سامسۆنگ

بۆ یەکەمجار: چەند وێنەیەکی زیندووی مۆبایلی گالەکسی +Note 10 دزەیان پێکرا

لە دوای بەردەستکردنی زنجیرە مۆبایلەکانی گالەکسی S10 ـەوە، پڕوپاگەندەکان لەسەر نەوەی نوێی زنجیرەی نۆتی گالەکسی بە ناوی Note 10 دەستیان پێکرد. هەر بەم بۆنەیەوە، چەند وێنەیەکی زیندووی ڕووکاری پێش و پاشی مۆبایلەکە دزەیان پێکرا و ناو و دیزاینی مۆبایلەکەش ئاشکرا بوو.

هەژماری TechTalkTV لە تویتەر چەند وێنەیەکی مۆبایلی گالەکسی +Note 10 ـی بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەمانە شێوازی نەوە نوێیەکەی زنجیرەی نۆتی گالەکسی دەبن. هەر وەک لە وێنەی یەکەمدا دیارە، مۆبایلەکە لە ڕووی پێشەوەیدا خاوەن ڕوونمایەکی لێوار-بۆ-لێوارە، وە لەسەر ڕوونماکەیدا خاوەن نۆچێکە لە بەشی ناوەڕاستی سەرەوەدا کە کامێرای پێشەوەی لەسەر جێگیر کراوە، ئەمەش بە پێچەوانەی مۆبایلی گالەکسی S10 ـەوە کە نۆچ و کامێرای پێشەوەی لە لێواری دەستە ڕاستی سەرەوەدا بوو.

وێنە دزەپێکراوەکان ناوی مۆبایلەکەشیان پشتڕاست کردۆتەوە. هەر وەک لە وێنەی دووەمدا وێنەی مۆبایلەکە لە کاتی هەڵکردنیدا چرکێندراوە، ئاشکرا بووە کە بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەکانەوە مۆبایلەکە ناوی گالەکسی +Note 10 دەبێت. پێشووتر پڕوپاگەندەکان دووپاتیان کردبووەوە کە مۆبایلەکە ناوی گالەکسی Note 10 Pro دەبێت، بەڵام وا دیارە هەڵە بوون.

لە وێنەی سێهەمدا ڕووکاری پشتەوەی مۆبایلەکە بە دیار کەوتووە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە مۆبایلەکە خاوەن 3 دانە کامێرای ڕیزکراوی شێوە ستوونی دەبێت لە ڕووی پشتەوەیدا.

لە پێشووتردا پڕوپاگەندەکان ڕایانگەیاندبوو کە مۆبایلی گالەکسی Note 10 دەبێتە یەکەمین مۆبایلی سامسۆنگ کە خاوەن هیچ دوگمەیەکی فیزیایی نەبێت، بەڵام وێنەکان ئەم پڕوپاگەندەیەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە بە هۆی ناڕوونییانەوە.

پێشبینی دەکرێت مۆبایلەکە لە ڕێکەوتی 7 ـی مانگی 8 ـی ئەمساڵدا و لە بۆنەیەکی تایبەتدا سامسۆنگ مۆبایلی گالەکسی گالەکسی Note 10 نمایش بکات.

سەرچاوە :
30 حوزه‌یران، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
704