تویتەر

تویتەر ڕووکاری تۆڕەکەی لە وێب نوێکردەوە و چەند تایبەتمەندییەکی نوێشی زیادکرد

لە دوای چەند مانگێک سەرقاڵبوون بە تاقیکردنەوەی بەردەوام، ئەمڕۆ کۆمپانیای تویتەر ڕووکاری تۆڕەکەی لە وێب بۆ ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی نوێ کردەوە و چەند تایبەتمەندییەکی نوێشی زیادکرد، بەڵام هێشتا دوگمەی دەستکاریکردنی جریوەکان زیاد نەکراوە.

گرنگترین گۆڕانکاری ڕووکارەکە، بریتییە لە گواستنەوەی شریتی ڕێنیشاندەر (Navigation Bar) لە بەشی سەرەوە بۆ دەستە چەپ، لەمەودوا دوگمەکانی Home و Explore و Notifications و Messages و Lists و Profile لە بەشی دەستە چەپدا دەردەکەون. لەگەڵ زیادکردنی ڕووکارە نوێیەکەدا، تایبەتمەندی Bookmarks زیادکراوە کە دەتوانرێت جریوەکان پاشەکەوت بکرێن (هاوشێوەی پاشەکەوتکردنی ماڵپەڕەکان لە وێبگەڕەکاندا)، بە هەمان شێوە دوگمەی بەشی Bookmarks ـیش لە بەشی دەستە چەپدا دەردەکەوێت.

هەروەها تویتەر دۆخی تاریک (Dark Mode)ـی ڕاستەقینەی لەگەڵ ڕووکارە نوێیەکەدا زیادکردووە، هەرچەندە دۆخی تاریک لە پێشووشدا بوونی هەبوو، بەڵام ڕەنگی شینی کاڵ بوو و بە تەواوەتی ڕەش نەبوو، دۆخی تاریکی ئەم جارە بە تەواوەتی ڕەشە و ڕاستەقینەیە.

تویتەر بەشی نامەکانیشی باشتر کردووە، لەمەودوا گفتوگۆکان و نامە نێردراوەکان لە یەک پەنجەرەدا بەدی دەکرێن. هەروەها هاوشێوەی مۆبایل، لەمەودوا دەتوانرێت بە ئاسانی ئاڵوگۆڕ لە نێوان 2 هەژمار بکرێت لە ڕێگەی کرتە کردن لە دوگمەی Profile بە بێ دووبارە داخڵ بوون و چوونە دەرەوە.

لە ئێستادا تویتەر ڕووکار و تایبەتمەندییە نوێیەکانی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکەی لە وێب زیاد کردووە و بەمنزیکانە هەمووان دەبنە خاوەن ڕووکار و تایبەتمەندییە نوێیەکان لە وێبدا.

سەرچاوە :

15 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
822