رەقەکاڵا

ڕێبەرێک بۆ کڕیارانی مۆبایلی ئەندرۆید بۆ تێگەیشتن لە خێرایی و هێزی مۆبایل(هاوینی 2019)

بێگومان هەریەک لە ئێمە لە کاتی کڕینی مۆبایلی زیرەکدا گرنگییەکی زۆر بە لایەنی خێرایی و توانای مۆبایلەکە دەدەین و تەنانەت بەشێکی زۆرمان بە گرنگترین لایەنی دەزانین، هەروەها زۆر جار بینیومانە کە کەسێک تەنها بەهۆی بێزاربوون لە خاوی و بێ توانایی مۆبایلەکەی، مۆبایلەکەی گۆڕیوە.

یەکێکی دیکە لە دیاردە باوەکان لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا ئەوەیە کە بینیومانە زۆر جار کەسێک مۆبایلێکی ئەندرۆیدی زۆر ئاست نزم دەکڕێت و دواتر بە دەست خاوبوونەوە و کۆمەڵێک کێشەوە دەناڵێنێت کە لە ڕاستیدا بەهۆی ڕەقەکاڵای لاوازی مۆبایلەکەوەن بەڵام وا باوە کە لەو کاتانەدا ڕاستەوخۆ و بێ بنەمایانە کەسەکە دەڵیت مۆبایلەکەم ڤایرۆس لێیداوە، لە ڕاستیدا ئەم قسەیە هیچ بنەمایەکی نییە و زۆر بە سادەیی هۆکارە ڕاستەقینەکە لاوازی لە ڕاددە بەدەری ڕەقەکاڵای مۆبایلەکەیە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو کەسانەی ئەو شتەیان بەسەر دێت زۆر جار بە هەمان نرخ هەڵبژاردەی زۆر باشتریان لەبەر دەستبووە بەڵام لەبەر کەمی زانیاری ئەم حاڵەتەیان بەسەر هاتووە.

لەم بابەتەدا باس لە لایەنی یاریکردن و گرافیکس و GPU ناکەم و لە بابەتێکی دیکەدا بە جیا باسی ئەوەم کردووە(کرتە بکە بۆ خوێندنەوەی) بەڵکو باس لە CPU و Ram و خێرایی گشتی لە کردنەوەی ئەپەکان و بەکارهێنانی ئاسایی ڕۆژانە دەکەم.

ئایا چ شتێک پێوەرە بۆ خێرایی مۆبایل؟ ڕام؟ ژمارەی ناوکەکان؟ خێرایی سوڕانەوەی ناوکەکان؟ لە ڕاستیدا هیچ کام لەمانە بەتەنها پێوەرێک نییە بۆ خێرایی، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا لە هەموو جیهاندا زۆر جار کۆمپانیاکان هەوڵ دەدەن بەم ژمارانە کڕیاران بە لای خۆیاندا ڕابکێشن.

  • Central Processing Unit (یەکەی چارەسەری ناوەندی)

یەکەی چارەسەری ناوەندی (CPU) گرنگترین بەشە بۆ دیاریکردنی خێرایی و توانای مۆبایلە زیرەکەکان، لە ئێستادا ٤ جۆری سەرەکی Chipset (کە CPU و GPU و کۆمەڵێک پێکهاتەی دیکە لە خۆ دەگرێت) لە مۆبایلەکانی ئەندرۆیددا بەکاردێن کە بریتین لە:

  1. Snapdragon کە لە لایەن کۆمپانیای Qualcommی ئەمریکییەوە دروست دەکرێت و بڵاوترین جۆرە، لە ئێستادا ٥ زنجیرەی هەیە ئەوانیش Snapdragon 2XX بۆ مۆبایلە هەرە ئاست نزمەکان و Snapdragon 4XX بۆ مۆبایلە ئاست نزمەکان و Snapdragon 6XX بۆ ئاست مام ناوەندەکان و Snapdragon 7XX بۆ ئاست مام ناوەند بۆ بەرزەکان و Snapdragon 8XX بۆ ئاست بەرزەکان.
  2. MT کە کۆمپانیای Mediatekی تایوانی دروستیان دەکات و کۆمەڵێک جۆری زۆریان هەیە و ئەمانیش زۆر بڵاون و لە لایەن زۆربەی کۆمپانیاکانەوە بەکاردێن و بەهێزترینیان زنجیرەی Helio Xــە و زنجیرەی Helio P بۆ ئاستی مام ناوەند و زنجیرەی Helio A بۆ ئاست نزمە، بەداخەوە لە ٢٠١٧ـەوە هیچ پڕۆسێسەرێکی سەر بە زنجیرەی X دەرنەچووە بەڵام پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای ساڵی داهاتوو پڕۆسێسەرێکی نوێ سەر بەو زنجیرەیە دەربچێت و پشتگیری 5G بکات.
  3. Exynos کە کۆمپانیای Samsungـی کۆری دروستیان دەکات و لە ئێستادا تەنها لە بەرهەمەکانی خۆیان و کۆمپانیای Motorola بەکاردێن، کە ئەمیش لە ئێستادا ٣ زنجیرەی هەیە ئەوانیش زنجیرەکانی Exynos 5ـی ئاست نزم و Exynos 7ـی ئاست مام ناوەند و Exynos 9ـی ئاست بەرز.
  4. Kirin کە لە لایەن کۆمپانیای Huawei چینییەوە دروست دەکرێن و لە ئێستادا تەنها خۆیان بەکاری دەهێنن و ئەمیش ٢ زنجیرەی هەیە، 8XX بۆ ئاستی نزم بۆ مام ناوەند و 9XX بۆ ئاستی بەرز.

لەوانەیە ئێستا پرسیاری ئەوە بکەیت کە دەبێت کام لەم جۆرانە باشترینیان بێت؟ لە ڕاستیدا هەریەک لەمانە وەک ئاماژەیان پێکراوە کۆمەڵێک جۆریان هەیە کە ئاستیان جیاوازە بۆیە تەنها کۆمپانیا و جۆرەکە پێوەر نییە.

یەکەی چارەسەری ناوەندی هەریەک لەم Chipsetـانە لە کۆمەڵێک ناوک (core) پێکهاتووە کە دەکرێن بە ٢ بەشەوە:

بەشێکیان کۆمەڵێک ناوکن کە کۆمپانیای Arm Holdingsـی بەریتانی دروستیان دەکات و کۆمپانیاکان دەتوانن بەکاریان بهێنن، لە ئێستادا ٤ ناوکی لەم جۆرە بڵاوترینن ئەوانیش Cortex-A53 و Cortex-A55 کە ئاستیان نزمە و Cortex-A75 و Cortex-A73 کە ئاستیان بەرزە، کۆمەڵێک ڕێگای باو هەیە بۆ بەکارهێنانی ئەم ناوکانە، یەکێکیان بەکارهێنانی ٤ ناوکی Cortex-A53ـە کە لە Chipsetـە ئاست نزمەکانی وەک Snapdragon 215 و MT Helio A22دا دەبینرێت، شێوازێکی لەو بەهێزتر بەکارهێنانی ٨ دانەیە لەم ناوکانە کە زۆر بڵاوە و نمونەی وەک Snapdragon 439 و MT Helio P22 و MT Helio P35، شێوازێکی لەویش بەهێزتر بەکارهێنانی ٤ ناوکی Cortex-A53 و ٤ ناوکی Cortex-A73ـیە و نمونەشی وەک Exynos 7 Octa 9610 و Kirin 710 و MT Helio P70، لە ئێستادا کۆمپانیاکان بەرەو جێگرتنەوەی A53 و A73 دەچن و لە جیات ئەوان A55 و A75 و A76 بەکاردێنن، بەڵام شێوازەکەش بە گشتی گۆڕدراوە و ئێستا پڕۆسێسەرە مام ناوەندەکان زیاتر شێوازی ٢+٦ بەکاردێنن نەوەک ٤+٤ و تەنها ٢ ناوکیان لە جۆرە بەهێزەکەیە، Helio P90 ٢ ناوکی و ٦ دانەی لەخۆدەگرێت بەڵام هواوەی بەکارهێنانی ـی پەڕاند و یەکسەر ڕووی کردە ، بەو هۆیەش ٢ ناوکی و ٦ دانەی لەخۆدەگرێت، سامسۆنگ تا ئێستا ناوکە نوێیەکانی لە پڕۆسێسەرە ئاست مام ناوەندەکانی بەکارنەهێناوە، ـش کە پڕۆسێسەرە ئاست بەرزەکەی هواوەیە هەر بە شێوازی ٤+٤ بەردەوامە و ٤ ناوکی و ٤ دانەی لەخۆدەگرێت.

بەشی دووەم کۆمەڵێک ناوکن کە کۆمپانیا جیاوازەکان خۆیان لەسەر بناغەی Arm Architecture دروستیان دەکەن و پەرەیان پێدەدەن وەک ناوکی Kryo کە کۆمپانیای Qualcomm دروستی دەکات و لە ئێستادا وای لێهاتووە لە زنجیرەی SD6XX و سەرتر تەنها ئەو ناوکە تایبەتانە بەکاردێن بۆ نموونە لە Snapdragon 855 ٨ ناوکی جۆری Kryo 485ـی بەکارهێناوە، نموونەیەکی دیکە بۆ ناوکی دروستکراو لەسەر بناغەی Arm Architecture ناوکی Moongooseـە کە Samsung دروستی دەکات، ئێستا نەوەی چوارەمی لە Exynos 9 9820ـدا بەکارهێناوە.

  • Random access memory

بێگومان ڕامیش لایەنێکی گرنگە لە مۆبایلە زیرەکەکاندا بەڵام بەشێوەی CPU نا، لە ئێستادا دەبینین کە زۆرێک لە کۆمپانیاکان Chipsetـی لاواز لە مۆبایلەکانیاندا بەکاردێنن بەڵام بە دانانی بڕێکی زۆر ڕام کە بە هیچ شێوەیەک قەرەبووی لاوازی CPU و GPU ناکاتەوە دەیانەوێت سەرنجی خەڵک ڕابکێشن و زۆر جار سەرکەوتووش دەبن لەوەدا، لایەنێکی دیکەی گرنگیش کە شایەنی باسە ئەوەیە کە ڕامیش جگە لە بڕەکەی جۆری هەیە کە لە ئێستادا ٣ جۆری سەرەکی بۆ مۆبایل بەکاردێت ئەوانیش LPDDR3 لە ئاستی نزم بۆ مام ناوەند و LPDDR4 و LPDDR4X لە ئاستی مام ناوەند بۆ بەرز، هەریەک لە جۆرەکان ئاستێکی باشتر لە جۆری پێش خۆی پێشکەش دەکات و وزەیەکی کەمتر بەکاردەبات، ئەمە جگە لەوەی ڕامیش لەرەلەری هەیە و بە مێگاهێرتز(MHz) دەپێورێت.

  • جۆری بیرگە

یەکێکی دیکە لەو لایەنە گرنگانەی کار دەکەنە سەر خێرایی مۆبایلەکانمان جۆری بیرگەکەیانە، هەروەک چۆن لە کۆمپیوتەرەکان بیرگەکانی SSD و HDD و هی تریش هەن بەهەمان شێوە لە مۆبایلەکان چەند جۆرێک هەن، جۆری EMMC 5.1ـمان هەیە کە لە مۆبایلی ئاست نزم بۆ مام ناوەند دەبینرێن، جۆری UFS 2.0 و UFS 2.1ـیش هەن کە خێراترن و لە مۆبایلە ئاست بەرزەکان بەکاردێن، لە ئێستاشدا Oneplus 7 و Oneplus 7 Pro تاکە ٢ مۆبایلی بەردەستن کە UFS 3.0 بەکاردێنن و Galaxy Foldـیش کە هێشتا بەردەست نییە هەمان جۆر بەکاردێنێت.

  • لایەنی دیکە

جگە لە CPU و ڕام کۆمەڵێک هۆکاری دیکەش هەن کە کار دەکەنە سەر خێرایی مۆبایلەکانمان، نەرمەکاڵا کاریگەرییەکی گەورەی هەیە بە شێوەیەک کە کاتێک وەشانێکی نوێ دەگات بە مۆبایلەکانمان دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە خێراییدا جا چ خێراتربوون بێت یان هێواشبوون، یاخود زۆر جار دەبینین کە ٢ مۆبایل کە ڕەقەکاڵایان زۆر لە یەکتر نزیکە بە خێرایی و توانای زۆر جیاواز کار دەکەن ئەمەش دەکرێت بەهۆی ڕاددەی گونجاندنی ڕەقەکاڵابێت لەگەڵ نەرمەکاڵادا یان دەکرێت بەهۆی ‘قورسی’ ڕووکاری بەکارهێنەری تایبەت بە کۆمپانیا جیاوازەکان بێت.

هەروەها ڕاددەی گەرمبونی CPUش یەکێکە لە لایەنە گرنگەکان چونکە هەندێک جار کێشەی گەرمبوون ڕووبەڕوی CPU دەبێتەوە و ناچاری دەکات بۆ ساردبوونەوە پەنا بباتە بەر نزمکردنەوەی خێرایی سوڕانەوەی و لە ئەنجامدا هێواشبوونەوە ڕوودەدات.

بێگومان تێگەیشتن لەم هەموو زانیارییە و بەردەوام چاودێریکردنی گۆڕانکارییە خێرا و بەردەوامەکانی ئەم بوارە ئاسان نییە و کارێکی زۆر پێویستیش نییە، لەجیات ئەمە ڕێگایەکی ئاسانتر هەیە بۆ ئەوەی هەر کاتێک ویستت مۆبایلێکی نوێ بکڕیت بزانیت کام لەو مۆبایلانەی کە لەو نرخەدان کە تۆ دەتەوێت و بەدڵتن خێراترین و بەهێزترینن ئەویش سەیرکردنی ئەنجامی مۆبایلەکانە لە هەڵسەنگێنەر (Benchmark)ـە جیاوازەکانی وەک Antutu و Geekbench و کۆمەڵێکی دیکەش کە لە کۆمەڵێک ماڵپەر بەردەستن وەک Gsmarena.com و دەتوانن بە ڕاستەوخۆ سەردان کردنیان یان گەڕانێکی گووگڵ بیاندۆزنەوە و سودیان لێ ببینن.

12 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.
319