شاومی

وێنەکانی مۆبایلی شاومی Mi A3 دزەیان پێکرا و دیزاین و تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکە ئاشکرا بوون

شاومی لە ئامادەکاریدایە بۆ بەردەستکردنی نوێترین مۆبایلی خۆی لە زنجیرەی Mi بە ناوی Mi A3 ـەوە. دوێنێ، ژمارەیەک وێنەی زیندووی مۆبایلەکە دزەیان پێکرا و بەمەش دیزاین و تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکە ئاشکرا بوون.

پێگەی GSMArena چەند وێنەیەکی زیندووی لە مۆبایلی شاومی Mi A3 لە لایەن سەرچاوەیەکی نەزانراوەوە بە دەست گەیشتووە، تێیدا دەردەکەوێت مۆبایلەکە لە پشتەوە خاوەن 3 دانە کامێرا دەبێت، لەگەڵ کامێرایەک لە پێشەوە و لەسەر نۆچە دڵۆپەییەکەی سەر ڕوونماکەی. لەسەر پاکەتی مۆبایلەکەش دەردەکەوێت کە بژاردەکانی ڕەنگی ڕەش و شین و سپی لە مۆبایلەکە بەردەست دەبێت.

هەر لە وێنەکاندا، تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکەش ئاشکرا بوون. مۆبایلەکە خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.08 ئینج لە جۆری AMOLED بە ڕوونی +FHD و خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆر دەبێت لەسەر ڕوونماکەی، هەروەها یەکێک لە کامێرایەکانی پشتەوەی ڕوونی 48 مێگاپێکسڵ دەبێت و کامێرای پێشەوەی ڕوونی 32 مێگاپێکسڵ دەبێت. خاوەن پاترییەک دەبێت بە توانستی 4,030 ملی ئەمپێر و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکات بە توانای 18 وات. ئەوەی جێگای ئاماژە پێکردنە، مۆبایلەکە خاوەن پڕۆسێسەری Snapdragon 665 دەبێت نەوەک پڕۆسێسەری Snapdragon 730 کە پێشووتر پڕوپاگەندەکان ئاماژەیان پێ دەکرد.

هەموو وردەکارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە مۆبایلی شاومی Mi A3 وەشانی جیهانی مۆبایلی شاومی CC9e دەبێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاگەیەندرا. بەڵام مۆبایلی شاومی CC9e ڕوونی ڕوونماکەی +HD بوو لە کاتێکدا کە مۆبایلی شاومی Mi A3 خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە ڕوونی +FHD.

تاوەکو ئێستا نرخ و ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلە نوێیەکەی شاومی نادیارە.

سەرچاوە :

14 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
708