ئەپڵ

ئەپڵ ڕێکەوتی بەردەستکردنی کارتی بانکی Apple Card ـی ئاشکراکرد

چەند مانگێک تێپەڕیوە بەسەر ڕاگەیاندنی کارتی بانکی Apple Card لە لایەن ئەپڵەوە، لەو کاتەوەی کۆنگرەی WWDC 19 ئەنجامدرا. لە کۆنگرەکەدا ئەپڵ هیچ ئاماژەیەکی بە ڕێکەوتی بەردەستکردنی کارتە بانکییەکە نەکرد، بەڵام ئەمڕۆ کۆمپانیاکە ڕێکەوتی بەردەستکردنی کارتە بانکییەکەی ئاشکراکرد.

تیم کوک بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئەپڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا بەم شێوەیە ڕێکەوتی بەردەستکردنی کارتی بانکی Apple Card ـی ئاشکراکرد:

بە هەزاران کارمەندی ئەپڵ کارتی بانکی Apple Card بەکار دەهێنن و ڕۆژانە بە بەردەوامی کارتە بانکییەکە لە ژێر تاقیکردنەوەدایە و لە مانگی 8 ـی ئەمساڵدا لە ئەمریکا بەردەست دەکرێت.

ڕاگەیەندراوەکەی تیم کوک بە بێ ئاشکراکردنی ڕێکەوتێکی دیاریکراو بوو بۆ بەردەستکردنی کارتەکە، بەڵام هیچ نەبێت دڵنیا بووینەوە کە لە مانگی داهاتوودا کارتە بانکییەکە بەردەست دەکرێت.

کارتی بانکی Apple Card بە شێوەی دیجیتاڵی و فیزیایی بەردەست دەکرێت، لەسەر کارتەکە هیچ کام لە ژمارەی کارت، کۆدی CVV، ڕێکەوتی بەسەرچوون و زانیارییە کەسییەکان بوونیان نییە. بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە کاتی ئەنجامدانی کڕینەکاندا کارتەکە ژمارەیەکی تایبەت بە خۆی وەردەگرێت.

کۆمپانیای Goldman Sachs درووستکەری کارتی بانکی Apple Card بەڵێنیدا کە هیچ کەسێک ناتوانێت بزانێت شوێنی کڕینەکان، کاڵا کڕدراوەکان و بڕی سەرفکراو بۆ کڕینی کاڵاکان ببینێت. هەروەها لە ڕابردوودا کۆمپانیاکە پشتڕاستی کردەوە کە کارتە بانکییەکە لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان بەدەر لە ئەمریکا بەردەست دەکرێت.

سەرچاوە :

31 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
841