ئەپ و نەرمەکاڵا

مایکرۆسۆفت ئەپی Windows 1.11 ـی بە بۆنەی پەخشکردنی وەرزی سێیەمی درامای Stranger Things لە کۆگای Microsoft بەردەستکرد

لە سەرەتای ئەم مانگەوە مایکرۆسۆفت بە شێوەیەکی چڕ دەستی کردبوو بە ناساندنی وەشانی 1.0 ـی سیستەمی Windows. ئێستا دەزانین مەبەستی ئەم ناساندنانەی Windows 1.0 لەبەر چی بوون.

مایکرۆسۆفت ئاهەنگ دەگێڕێت بە بۆنەی پەخشکردنی وەرزی سێیەمی زنجیرە درامای Stranger Things لە تۆڕی Netflix، بەم بۆنەیەوە کۆمپانیاکە ئەپی Windows 1.11 ـی لە کۆگای Microsoft Store بۆ Windows 10 بەردەستکرد. ئەپەکە هەر یەکە لە ئەپەکانی Paint و Write و CMD و چەند بەشێکی دیکەی نێو وەشانی 1.0 ـی سیستەمی Windows لەخۆ دەگرێت. ئەگەر هەوادارێکی درامای Stranger Things ـیت، تاقیکردنەوەی ئەپەکە هەستێکی خۆشت پێ دەبەخشێت. بەڵام ئەگەر دەتەوێت سەرجەم ئەزموونەکانی Windows 1.0 بەدەست بهێنیت، تاقیکردنەوەی ئەپەکە مایەی دڵخۆشییەکی زۆر نابێت بۆت.

ئەگەر پێشووتر بینەری وەرزی سێیەمی درامای Stranger Things بووبیت، تێبینی دەکەیت کە هیچ ڕۆڵگێڕێک لە زنجیرەکاندا کۆمپیوتەرێکی کارکردوو بە Windows 1.0 بەکارناهێنن. بەڵام کۆمپانیاکە تیشێرتی Camp Know Where ـی لە کۆگا فەرمییەکانی خۆی بەردەستکرد کە لە لایەن ڕۆڵگێڕی دراماکە بە ناوی Dustin Henderson ـەوە پۆشێنرابوو.

هۆکاری ئاشکراکردنی ئەپەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چیرۆکی درامای Stranger Things باس لە سەردەمی ساڵی 1985 دەکات. بە هەرحاڵ، دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەکەی خوارەوە بکەیت بۆ داگرتنی Windows 1.11 بۆ Windows 10.

سەرچاوە :
8 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
947