رەقەکاڵا

ڕێبەرێک دەربارەی هێزی گرافیک و GPU لە مۆبایلەکانی ئەندرۆید (هاوینی 2019)

 

لەم بابەتەدا باسی هێزی گرافیک و یارییەکان دەکەین لە مۆبایلەکان کە پەیوەستە بە GPU.

GPU چییە؟ Graphics processing unit هاوشێوەی CPU بەشێکە لە پڕۆسێسەرە جیاوازەکانی مۆبایلەکانی ئەندرۆید و بەرپرسی سەرەکییە لە ئاست و توانای مۆبایلەکان بۆ کردنی یارییەکان لەسەریان، بە گشتی دوو جۆرن:

  • Arm Mali:

سەرەکیترین جۆرە و لە هەریەک لە پڕۆسێسەرەکانی Exynos و Mediatek و Kirin و چەندانی دیکە بەکاردێت، پێشتر زنجیرەی Mali-T هەبوو وەک Mali-T880 و Mali-T860 و Mali-T830 و چەندانی دیکە، ئێستاش زنجیرەی Mali-G هەیە کە نەوەیەکی نوێترە و چەند زنجیرەیەکی هەیە، 3Xـی ئاست نزم، 5Xـی ئاست مام ناوەند و 7Xـی ئاست بەرز، بەهێزترینیان Mali-G77ـە کە تا ئێستا لە هیچ پڕۆسێسەرێکدا جێگیر نەکراوە ە لە دووای ئەویش Mali-G76 دێت کە تا ئێستا تەنها لە پڕۆسێسەری Kirin 980ـی هواوەی و Exynos 9820ـی سامسۆنگ بەکارهاتووە، ئاستی GPUـەکان بە شێوەیەکە کە ژمارەی گەورەتر یەکسانە بە ئاستی بەرزتر، ئەمە جگە لەوەی زنجیرەی جی بەگشتی بەهێزترە لە زنجیرەی تی، لە دوای ناوی هەریەک لەم مۆدێلانەش بەپێی پڕۆسێسەرەکان پاشگری جیاوازی لەم شێوەیە بەدی دەکرێت: (ژمارەیەکMP) وەک MP2 و MP4 و MP8 و هتد، ئەمە ژمارەی ناوکەکان دەنوێنێت و ناوکی زیاتر بۆ هەمان مۆدێل واتا هێزێکی زیاتر، بۆ نمونە Mali-T880 MP4 بەهێزترە لە Mali-T880 MP2.

  • Qualcomm Adreno:

تایبەتە بە پڕۆسێسەرەکانی سناپدراگۆن، تەنها لەواندا بەکاردێت، هەرچەندە وەک مالی پاشگر لەدوای ناوەکانیان بەدی ناکرێت بەڵام ناونانەکانیان ئاڵۆزترە، GPUـەکانی ئەدرینۆ لەسەر بنەمای نەوەکان ناودەنرێن، نوێترین نەوە بریتییە لە 6xx و لەویش کۆنتر 5xx و 4xxـە، ئەدرینۆیەک کە ناوەکەی بە ٦ دەست پێدەکات مەرجە لەوە نوێتربێت کە ناوەکەی بە ٥ دەست پێدەکات بەڵام مەرج نییە بەهێزتربێت! هەروەک چۆن BMW M3ـیەکی ٢٠١٨ نوێترە لە M5ـێکی ٢٠١٧ بەڵام بەهێزتر نییە، پێویستە سەیرێکی ژمارەکانی دووەم و سێیەمیش بکەین، بۆ نموونە ئەدرینۆ ٥٤٠ لە ئەدرینۆ ٦١٠ کۆنترە بەڵام بەهێزترە، ژمارەی یەکەمی گەورەتر واتا نەوەیەکی نوێتر، ژمارەی دووەمی گەورەتر واتا هێزێکی زیاتر و بەکارهێنانی لە پڕۆسێسەری ئاست بەرزتر بە شێوەیەک بە گشتی ئەو ئەدرینۆیانەی ژمارەی دووەمیان ٣ یان ٤ـە لە زنجیرەی پڕۆسیسەرەکانی سناپدراگۆن 8xx بەکاردێن و ئەوانەی ژمارەی دووەمیان نزمترە لە زنجیرەکانی 7xx و 6xx و 4xx بەکاردێن، لە ئێستادا بەهێزترین GPUـەکانی Adreno بریتین لە:

١-Adreno 640

٢-Adreno 630

٣-Adreno 540

٤-Adreno 530

٥-Adreno 618

٦-Adreno 616

لە دوای GPU گرنگترین لایەن ڕوونی ڕوونمایە، ڕوونی زیاتر کاری GPU قورستر دەکات بە شێوەیەک مۆبایلێکی ڕوونما فوول ئێچ دی ئاستێکی خراپتری دەبێت لە کارکردن بە یارییەکان و ئەپە گرافیک قورسەکان بە بەراورد بە مۆبایلێکی ئێچ دی کە هەمان GPUـی هەیە و هتد.

بابەتە ڕێبەرییەکانی دیکە:

ڕێبەرێک دەربارەی کامێرای مۆبایل، زۆرترین زانیاری لەسەر کامێرای مۆبایلەکانمان

ڕێبەرێک بۆ کڕیارانی مۆبایلی زیرەکی ئەندرۆید دەربارەی تێگەیشتن لە خێرایی و هێزی مۆبایل (هاوینی ٢٠١٩)

ڕێبەرێک بۆ کڕیارانی بیرگەی دەرەکی

ڕێبەرێک دەربارەی پڕۆسێسەرەکانی Core i5 و Core i7 و ئەو لاپتۆپانەی لە خۆیان دەگرن (هاوینی ٢٠١٩)

ڕێبەری ڕوونمای لاپتۆپ (بەشی یەکەم) : ڕوونی و ڕێژەی ئاسۆیی بۆ ستوونی

ڕێبەری ڕوونمای لاپتۆپ (بەشی دووەم) :ڕێژەی دژیەکی، ڕووناکی

 

13 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.
341