە هەر یەکێک لەم تۆڕانەش بەستراوەتەوە بە چەند کۆمپانیایەک؛ واتە چەند کۆمپانیایەکی گەورە سەرپەرشتی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانە دەکەن. هەروەک لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتیش بەشێکی زۆری ئەم تۆڕ و ئەپە کۆمەڵایەتیانە تایبەتمەندی نوێ و وەشانی نوێیان لێ بەردەست دەکرێت. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە لێرە بەشێکی زۆری خەڵک بە ناڕێکی یاخود بەبێ ئاگایی ئەم تۆڕانە بەکاردێنن، و داوای هاوڕێیەتی لە بەرامبەرەکەیان دەکەن، پاشانیش لە کاتی وەرنەگرتن یاخود قبوڵ نەکردنی لە لایەن کەسی بەرامبەرەوە زۆرجار دڵگرانی و توڕە بوونی ئەو کەسەی لێ دەکەوێتەوە کە داوای هاوڕێیەتیەکەی کردووە.

ئینجا پێش ئەوەی بێمە ناو باسی چۆنیەتی بوون بە هاوڕێی یەکتری لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، دەمەوێت باسی نموونەیەک بکەم پاشان دەچینە ناو بابەتە سەرەکیەکەوە. کاتی خۆی کەسێک هەبوو نەمدەناسی، بەڵام ئەو کەسە لە ڕێگەی هاوڕێیەکی منەوە دوور بە دووری منی ناسی بوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و داوای هاوڕێیەتی واتە ئاددێکی بۆ ناردبووم، منیش بەو پێیەی ئەو کەسەم نەناسیوە و نەمزانیوە کێیە هاوڕێیەتیەکەم قبوڵ نەکردبوو، پاش ماوەیەک هاوڕێیەکەی منی بینی بوو پێی گووتبوو دەزانی فڵان کەس ڕوحی زۆر گەورەیە؟ هاوڕێیەکەشم پێی گووتبوو بۆ؟ ئەویش گووتبووی لە فەیسبووک داوای هاوڕێیەتیم بۆ ناردووە، بەڵام قبوڵی نەکردووم.

کۆمەڵگاکەی ئێمە خۆی وایە هەموو شتێک دەبەستێتەوە بە (فەیس) و ڕووخسارەوە یاخود زۆر شت دەبەستێتەوە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئەمەش بێ ئەوەی لە کەسی بەرامبەر بگات یاخود بۆ دوو خولەکیش قسەی لەگەڵ کردبێت، ئەوا ڕاستەوخۆ بڕیار لەسەر ئەو کەسە دەدات. لە ڕاستیدا، هەموو ئەو کەسانەی تۆ نیازتە داوای هاوڕێیەتیان لێ بکەیت لە فەیسبووک، پێویستە تەواو تۆ بناسن یاخود تەواو تۆ ئەوانە بناسی ئینجا ئاددیان بۆ بنێریت. ئەگەر ئەم شتە بوونی نەبوو تۆ ئارەزووت کرد پۆستەکانی ئەو کەسە ببینی پێویست ناکات ئادد بۆ بنێریت، چونکە فەیسبووک خۆی تایبەتمەندییەکی زیاد کردووە بە ناوی Follow دواتر See First، وەک ئەم وێنەیەی خوارەوە:

 

بوونی ئەم تایبەتمەندییەش گرنگیەکی زۆری هەیە ئەویش ئەوەیە پێویست ناکات ببیت بە هاوڕێی کەسەکە، بەڵکو تەنیا Follow ئەو کەسە بکە و دواتر کرتە لەسەر See First دەکەیت بۆ ئەوەی کە ئەو کەسە پۆستێکی کرد ڕاستەوخۆ بیبینیت.

هەروەها گەر بوویتە هاوڕێ لەگەڵ هەر کەسێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وەک هاوڕێیەکی ئاسایی یاخود بە بۆنەی کارەکەتەوە بوونە هاوڕێ، ئەوا پێویست ناکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تر ئادد بۆ ئەو کەسە بنێریت، لە کاتێکدا خۆت داوای هاوڕییەتیت کردووە لە فەیسبووک کە کەسی بەرامبەر قبوڵی کرد با تەنیا لە فەیسبووک هاوڕێ بن و پێم وایە ئەم شتێکی هەڵەیە بچیت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تر ئادد بۆ ئەو کەسە بنێریت، بەڵام ئاساییە ئەگەر خۆی بینێرێت و ئاساییشە تۆ لە تۆڕەکانی تر قبوڵی نەکەیت، ئەمەش بە تایبەتی ئەگەر وێنەی و ڤیدیۆی تایبەتت هەبوو لە تۆڕەکانی تری جگە لە فەیسبووک.

زۆر کەس هەن لە فەیسبوک ئاددم بۆ دەنێرن زۆریشیان ناناسم، بەڵام ئەگەر بزانم دوور بە دووریش دەیاناسم یاخوود کارەکەین هەمان ئەو کارەیە کە من دەیکەم و پێویست دەبێت هاوڕێ بین قبوڵیان دەکەم، ئەگەر نا پێویست ناکات قبوڵیان بکەم و ئەوان دەتوانن لە ڕێگەی تایبەتمەندی Followـەوە شوێنم بکەون. لە ڕاستیدا، زۆرترین کێشە کە ڕووبەڕووی من دەبێتەوە ئەوەیە زۆر جار ئەو کەسانەی هاوڕێیەتیان قبوڵ دەکەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تریش ئادد دەنێرن لە کاتێکدا تەنیا فەیسبووکەکەم گشتیە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ترم تایبەتە بە ژیانی ڕۆژانەی خۆم و خێزانەکەم، و پێویست ناکات کەسێک کە نایناسم لەوێ هاوڕێم بێت، بۆیە زۆر جار ئێمە بە هەڵە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاردەهێنین یان بێ ئەوەی بیر بکەینەوە ئادد بۆ کەسانی بەرامبەر دەنێرین لەسەرجەم تۆڕەکان و ئەپەکان، کە ئەمەش خۆی هەڵەیەکی گەورەیە و پێویستی بە وریایەکی زۆر هەیە.

بە گشتی ئەمە تێڕوانینی خۆمە بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت تریش بابەتی ناردنی داوای هاوڕێیەتی. تۆ ڕات چییە؟ لە چیدا هاوڕا نیت، بۆچی؟

تاگەکان Facebook FriendRequest Opinion
بۆچونی تۆ