10
ئەپ و نەرمەکاڵا 18, ته‌مموز 2019 بۆچوون

داوا لە حکومەتی ئەمریکا دەکرێت تاوەکو لێکۆڵینەوە لە ئەپی FaceApp ـی ڕووسی بکات

چەند ڕۆژێکە بە دەگمەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەکێک دەبینیت کە ئەپی FaceApp ـی بەکار نەهێنابێت بۆ گۆڕینی تەمەن و کاریگەرییەکانی دەمووچاوی، زۆرێک لە شارەزایانیش داوا لە بەکارهێنەران دەکەن کە ئەپەکە بەکارنەهێنن بە مەبەستی پارێزراوی کەسێتییان، بە شێوەیەک کە دەگوترێت ئەپەکە وێنەی بەکارهێنەران لە داتابەیسێکی تایبەتدا هەڵدەگرێت و بە کۆمپانیاکانی دیکەی دەفرۆشێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە داوا لە حکومەتی ئەمریکا دەکرێت تاوەکو دەست بکات بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەپی FaceApp.

لیژنەی دیمۆکراسی نەتەوەیی ئەمریکا داوا لە بەکارهێنەران دەکات کە بە هەر جۆرێک بێت ئەپەکە بەکار نەهێنن و دووربن لێی. هەروەها سیناتۆر Chuck Schumer داوا لە دەزگاکانی FBI و FTC ـی ئەمریکا دەکات تاوەکو لێکۆڵینەوە لەسەر ئەپی FaceApp ـی ڕووسی بکەن.

Schumer دەڵێت ئەپەکە مەترسییەکی جدی لەسەر زانیارییە کەسییەکانی هاونیشتیمانیانی ئەمریکا هەیە و ڕێگە خۆشکەرە بۆ نەتەوە بێگانەکان تاوەکو مامەڵەی خراپ بە وێنەی بەکارهێنەرە ئەمریکییەکانەوە بکەن، بەو بەڵگەیەی کە ئەپەکە ڕووسییە و لە لایەن گەشەپێدەرانی وڵاتی ڕووسیاوە درووست کراوە.

لە ساتی درووستبوونی ئەپی FaceApp لە ساڵی 2017 ـەوە، کۆمپانیای درووستکەری ئەپەکە ڕایانگەیاند کە بە هۆی داواکارییەکانی تایبەتمەندی ئەپەکەوە بۆ جێبەجێکردنی کاریگەرییەکانی دەمووچاو، ئەپەکە وێنەی بەکارهێنەرەکە ڕەوانەی داتابەیسێکی تایبەت بە ئەپەکە دەکات. لە دوای 48 کاتژمێر، خودکارانە وێنە ڕەوانەکراوەکە لە داتابەیسەکەدا دەسڕێتەوە. هەروەها کۆمپانیاکە پشتڕاستی کردەوە کە بازرگانی بە هیچ کام لە وێنەکانەوە ناکرێت و نانێردرێن بۆ حکومەتی ڕووسیا.

بەڕێز Yaroslav Goncharov بەڕێوەبەری کۆمپانیای درووستکەری ئەپی FaceApp پشتڕاستی کردەوە کە تەنها ئەو وێنانەی بەکارهێنەران دەیانەوێت کاریگەری لەسەر دابنێن لە داتابەیسی کۆمپانیاکەدا تۆمار دەبن، نەوەک سەرجەم وێنەکانی نێو ئامێری بەکارهێنەران.

ئەپی FaceApp بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2017 ـدا بۆ بەکارهێنەرانی iOS و Android بەردەستکرا و تایبەتە بۆ گۆڕینی تەمەن و زیادکردنی کاریگەرییەکانی دەمووچاو. لەم ماوەیەی دوایدا بە دەیان هەزار بەکارهێنەری پەیدا کرد و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ بوون لە وێنە درووستکراوەکانی ئەپەکە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ